دوو هەفتە لەشاری قوم بون
چوار كەسی خێزانێك لە كەركوك توشی كۆرۆنا بون

دیمەنێك لە شاری كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

وەزارەتی تەندروستی عیراق توشبونی چوار كەسی بە ڤایرۆسی كۆرۆنا لە كەركوك راگەیاند، ئەوەش لە بەیاننامەیەكدا كە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 25ی شوبات بڵاویكردۆتەوە. هاوكات تەندروستی كەركوك جەختیكردەوە لەوەی ئەو خێزانە دوو هەفتە لەشاری قوم بون و هەشت رۆژە گەڕاونەتەوە. رێكاری تەواو لە بەرامبەریاندا گیراوەتەبەر.

لە راگەیەنراوەكەی وەزارەتدا هاتووە "ئەو خێزانە دوای گەڕانەوەیان لە ئێرانەوە خراونەتە ژێر چاودێریی و پشكنینی پزیشكیان بۆ كراوە، لەئەنجامدا دەركەوتووە كە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان".

ئەوەش هاتووە "ئێستا ئەو چوار هاوڵاتییە لە شوێنێكی دابڕاودا دانراون و هەموو رێكارێك گیراوەتەبەر بۆ مامەڵەی تەندروستی، لەگەڵ هەموو ئەوانەی لەم ماوەیە لەگەڵ ئەو خێزانەدا پەیوەندیی و تێكەڵاوییان هەبووە".

دكتۆر مونزیر نەعمان، لێپرسراوی بەشی نەخۆشییە گوازراوەكان له‌ فه‌رمانگه‌ی تەندروستی كەركوك، لەبارەی ئەو خێزانەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو خێزانە پێنج كەسن، دوو هەفتە لەشاری قوم بون لە ئێران و هەشت رۆژە گەڕاونەتەوە. بەڵام دوێنێ دووشەممە  24ی شوبات هاتونەتە نەخۆشخانە و خراونەتە ژێر چاودێرییەوە".

ئەو خێزانە پێنج كەسن، دوو هەفتە لەشاری قوم بون لە ئێران و هەشت رۆژە گەڕاونەتەوە

وتیشی "وەزارەتی تەندروستی عیراق ئاگاداری كردینەوە كە چوار لەو خێزانە پێنج كەسییە هەڵگری ڤایرۆسی كۆرۆنان، كە ژن و پیاوێك و دوو منداڵن".

ئەو خێزانە لە گەڕەكی وەحدەی شاری كەركوك نیشتەجێن.

لێپرسراوی بەشی نەخۆشییە گوازراوەكانی فەرمانگەی تەندروستی كەركوك وتیشی "لە نەخۆشخانەی كەركوك بەشێكی تایبەت بۆ كۆرۆنا كراوەتەوە و ئەو خێزانە لەوێ لەژێر چاودێریدان".

جەختیشیكردەوە لەوەی "هەموو ئەوانەی پەیوەندیی و تێكەڵاوییان لەگەڵ ئەو خێزانەدا هەیە، پێویسته‌ بخرێنە ژێر چاودێرییەوە و پشكنینان بۆ ئەنجام بدرێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT