لە خانەقین دەژیت و دەچیت بۆ سەیران؟ ئاگاداری مین بە

خانەقین/19ی كانونی دووەمی 2020/ تیمێك لە چالاكوانان ئەو ناوچانە دیاریدەكەن كە مین و پاشماوەی جەنگی لێیە فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

هاوڕێ ئازاد – خانەقین

لە خانەقین چالاكوانان و رێكخراوەكان هۆشداریی دەدەنە هاوڵاتیان، لە بونی مین و تەقەمەنی سەردەمی شەڕی عیراق – ئێران لانیكەم لە 60 شوێنی ناوچەكە.

ئەو هۆشدارییە هاوكاتە لەگەڵ وەرزی بارانبارین و دەركەوتنی مینەكان و پاشماوەكانی جەنگ بەهۆی بارانی بەخوڕەوە. لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی بەهار و چونە دەرەوەی خەڵك لە ماڵەكانیان بۆ سەیران.

محسن موراد مایخان، لێپرسراوی تیمەکانی ھۆشیاری لەسەر مین و تەقەمەنیی و دیاریکردنی ناوچە مەترسیدارەکان لە رێکخراوی کارکردن لەپێناو ئاشتی لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "تەنیا لە ماوەی ساڵی ٢٠١٩دا تاکو سەرەتای ئەمساڵ ٦٠ شوێنمان لە گوندەکانی خانەقین ئاشكراكردووە کە مین، تەقەمەنیی و پاشماوەكانی تری جەنگی لێجێماوە".

هەروەها وتی "دەیان كێڵگەی مین و تەقەمەنی تر كە پێشتر لە خانەقین دیاریكراون پاكنەكراونەتەوە و حكومەت بەپێی پێویست هەوڵی پاككردنەوەی نەداوە".

دەیان كێڵگەی مین و تەقەمەنی تر كە پێشتر لە خانەقین دیاریكراون پاكنەكراونەتەوە

ئەو مین و پاشماوانەی جەنگ، بەپێی رێكخراوەكە دەگەڕێتەوە بۆ شەڕی هەشت ساڵەی عیراق -  ئێران لە 1980 – 1988.

دیالە یەكێك بوو لەو پارێزگایانەی كە زۆرترین پریشكی ئەو شەڕەی بەركەوت.

رێکخراوی کارکردن لەپێناو ئاشتی لە خانەقین، لە ساڵی 2008ەوە لە هەڵمەتی هۆشیاركردنەوە بەردەوامن، ئەوەش لەڕێی خول و بەشدارپێكردنیان لە چالاكییەكاندا. بەتایبەت لەنێو ئاوارەكان.

"ئەو 60 شوێنەی دیاریمانكردون حاڵەتی واهەبووە لە نزیك كەمپی ئاوارەكان بووە"، محسن موراد وایوت.

ئەو گرفتە جگە لە خانەقین، چەند ناوچەیەكی تری گرتۆتەوە.

minn
خانەقین/19ی كانونی دووەمی 2020/ پاشماوەیەكی جەنگ لە گوندێكی قەزای خانەقین فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

بەپێی ئامارێكی ئیدارەی ناحیەی مەندەلی كە دراوە بە (كەركوك ناو)، لە سنوری ئەو ناحیەیە زیاتر لە یەك ملیۆن مین و تەقەمەنی پاشماوەی جەنگی عیراق_ئێران ماوە.

ناحیەی مەندەڵی، دەكەوێتە رۆژهەڵاتی پارێزگای دیالە‌ و ناوچەیەكی جێناكۆكە بەپێی ماددەی 140 لە نێوان هەردوو حكومەتی عیراق‌ و هەرێمی كوردستان، دانیشتوانەكەی لە عەرەب‌ و كورد پێكهاتوون.

تەنیا لەو ناحیەیە و بەهۆی مینەوە، لە ساڵی 2003وە شەش هاوڵاتی گیانیانلەدەستداوە و 11ی تر برینداربون، هەر بەپێی ئاماری ئیدارەی ناحیەكە.

بەناز حەسەن هاوڵاتی خانەقین، بە (کەرکوک ناو)ی وت "لەکاتی گەشتکردنمان بۆ ناوچەکانی دەوروبەری خانەقین گولـلە ھاوەنمان دۆزیوەتەوە، بۆیە بەخێرایی ئەو ناوچەیەمان چۆڵكردووە، تاکو منداڵەکانمان دەستکاریی نەکەن".

تیمەکانی رێکخراوی کارکردن لەپێناو ئاشتی، لەگەڵ نزیكبونەوەی وەرزی بەهار و گەشتكردنی خەڵك بۆ گوند و دەشتەكان، لەبازگە و شوێنەكانی دەرەوەی شار پۆستەریان هەڵواسیوە و نامیلكەی هۆشیاریی بڵاودەكەنەوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT