یەكێكیان وەرزشەوانێكی دێرێنە
لە ماوەی 24 كاتژمێردا دوو كەس كۆتاییان بەژیانی خۆیان هێنا

موهەنەد عەلى موراد (51 ساڵ)، سێیەم كەس لەدەستی راستەوە

كاروان ساڵحی – كەركوك

موهەنەد عەلى موراد (51 ساڵ)، وەرزشەوانی دێرینی شاری كەركوك، لەماڵەكەی خۆی لە گەڕەكی شاترلۆ كۆتایی بەژیانی خۆی هێنا، ئەوەش دووەم حاڵەتی خۆكوشتنە لەماوەی 24 كاتژمێری رابردودا لەو شارە.

بەیانى ئەمڕۆ یەكشەممە 5ی نیسان، پۆلیسی رەحیماوا لە حاڵەتێكی خۆكوشتن ئاگاداركرانەوە و بەشی نەهێشتنی تاوان چونە ماڵی موهەنەد عەلی و تەرمەكەیان هەڵگرتەوە.

سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك، بە (كەركوك ناو)ی وت "تیمەکانى بنکەى رەحیماوا گەیشتنە شوێنى روداوەکەو لە لێكۆڵینەوەدا دەرکەوتووە موهەنەد عەلی خۆی هەڵواسیوە و خۆی خنكاندووە".

موهەنەد، خێزاندارە و فەرمانبەرى فەرمانگەى کارەبایە. هەروەها یەكێكە لە وەرزشەوانە دێرینەكانی كەركوك.

سەباح حەسەن، سەرۆکى لقى کەرکوکى یەکێتى گۆڕەپان و مەیدان، لەبارەی موهەنەدەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "یاریزانى دێرینى گۆڕەپان و مەیدان بوو، یارى بۆ هەڵبژاردەى قوتابخانەکانى عیراق کردووە، هەروەها بۆ هەڵبژاردەى کەرکوک و یانەى سەورە یارى کردووە".

زیاتر وتی "تاکە یاریزان بووە سێ هەزار مەتری بڕیوە و تائێستا ئەو ریکۆردە نەشکێنراوە لەسەر ئاستی عیراق".

ئەوەش دووەم حاڵەتی خۆكوشتنە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابرودا، دوای ئەوەی کاتژمێر شەشى بەیانى شەممە 4ی نیسان، كچێكی 15 ساڵ بە لەچكەكەی كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

هنادی سامر هاشم، بەپێی سەرچاوەیەكی پۆلیس، ئەو كچە 15 ساڵانەیەیە كە لەنێو ماڵەکەى خۆیدا خۆی هەڵواسیوە و كۆتایی بەژیانی خۆی هێناوە.

سەرچاوەكە لەبارەی ئەو كەیسەوە، وتی "بەهۆى نەبونى هیچ سکاڵایەکەوە دادوەر دۆسیەكەی داخست".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT