ئوسامەی سێ ساڵ؛ بەتەنیایی لە ئوتێلێكدا جێهێڵدرا

كەركوك/ ئاداری 2020/ ئوسامە دوای ئەوەی لەلایەن باپیرییەوە لە ئۆتێلێك جێهێڵدرا، ئێستا لای موختاری گەڕەكی قۆریەیە فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد – كەركوك

ئێوارەیەكی درەنگ، پیاوێكی بەتەمەن لەگەڵ كچەزا سێ ساڵ و نیوەكەیدا، دەچێتە ئۆتێلێكی كەركوك و شەو لەوێ دەمێننەوە، بەرەبەیانی رۆژی دواتر منداڵەكە لە ژورێكی تەنیای ئۆتێلەكەدا جێیدەھێڵێت و ناگەڕێتەوە. لەوكاتەوە چارەنوسی ئوسامەی سێ ساڵ و نیو دەكەوێتە دەست قەدەرێكی نادیار.

ئوسامە تەمەنی تەنیا سێ مانگ و كاتێك دایكی بە بۆردومانی فڕۆكە لەموسڵ كوژرا، باوكیشی كە یاریدەدەری پزیشك بوو كاتێك داعش قەزای حەویجەی لە باشوری خۆرئاوای كەركوك گرت، ئیتر چارەنوسی نادیارە. بەو هۆیەوە ئوسامە لای باپیری (باوكی دایكی) دەمێنێتەوە.

ئەحمەد لەگەڵ ئوسامەی كچەزای 5ی ئادار چونە ئۆتێلی ئەجراس لە شەقامی ئەحمەد ئاغا لە ناوەڕاستی شار كەركوك و بەیانی هەینی 6ی ئادار بەتەنیا جێهێڵدرا.

غازی حوسێن، لە بەشی پێشوازی ئۆتێلەكە وتی "بەیانی زوو بە بیانوی خواردن، ئەحمەد چووە دەرەوە و منداڵەكەی لە ژورەوە جێهێشت، ئێمەش بەهۆی ئەوەی پێشتر ژمارەكەیمان لێ وەرگرتبوو، تەلەفونمان بۆ كرد، وتی: پێنجی ئێوارە دەگەڕێمەوە".

دوای ئەوە باپیری ئوسامە مۆبایلەكەی دادەخرێت و كارمەندانی ئۆتێلەكەش پۆلیس ئاگاداردەكەنەوە.

ژورەكەی ئوسامە و باپیری لە ئۆتێلی ئەجراس، لە سێ قەرەوێڵە و تەلەفیزیۆنێك پێكهاتووە و بەگشتی ئۆتێلەكە شوێنی مانەوەی ئەو كرێكارانەیە كەلەشارەكانی ترەوە بۆ كاركردن لەكەركوكن.

hotel

كەركوك/ ئاداری 2020/ ئۆتێل ئەجراس كە ئوسامەی تێدا جێهێڵدرا فۆتۆ: سۆران محەمەد

پۆلیسی قۆرییە هەمان رۆژ دەچنە ئۆتێلەكە و منداڵەكە لەگەڵ خۆیان دەبەن و كەیەسكە رادەستی دادگا دەكەن. دادوەر بڕیاردەدات ئوسامە رادەستی موختاری گەڕەکەکە بکات تا كەیسەكەی یەكلاییدەبێتەوە.

پاش دوو رۆژ لە جێهێشتنی كچەزاكەی، ئەحمەد بۆ هەمان ئۆتێل دەگەڕێتەوە و سۆراغی كچەزاكەی دەكات. دواتر ئەویش رادەستی پۆلیس دەكرێت و لە ئێستادا دەستبەسەرە.

یاوەر ئاڵاوێری، موختاری گەڕەکی قۆرییە، كە ئێستا ئوسامە لەماڵی ئەواندا ماوەتەوە، وتی "دادوەر رەزامەندی نیشاندا كە منداڵەكە لای ئێمە بمێنێتەوە... منداڵێكی بێدەنگە، زۆر ژیر و عاقڵە، پیاو ببینێت پێی دەڵێت باوە و ژن ببینێت پێی دەڵێت دایە".

منداڵێكی بێدەنگە، زۆر ژیر و عاقڵە، پیاو ببینێت پێی دەڵێت باوە و ژن ببینێت پێی دەڵێت دایە

ئوسامە لە ماڵی یاوەر خەریكی یاریكردنە بەو كەلوپەل و یارییانەی بۆیان كڕیوە. زۆرینەی كات سەرقاڵی یاریكردنە.

"ئێمە وەها لە دۆخی ئوسامە تێگەیشتوین كە دایکی ئوسامە بە بۆردومانی فڕۆكە لە موسڵ کوژراوە، باوکیشی بێسەروشوێنە"، یاوەر وایوت.

یاوەر خۆی چۆتە لای باپیری ئوسامەو پرسیاری لێكردووە بۆچی جێتهێشتووە، ئەویش وتویەتی "توانی بەخێوکردنیم نییە و دەمەوێت کەسێک بەخێوی بکات".

بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو)، تەنیا لەم ئەمساڵدا 12 حاڵەتی فڕێدانی منداڵ لە کەرکوک تۆمار کراوە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT