كەركوك هەفتەیەكی خوێناوی بەڕێكرد... پێنج هێرش و 11 كوژراو

تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا 11 كوژراوی مەدەنیی و هێزە ئەمنییەكان لە كەركوك تۆماركراون فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

پێنج هێرشی جۆراوجۆر لە كەركوك بونەتەهۆی كوژرانی 11 كەس لە مەدەنیی و هێزە ئەمنییەكان، ئەوەش تەنیا لە ماوەی هەفتەیەكدا كە بەهۆیەوە زیاتر لە 10 كەس برینداربون.

ئەو روداوانە لە پارێزگای كەركوك و لە ماوەی هەفتەیەكدا، دیارترینیان موشەكبارانكردنی سەربازگەی كەی وەن بوو، لەگەڵ بە ئامانجگرتنی كێڵگەی نەوتی خەبازە و كوشتنی پێنج كەسی یەك خێزان بوو لە بازگەیەكی وەهمیدا.

هێرش بۆ سەر نەوتی خەبازە

لە 24ی كانونی یەكەم، له‌ هێرشێکی چه‌کداریدا، پۆلیسێک کوژراو سانی دیکه‌ش برینداربون، ئەوەش له‌ کێڵگه‌ی نه‌وتی خه‌بازه‌ له‌ قه‌زای دوبزی پارێزگای که‌رکوک.

بەپێی سه‌رچاوه‌یه‌کی ئه‌منی بۆ‌ (که‌رکوک ناو)ی وت "چه‌کدارانی داعش هێرشەكەیان كردۆتەوە سه‌ر بیره‌ نه‌وتی ژمارە 14ی كێڵگەكە و به‌هۆیه‌وه‌ پۆلیسێک شه‌هید بووه‌ و سێ پۆلیسی تر برینداربون".

لەوكاتەدا تەنیا چوار پۆلیس له‌و بیره‌ نه‌وتییه‌دا له‌ ئه‌رکدا بون و تەقەكەرەكانیش هەڵاتون.

دوو چەكداری حەشدی شەعبی كوژران

ژمارەیەك چەكدار، لە 25ی كانونی یەكەم، بەنارنجۆك و چەكی سوك، هێرشیانكردە سەر خاڵێكی حەشدی شەعبی لە گوندی عەلاوە مەحمود لە رۆژئاوای كەركوك، بەهۆیەوە دوو چەكداری حەشد كوژران. کەریم عزی، لێپرسراوی راگەیاندنی حشدی شەعبی ئیمامین، پێیوایە چەكدارانی داعش بەو هێرشە هەستاون.

لە بازگەیەكی وەهمی، پێنج كه‌سی یەك خێزان كوژران

لە 26ی كانونی یەكەم، پێنج كەسی خێزانێك كوژران، دوای ئه‌وه‌ی له‌ رێگای سه‌ره‌كی نێوان كه‌ركوك و تكریت كه‌وتنه‌ بۆسه‌یه‌كی چه‌كدارییه‌وه‌ كە بازگەیەكی وەهمیان دانابوو.

ئۆتۆمبێلی ئەو خێزانە له‌سه‌ر رێگای هاتوچۆی كه‌ركوك – تكریت راگیرابون و دواتر ده‌ستڕێژی گولـله‌یان لێكراوه‌.

عه‌قید موعه‌مه‌ر مورته‌زا، به‌ڕێوه‌به‌ری پۆلیسی ناحیه‌ی ره‌شاد له‌ كه‌ركوك به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "ژماره‌یه‌ك چه‌كداری داعش بازگه‌یه‌كی وه‌همییان له‌سه‌ر ئه‌و رێگایه‌ داناوه‌ و ئه‌و ئۆتۆمبێله‌یان راگرتووه‌ كه‌ خێزانێكی مه‌ده‌نی تێدا بووه‌... هه‌ر له‌وێدا، ده‌ستبه‌جێ ده‌ستڕێژی گولـله‌یان له‌ سه‌رنشینه‌كانی نێو ئۆتۆمبێله‌كه‌ی كردووه‌، كه‌ پێنج كه‌س بون و هه‌مویان كوژراون، له‌ نێویاندا ژن هه‌یه‌".

هێرشكرایە سەر هێزەكانی ئەمریكا

له‌ڕێی چه‌ند گولـله‌ هاوه‌نێكه‌وه‌، شه‌وی 27ی كانونی یه‌كه‌م، بۆردومانی سه‌ربازگه‌ی كه‌ی وه‌ن كرا له‌ شاری كه‌ركوك و به‌هۆیه‌وه‌، بەڵێندەرێكی ئەمریكی كوژراو چواری تریش برینداربون. لەگەڵ برینداربونی دوو چەكداری هێزە ئەمنییەكانی عیراق.

ئەو هێرشەی سەربازگەی كەی وەن عیراقی بردە قۆناغێكی تری ململانێی نێوان ئەمریكاو ئێران لەناوچەكە. ئەمریكا شەوی رابردوو 20ی كانونی یەكەم، بۆردومانی سێ بنكەی حزبوڵای سەر بە حەشدی شەعبی كرد لەناو خاكی عیراق. ئەوەش لە تۆڵەی هێرشەكەی سەر سەربازگەی كەی وەن.

كوڕ و باوكێك كوژران

دواین روداوی توندوتیژی لە كەركوك، كوژرانی كوڕ و باوكێك بون لە ناوەندی شاری كەركوك. بەڵام روداوەكە وەك ئەوەی پۆلیس باسی دەكات پەیوەندی بە كێشەی نێوان دوو بنەماڵەوە هەبووە.

روداوەكە کاتژمێر 10:40 خولەكی شەوی 29ی كانونی یەكەم رویدا، كاتێك دەستڕێژی گولـلە لە ئۆتۆمبێلێكی جۆری كرۆنا كرا، بەهۆیەوە كوڕ و باوكێك دەستبەجێ كوژران و هاوژینەكانیان برینداربون.

ئۆپەراسیۆنێكی فراوان

هێزە عیراقییەكان لە چەند قۆڵێكەوە و لە رۆژی یەكشەممە 29ی كانونی یەكەمەوە، ئۆپەراسیۆنێكی فراوانیان دەستیپێكردووە، بە ئامانجی دەستگیركردنی داواكراوان و نەهێشتنی پاشماوە و مۆڵگەكانی داعش. ئۆپەراسیۆنەكە بەشێكی پارێزگای سەڵاحەدین دەگرێتەوە و لەئێستاشدا لە رۆژئاوای كەركوك بەردەوامی هەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT