دەسەڵاتەكانی كۆسرەت رەسوڵ و ئەنجومەنەكەی، بەپێی پەیڕەوی پێشنیازكراو

كەركوك/ نیسانی 2014/ كۆسرەت رەسوڵ، سەرپەرشتی هێزی پێشمەرگە دەكات لە گوندی وەحدە و سەعد لە سنوری داقوق دژ بە چەكدارانی داعش فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

كۆسرەت رەسوڵ و ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی. دەسەڵاتەكانیان زیاتر پێشنیار و راسپاردە دەبێت بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی، لەگەڵ دابەشكردنی خەڵات و رێزلێنان، ئەوەش بەپێی پەیڕەوی پێشنیازكراو كە هێشتا پەسەند نەكراوە.

كۆسرەت رەسوڵ، ئێوارەی ئەمڕۆ شەممە 21ی كانونی یەكەم، لە كۆنگرەی چوارەمی یەكێتی، بە سەرۆكی ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی هەڵبژێردرا و بڕیارە هەشت كەسیش وەكو ئەندامی ئەو ئەنجومەنە بە دەنگدان دیاریبكرێن.

بەپێی پەیڕەوی پێشنیازكراو كە لە یەكەم رۆژی كۆنگرەدا بەشێكی كەمی دەنگی لەسەر درا، ئەنجومەنی باڵای سیاسی یەكێتی كە كۆسرەت رەسوڵ سەرۆكایەتی دەكات، ئەم ئەرك و دەسەڵاتانەی دەبێت.

یەكەم: پێشنیاركردن و دەربڕینی بۆچونیان دەربارەی پڕۆژە یاسا بۆ فراكسیۆنەكانیان لە پەرلەمانی عیراق و هەرێمی كوردستان، ئەوەش لەڕێی ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی یەكێتییەوە.

دووەم: پێشنیاركردنی رێسا بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی.

سێیەم: پێشكەشكردنی راسپاردە لە چوارچێوەی راوێژی سیاسی دەربارەی پێشهاتە سیاسییەكانی پەیوەست بە كاروباری یەكێتی.

چوارم: دابەشكردنی خەڵات و رێزلێنان دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی سەرۆكایەتییەوە بڕیاری لێدەدرێت.

پێنجەم: ناوەندگیری بۆ ئەو گرفت و كێشانەی روبەڕوی هەڤاڵانی یەكێتی دەبنەوە.

شەشەم: پێشنیازكردنی رێكارەكاتی چارەسەركردنی ئەو قەیرانانەی دەگەنە خاڵی بنبەست و چەقبەستوو بۆ ئەنجومەنی سەركردایەتی گشتی.

هێشتا ئەم خاڵانە لە كۆنگرەدا پەسەندنەكراون و تەنیا پێشنیازن، ئەوەش لەكاتێكدایە پۆستی ئەنجومەنی باڵای سەركردایەتی یەكێتی، لە پەیڕەوەكەدا بەناوی دەستەی پاراستنی قەوارەی یەكێتی، یان ئەنجومەنی باڵای دانایان بوو، بەڵام بەر لە كۆنگرەدا ناوەكەی بۆ ئەنجومەنی باڵای سەركردایەتی یەكێتی گۆڕدرا.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT