فەیسبوك؛ جوتیارێكی كورد و پەرستارێكی ئەمریكی بەیەك دەگەیەنێت

نەبیل رەمەزان (29 ساڵ) خەڵكی كەركوك و سیڤى ئانا (47 ساڵ) خەڵكی شیكاگۆی ئەمریكا، دوای پێنج ساڵ پەیوەندی خۆشەویستی لەڕێی فەیسبوكەوە بڕیاری زەماوەندیان داوە فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كەركوك

نەبیل رەمەزان (29 ساڵ)، جوتیارە لە گوندی عەبدوڵا غانم لە قەزای داقوق، هەفتەی رابردوو پێشوازی لە خۆشەویستەكەی كرد كە لە شاری شیكاگۆی ئەمریكاوە بۆ بینینی نەبیل هاتۆتە عیراق.

ئەم پەیوەندییە پێنج ساڵ لەمەوبەر و لەڕێی تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوكەوە دروستبووە، تا هەفتەی رابردوو بۆ یەكەمجار لە هەولێر بەیەك گەیشتن و لەوێشەوە بەرەو كەركوك و دواتر گوندی عەبدوڵا غانم بەڕێكەوتن.

سیڤى ئانا (47 ساڵ)، كریستیانە و پیشەی پەرستارە، 16ی ئەم مانگە لەنێو ئۆتۆمبێلێكدا كە نەبیل شۆفێری دەكرد، ڤیدیۆیەكی بڵاوكردەوە و بە پێكەنینەوە گوێیان لە گۆرانییەكی ئەحمەد شەماڵ دەگرت كاتێك نزیكدەبونەوە لە دەشتاییەكانی قەزای داقوق.

نەبیل رەمەزان بە (كەركوك ناو)ی وت "ماوەى پێنج ساڵە لە رێگاى تۆڕى کۆمەڵایەتى فەیسبوکەوە پەیوەندیمان دروستكردووە، زمانی ئینگلیزی بەباشی دەزانم و پێكەوە قسەمان كرد. دواتر دەعوەتی عیراقم كردو ئەویش رازی بوو".

ئینگلیزی بەباشی دەزانم و پێكەوە قسەمان كرد. دواتر دەعوەتی عیراقم كردو ئەویش رازی بوو

سیڤى ئانا، كە لە گوندێكی شیكاگۆ لەگەڵ باپیری دەژیت، پەرستارە لە یەكێك لە نەخۆشخانەكانی شیكاگۆ، 15ی ئەم مانگە گەیشتە هەولێر و رۆژی دواتر لەگەڵ نەبیل پێكەوە گەیشتنە داقوق.

"بۆ بینینی من و سەردانی دایكم هاتووە، بۆ دوو هەفتە دەمێنێتەوە و پاشان دەگەڕێتەوە ئەمریكا"، نەبیل زیاتر وتی "كاتێك لە هەولێر بینیم زۆر دڵخۆشبوو، تێگەیشت كە من بەڕاستی خۆشمەدەوێت و راستگۆم".

نەبیل رەمەزان، دەرچوی كۆلێژی كارگێڕی كارە، بەڵام كاری جوتیاری دەكات لە گوندی عەبدوڵا غانم.

باپیری سیڤى ئانا سەرەتا رێگریكردووە لەوەی كچەزاكەی سەردانی عیراق بكات، ئەوەش بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە، بەڵام دواتر رەزامەندی نیشانداوە، وەك نەبیل وتی.

باپیری سیڤى ئانا سەرەتا رێگریكردووە لەوەی كچەزاكەی سەردانی عیراق بكات، بەهۆی خراپی دۆخی ئەمنییەوە

ئەو كچە چوار رۆژ لە گوندی عەبدوڵا غانم مایەوە لە داقوق، وێنەی لەگەڵ خەڵكی گوندەكە و منداڵان دەگرت و بەشێكی لەڕێی نەبیلەوە دەست (كەركوك ناو) كەوت.

نەبیل وتی "من خۆشمدەوێت، دەمەوێت زەواج بكەین و هەردوكمان بەوە رازین، بەڵام هێشتا گفتوگۆی كات دەكەین".

سیڤى ئانا، 20ی مانگ گەڕایەوە هەولێر و ئامادەكاریی دەكات بۆ گەڕانەوەی بۆ ئەمریكا.

"بەڵێنمانداوە لە گوندى عەبدوڵا غانم پێكەوە بژین و زەماوەند بكەین و خێزان پێكبهێنین"، ئەمە دوا رێككەوتنی نێوان نەبیل و سیڤى ئانایە لە هەولێر بەرلەوەی هەردوكیان بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT