چەند بڕیارێك لە شانەی قەیرانەكانی كەركوكەوە

كه‌ركوك، ئاداری 2020، هه‌ڵمه‌تی بڵاوكردنه‌وه‌ی هۆشیاری ده‌رباره‌ی كۆرۆنا فۆتۆ: وه‌قفی سونی

كەركوك ناو

شانەی قەیرانەكانی كەركوك بۆ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا بڕیاریدا لە سبەی یەكشەممەوە هاتوچۆی نێوان پارێزگای كەركوك و پارێزگاكانی تر قەدەغە بكرێت. لەگەڵ داخستنی چەند بازاڕێك و تەواوی مۆڵە بازرگانییەكان.

ئەو بڕیاریانە لە كۆبونەوەیەكیاندا هات كە ئەمڕۆ شەممە 14ی ئادار بەڕێوەچوو، تیایدا بۆ خۆپاراستن لە ڤایرۆسی كۆرۆنا نۆ بڕیار دەركرا و داوا لە هاوڵاتیان و لایەنە پەیوەندیدارەكان كرا پێوەی پابەندبن.

بەپێی راگەیەنراوێكی كۆبونەوەكە تیایدا جەختكراوەتەوە لەوەی لە سبەی یەكشەممە 15ی ئادارەوە تا 25ی ئادار هاتوچۆی كەركوك و پارێزگاكانی تر قەدەغەدەكرێت.

هەروەها بازگەكان راسپێردراون بەوەی رێگەی گەشت و سەیران بە هاوڵاتیان نەدەن تا 25ی ئادار و لەناو شاریشدا چەند بازاڕێك دادەخرێن لەپێناو دروستنەبونی قەرەباڵغی، لەنێویاندا بازاڕی قەڵا، قۆرییە، حەسیرەکە، سەر دۆمیز و سەر پردەكە.

بازگەكان راسپێردراون بەوەی رێگەی گەشت و سەیران بە هاوڵاتیان نەدەن

بڕیارشدراوە بە داخستنی تەواوی مۆڵە بازرگانییەكان، تەنیا ئەو شوێنانە نەبێت كە خۆراك دەفرۆشن.

لەخاڵێكی تری بڕیارەكاندا جەختكراوەتەوە لەوەی دەوامی بەش و فەرمانگەكانی سەر بە تەندروستی بە ریژەی لەسەدا 100 دەبێت، بۆ جێبەجێكردنی ئەوەش لێپرسراوی فەرمانگە و بەشەكان لێپرسراوێتی ئەو بڕیارە هەڵدەگرن.

kirkukkk
كه‌ركوك، هاوینی 2019، ناوه‌ندی شاری كه‌ركوك فۆتۆ: بنار سه‌ردار

بڕیارێكی تری شانەی قەیرانەكان تایبەتە بە چێشتخانەکان و لەمەودوا بۆیان نییە پێشوازی لە میوانەكان بكەن بۆ ناو چێشتخانەكانیان، تەنیا دەتوانن بەشێوەی دیلیڤەری (سەفەری) خواردن پێشكەش بكەن.

یەكێك لە خاوەن چێشتخانەكان لە كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئاگاداركراوینەتەوە كە دانیشتن لەناو چیشتخانەكان قەدەغەیە و ئەوەی پێوەی پابەندنەبێت، شەش ملیۆن دینار سزادەدرێت". بۆ ئەو مەبەستەش پەنجە مۆریان پێكردون.

تائێستا لە پارێزگای كەركوك حەوت حاڵەتی كۆرۆنا تۆماركراوە كە شەشیان بەتەواوی چاكبونەتەوە و نەخۆشخانەیان جێهێشتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT