كورد پۆستەكانی لە دیالە بەدەستنەهێناوەتەوە

دیاله‌، 2016، گه‌ڕه‌كێكی ناوه‌ندی ناحیه‌ی مه‌نده‌لی فۆتۆ: هاوڕێ ئازاد

ئەمیر خانەقینی – دیالە

حزبە كوردییەكان هێشتا نەیانتوانیوە ئەو پۆستانەی پارێزگای دیالە بەدەستبهێننەوە كە بەهۆی ریفراندۆمەوە لەدەستیانداوە. لە نێویاندا پۆستی بەڕێوەبەری هەردوو ناحیەی مەندەلیی و قەرەتەپە.

بەهۆی لێكەوتەكانی سازدانی ریفراندۆمی هەرێمی كوردستان و ناوچەكانی تری جێناكۆكەوە، كورد ژمارەیەك پۆستی باڵای لە حكومەتی خۆجێیی دیالە لەدەستدا، دوای ئەوەی پشتیگری خۆیان بۆ سازدانی ئەو پرۆسەیە نیشاندا و ئەگەری هەیە پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی جەلەولاش لەدەستبدات كە عەرەبێكی ناوچەكە لەسەر پشكی یەكێتی پۆستەكەی پێدراوە.

10 رۆژ بەر لە ئەنجامدانی ریفراندۆمی 2017، ژمارەیەك چەكداری سەر بە رێكخراوی بەدر و عەسائیب ئەهلولحەق، هەڵیانكوتایەسەر بینای بەڕێوەبەرایەتی ناحیەی مەندەلی و دەرگاكەیان داخست. دوای ئەوەی عەبدولحسێن قەڕەڵوسی، بەڕێوەبەری ناحییەكە پشتگیری خۆی بۆ ریفراندۆم نیشاندا.

عەبدولحسێن قەڕەڵوسی، بەڕێوەبەری ناحیەی مەندەلی، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئێمە پشتگیری ریفراندۆممان كرد و هەندێك لایەنیش دژی بڕیارەكە خۆپیشاندانیان سازكرد، پاشان ژمارەیەک چەکدار سەر بە بەدر و عەسائیب هەڵیانکوتایە سەر بینای ناحیەكە و دەرگای ناحیەكەیان داخست و داوای ورخستنەوەیان كردم".

دوای ئەو روداوە، ئەنجومەنی ناحیەی مەندەلی كە ئەندامێكی پارتی دیموكراتی كوردستان سەرۆكایەتی دەكرد، بڕیاریدا بەدورخستنەوەی، عەبدولحسێن قەڕەڵوسی لە پۆستەكەی.

xanaqi-3
ناوەندی قەزای خانەقین فۆتۆ: كەركوك ناو

هەرچەندە ئەوكات، پارێزگاری دیالە رەزامەندی لەسەر بڕیارەکەی ئەنجومەن نەدا، بەڵكومۆڵەتی كراوەی بۆ عەبدولحسێن قەڕەڵوسی كرد و كەسێكی تری بەوەكالەت لەو پۆستە دانا و تائێستاش عەبدولحسێن قەڕەڵوسی نەگەڕاوەتەوە بۆ سەر كار.

دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەریش كە هێزە عیراقییەكان بۆناوچەكانی جێناكۆك گەڕانەوە، كورد پۆستی بەڕێوەبەری ناحیەی قەرەتەپەی لەدەستدا.

محەمەد حاجی عومەر، لێپرسراوی کۆمیتەی یەکێتی لە قەرەتەپە، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو پۆستە پشكی كورد بوو، بەڵام بەهۆی سازدانی ریفراندۆمەوە لەدەستمانداوە و نەمانتوانیوە بەدەستیبهێنینەوە".

بەهۆی سازدانی ریفراندۆمەوە پۆستەكانمان لەدەستداوە و نەمانتوانیوە بەدەستیبهێنینەوە

جگەلەو پۆستانە، یەكێتیی و پارتی، تەواوی ئەو بارەگایانەیان لەو ناوچانە لەدەستدا كە تیایدا جێگیربون.

هەرچەندە حكومەتی خۆجێی دیالە چەند جارێك جەختیكردۆتەوە لەوەی بارەگاكان موڵكی حكومەت بون. بەڵام لەئێستادا بونەتە بارەگای هێزەكانی حەشدی شەعبی.

بەر لە سازدانی ریفراندۆم لە ئەیلولی 2017 و هەڵوەشانەوەی ئەنجومەنی پارێزگا، قەزا و ناحییەكان لە كۆتایی 2019، كورد جگەلە پۆستی بەڕێوەبەری ناحییەكانی مەندەلی، قەرەتەپە و جەلەولا، پێنج پۆستی سەرۆکی ئەنجومەنی قەزا و ناحییەكانی لەدەستدابوو. لەوانە، خانەقین، قەرەتەپە، جەلەولا، مەندەلیی و جەبارە..

 

 

 

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT