"بڕیاری روخاندن"ی شوێنی كاری 200 كاسبكاری كەركوك دەردەچێت

كەركوك/هاوینی 2017/ بازاڕی ئەحمەد ئاغا فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

دەیان كاسبكار كە نوێنەرایەتی لانیكەم 200 دوكاندار دەكەن لە خۆپیشاندانێكدا دژایەتی خۆیان نیشاندا، دژی بڕیاری چۆڵكردنی دوكان و كۆشەكانیان، ئەوەش بە بڕیاری ئیدارەی كەركوك و وەزارەتی بازرگانی.

ئەو خۆپیشاندانە كە لەبەردەم بینای پارێزگای كەركوك پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 21ی كانونی دووەم بەڕێوەچوو، دوای ئەوە دێت كە لەلایەن فەرمانگەی دانەوێڵكەی كەركوكەوە ئاگاداركراونەتەوە كە دوكانەكانیان چۆڵبكەن و شوێنەكەیان بڕیارە بكرێتە بینایەكی بازرگانی.

ئیبراهیم کەریم، یەكێك لە كاسبكارەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "زیاتر لە 25 ساڵە لەو شوێنە كاردەكەین، هاتوینەتە بەردەم پارێزگا بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە ناتوانین ئەو شوێنە چۆڵبكەین و بژێوی ژیانمان ببڕێت".

هاتوینەتە بەردەم پارێزگا بۆ ئەوەی بڵێین ئێمە ناتوانین ئەو شوێنە چۆڵبكەین و بژێوی ژیانمان ببڕێت

ئەو شوێنە كە بە دوكانەكانی گەراجی لەیلان، یان گەراجی شۆڕیجە ناسراوە، لە 120 دوكان و 80 كۆشك پێكهاتووە و موڵكی وەزارەتی بازرگانی عیراق.

عەلى ئەنوەر، یەكێكی تر لە خۆپیشاندەرەكان و كاسكبارێكی تری گەراجی لەیلان، وتی "چەند رۆژێک بەر لەئێستا سێ کەس بەناوى فەرمانگەی دانەوێلەی کەرکوکەوە هاتن و پێیانوتین دەبێت چۆڵی بكەن".

نوێنەری كاسبكارەكان بۆ ئەو مەبەستە چوونە فەرمانگەی دانەوێڵە و لەوێ پێیانوترا كە چۆڵكردنی شوێنەكە بڕیاری وەزارەتی بازرگانییە و لە بەغداوە ئاراستەیان كراوە.

xopishandan-4
كەركوك/21ی كانونی دووەمی 2020/ خۆپیشاندانی كاسبكارانی گەراجی لەیلان دژی بڕیاری چۆڵكردنی دوكانەكانیان فۆتۆ: كەركوك ناو

ساڵانە ئەو دوكانانە دەخرانە زیادكردنی ئاشكراوە و ساڵی رابردوو مانگانە 105 هەزار لە دوكاندارەكان وەردەگیرا. بەڵام ئەمساڵ ئەوەش نەكراوە و فەرمانگەی دانەوێڵەی داوایكردووە لە ماوەی هەفتەیەكدا چۆڵی بكەن.

(كەركوك ناو)، نەیتوانی بە تەواوی بڕیاری روخاندنی ئەو شوێنە و كردنی بە مۆڵێكی بازرگانی پشتڕاستبكاتەوە، بەڵام خۆپیشاندەران جەختیان لە بونی بڕیارێكی لەو شێوەیە كردەوە.

"داواكارم، حكومەت لێمانگەڕێت لەم شوێنە بژێوی ژیانی خۆمان دابینبكەین"، نەعمان حەمید، كاسبكارێكی تر وایوت.

داواكارم، حكومەت لێمانگەڕێت لەم شوێنە بژێوی ژیانی خۆمان دابینبكەین

نەجات حوسێن، ئەندامى پێشوی ئەنجومەنى پارێزگاى کەرکوک كە لەگەڵ خۆپیشاندەران كۆبۆوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوسراوێکمان ئامادەکردووە بۆ ئیدارەی پارێزگا، تاكو هەوڵبدات پڕۆژەی دروستكردنی بینای بازرگانی لەو شوێنە رابگرێت، چاوەڕوانین پارێزگای كەركوك واژۆی بكات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT