"زمانی تورکمانەکانی تەلەعفەر لەلێواری فەوتاندایە"
داوای پاراستنی ناسنامە دەکرێت لەڕێی پاراستنی زمانی دایکەوە

كەركوك/ ئایاری 2018/ خۆپیشاندانی توركمانەكان دژی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان دوای راگەیاندنی ئەنجامی هەڵبژاردنەكان 2018 فۆتۆ: كاروان ساڵحی

جەعفەر تەلەعفەری

"بەڕاستی جێی داخە کۆمەڵگە زمانی دایک بەباشی نەزانێت"، ئەمە وتەی رەزا جولاق ئۆغلو بوو، کە شاعیرێکی ناسراوی تورکمانە و شارەزای بواری فۆلکلۆرە.

 رەزا جولاق بەخەمبارییەوە وتی "هیچ پەرۆشییەک لای خەڵکی تەلەعفەر بەدیناکرێت بۆ فێربونی زمانی دایک، بۆیە زمانی تورکمانی لە لێواری فەوتاندایە بەهۆی نەبونی پاڵپشتییەکی دامەزراوەیی بۆ چارەسەرکردنی ئەم کێشەیە، ئەوەشی هەیە تەنیا هەوڵی تاکەکەسییە کە ئەو گرفتە گەورەیەی زمانی پێ چارەسەر نابێت، ئەمە جگە لە کەڵەکەبونی ئاسەوارەکانی رابردوو".

تورکمان سێیەم گەورەترین نەتەوەی عیراقن لەدوای هەردوو نەتەوەی عەرەب و کورد، لە زۆربەی ناوچە جێناکۆکەکانی نێوان هەولێر و بەغدا، بونیان هەیە و زۆرینەی قەزای تەلەعفەری خۆرئاوای نەینەوا پێکدەهێنن.

بەڵام بەپێی شارەزایان، زمانەکەیان روبەڕوی ئاڵنگاری زۆر بۆتەوە لەبەر چەندین هۆکار، لەوانە بەکارهێنانی زاراوەی بێگانە، ئاوارەیی، زاڵبونی کلتورەکانی تر و جیاوازی ئەو پیتانەی لە ڕێنوسدا بەکاردەهێنرێت.

کۆنترۆڵنەکردنی رێزمان و زاراوە بەکارهاتووەکان

رەزا جۆلاق بۆ (کەرکوک ناو)ی رونکردەوە کە تورکمانی تەلەعفەر "خەریكە زۆربەی زاراوەكانی شێوەزارەكەیان لەیاد دەكەن"، لەهەمانکاتیشدا تائێستا فێری زمانی تورکی پەتی نەبون چ لەڕوی خوێندنەوە یاخود نوسین، بەدەر لە ژمارەیەکی کەمیان، لەوانە خوێندکاری زانکۆکانی تورکیا.

سەبارەت بە رێنوسی تورکمانی، رەزا جۆلاق وتی "تەنانەت شاعیرەکانیش کە بە تورکی دەنوسن دەچنە هەمان خانەوە بەهۆی ئاشنانەبونیان بە زاراوە و لارێزمانی شێوەزارەکەیان و باڵادەستنەبونیان لە رێزمانی تورکی نوێ، بەو پێیەی تا ئێستا نە شارەزاییان هەیە لەڕێنوسی عوسمانی کۆن و نە رێنوسی تورکی نوێش بەباشی دەزانن".

41517425-305695386681617-7384439518004248576-n

نەینەوا/ 2018/ قوتابخانەیەکی سەر بە بەڕێوەبەرێتی خوێندنی تورکمانی   فۆتۆ: بەڕێوەبەرایەتی پەروەردەی تەلەعفەر

پاراستنی زمانی دایک بووەتە خەمی رۆشنبیران و شاعیرانی تەلەعفەر، نەک تەنیا لەئێستادا بەڵکو لە هەشتاکانی سەدەی رابردوەوە، بەو پێیەی زمان ناسنامەی هەموو گەلێکە و دەکرێت گەلێک لەناو ببرێت لەڕێی لەناوبردنی زمانەکەیەوە، وەک میقداد حودی، سەرۆکی یەکێتی ئەدیبانی تەلەعفەر ئاماژەی پێکرد.

میقداد وتیشی "پێویستە بایەخدان بە زمانی تورکمانی ببێتە گرنگترین پرس لای رۆڵەکانی تەلەعفەر، جێی داخە منداڵەکانمان زمانی دایکیان بەباشی نازانن و لەهەمانکاتدا ئەو زمانەش بەباشی نازانن کە لە قوتابخانە فێری دەبن، چونکە ئەو زمانە نییە کە پێی دەدوێن".

میقداد زیاتر وتی كە نزیکەی 100 شاعیر لە تەلەعفەر بە زمانی تورکمانی دەنوسن، بەڵام کاتێك لە بەرهەمەکانیان ورد دەبینەوە، بەتایبەتی شاعیرە گەنجەکان، دەبینین پەنا بۆ بەکارهێنانی وشەی نامۆ و بێگانە دەبەن لە جیاتی زمانی دایک.

 

پەیوەندی نێوان زمانی تورکمانی و زمانی تورکی

پسپۆڕان پەیوەندی نێوان زمانی تورکمانی و تورکی بە پەیوەندی نێوان شێوەزاری عیراقی (جڵفە) و زمانی عەرەبی پەتی دەشوبهێنن، لەو بڕوایەدان تورکمانی و تورکی لەیەکەوە نزیکن، بەڵام بارودۆخی جوگرافی و مێژویی ئەوانەی بەو دوو زمانە دەدوێن جیاوازییەکانی قوڵ کردۆتەوە، بەتایبەت لەڕوی ژمارەی پیتەکان و زاراوە و دەربڕینەکان.

دواتر گۆڕانکارییەکی گەورە رویدا کاتێ تورکەکان دەستبەرداری رێنوسی عەرەبی (عوسمانی) بون و شێوازی نوسینی لاتینیان لەساڵی 1928 بەکارهێنا.

هاوکات بەشێک لە تورکمانەکانی عیراق، لەنێویاندا تورکمانەکانی تەلەعفەر دەستیانکرد بە بەکارهێنانی ئەلفوبێی عەرەبی، ئەوەش ئاڵەنگارییەکی تری بەردەم زمانی تورکمانی بوو لە عیراق.

لە دوای راپەرینی ئازاری 1991، خوێندن بەپیتی لاتینی لە قوتابخانە تورکمانییەکانی عیراق فراوانبونی بەخۆیەوە بینی و ئەو رەوتە پەرەیسەند کە بەکارهێنانی زمانی تورکی و ئەلفوبێی لاتینی پەسەند دەکرد و بە زمانی پەتیی لەقەڵەمی دەدا لە بری تورکمانی، بەڵام ئەم بەریەککەوتنە گەورەیە یەکلایینەکرایەوە و تا ئێستاش مشتومڕ بەردەوامە لە نێوان ئەوانەی پەسەندی دەکەن و ئەوانەی رەتیدەکەنەوە.

"لە بنەڕەتدا تورکمانی و تورکی یەک زمانن، تەنیا جیاوازی لە شێوەزارەکاندایە و هیچی تر، بۆیە دەبینین زمانی ئازەربایجانی نزیکترە لە شێوەزارەکانی تورکمانی عیراق، بەتایبەتی تورکمانەکانی تەلەعفەر"، بەپێی وتەی شاعیر ئیحسان بورجە باغلی.

زمانی ئازەربایجانی نزیکترە لە شێوەزارەکانی تورکمانی عیراق، بەتایبەتی تورکمانەکانی تەلەعفەر

باسی لەوەشکرد کە "زمانی تورکی نوێگەری تیادا کراوە لەڕوی رێزمان و گۆڕینی پیتەکان لە عەرەبی (عوسمانی) بۆ لاتینی، بەڵام زمانی تورکمانەکانی عیراق وەک خۆی مایەوە بێ هیچ رێسا و رێزمانێک، بۆیە دەبینین زۆربەی ئەوانەی لە تەلەعفەر نیشتەجێن ناتوانن بەباشی بنوسن و بخوێننەوە بە زمانی دایک".

بورجە باغلی بەراورد لە نێوان شیعری شاعیرە تورکمانە کۆچکردوەکانی وەک فەلەک ئۆغڵوو و موللا مەحمود ئەسڵان و زمانی تورکمانی ئەم سەردەمە دەکات و ئاماژە دەکات بە بونی "جیاوازییەکی گەورە، بۆیە دەتوانم بڵێم شێوەزاری تەلەعفەری بەداخەوە بەتەواوی ونبووە".

 

لاوازی پرۆسەی فێرکردن بە زمانی تورکمانی

پسپۆڕان جەختدەکەنەوە لەسەر لاوازی فێرکردنی زمانی تورکمانی، بەو پێیەی تەنیا یەک قوتابخانە تورکمانی هەیە لە سەرتاسەری قەزای تەلەعفەر کە دانیشتوانەکەی بە 250 هەزار کەس مەزەندە دەکرێت.

WhatsApp Image 2020-05-20 at 1.59.41 PM

نەینەوا/ 2020/ بازاڕێکی قەزای تەلەعفەر   فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

عەبدولغەنی ئەلیاس عەباس، سەرپەرشتیاری پەروەردەیی دێرین و پسپۆڕی زمانی تورکمانی رونیکردەوە كە خوێندنی تورکمانی لە ساڵی 2005 بەڕەسمی خرایە قوتابخانەکانی تەلەعفەر لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە، بە دوو شێواز: یەکەمیان خوێندنی بنەڕەتییە کە تیایدا هەموو بابەتەکان بە زمانی تورکمانی دەخوێندرێن، بابەتەکانیش بە پیتی لاتینی نوسراون بێجگە لە هەردوو بابەتی عەرەبی و پەروەردەی ئیسلامی.

ئەمساڵ لە تەلەعفەر، یەک قوتابخانەی تورکمانی دامەزرا بەناوی بەیرەق کە دەکەوێتە ناوچەی حەسەنکەویی و 13 قوتابی لەخۆدەگرێت.

بەر لە ڕووداوەکانی ساڵی 2014 و دەستبەسەرداگرتنی تەلەعفەر لەلایەن رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی (داعش)ەوە، شەش قوتابخانە لە تەلەعفەر هەبوو، پێنجیان لە سەنتەری قەزاکە بوو، شەشەمیان لە ناحیەی عەیازییە بوو، کە تێکڕایان 700 قوتابی لەهەردوو ڕەگەز لەخۆگرتبوو، بەڵام هاتنی داعش و ئاوارەبوونی زۆربەی دانیشتوانی ئەو ناوچەیە بووەهۆی داخستنی ئەو قوتابخانانە.

"شێوازی دووەم" بەوتەی سەرپەرشتیارە پەروەردەییەکە پێی دەوترێت "سستمی شمول و تیایدا زمانی تورکمانی دوو سەعاتی بۆ تەرخانکراوە لە هەفتەیەکدا لە قۆناغی سەەرتایی، ناوەندیی و ئامادەیی و تەنانەت باخچەی منداڵانیش، کە ئێستا ئەو سستمە لە هەموو قوتابخانەکانی تەلەعفەردا پەیڕەو دەکرێت".

"سەرەڕای ئەوەش، دەبینین دۆخی فێربونی زمانی تورکمانی پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە بەهۆی کەمی بەشە وانەی دیاریکراو و نەبونی مامۆستای پسپۆڕی زمانی تورکی، سەرەنجام ئاستی خوێندن دابەزیوە".

فێربونی زمانی تورکمانی پێشکەوتنی بەخۆوە نەبینیوە بەهۆی کەمی بەشە وانەی دیاریکراو و نەبونی مامۆستای پسپۆڕی زمانی تورکی

عەبدولغەنی ئەلیاس داوای لە دایبابان کرد منداڵەکانیان "هان بدەن بۆ پەیوەندیکردن بە قوتابخانە تورکمانییەکان، چونکە قوتابخانەی فەرمین و پرۆگرامەکانی لەلایەن وەزارەتی پەروەردەوە پەسەندکراون"، داواشیکرد بە شدارییان پێبکرێت لە خولی فێربونی زمانی تورکمانی و "نوسینی ناوی گەڕەکەکان و تابلۆی فەرمانگەکان بە زمانی تورکمانی، هەروەها گۆڕینی ناوی شەقامەکان و دوکانەکان بۆ ناوی تورکمانی".

دوپاتیشیکردەوە کە هەوڵبدرێت لەماڵەوە تەنیا بە زمانی دایک گفتوگۆ بکرێت، کاریش بکرێت بۆ دەرکردنی رۆژنامە و گۆڤار بە زمانی تورکمانی و هۆشیارکردنەوەی خەڵک سەبارەت بە گرنگی پاراستنی زمانی دایک بۆ ئەوەی "ئەم زمانە جوانە لەناونەچێت".

لە 9ی ئەیلولی 2019، کۆلێژی پەروەردەی کراوە کردنەوەی بەشی زمانی تورکمانی لە دوو ناوەندی خوێندن لە هەردوو پارێزگای نەینەوا و کەرکوک راگەیاند.

بەپێی ماددەی چوار لە دەستوری عیراق "زمانی تورکمانی و زمانی سریانی دوو زمانی فەرمین لەو یەکە ئیدارییانەی زۆرینەی پێکدەهێنن".

لەو بارەیەوە ئیحسان بورجە باغلی وتی "هیچ بەرەبەستێکی یاسایی نییە لەبەردەم جێبەجێکردنی دەستوور کە مافی بە تورکمانەکان داوە زمانی خۆیان بەکاربهێنن لەناوچەکانی خۆیان وەک زمانێکی فەرمی لەپاڵ زمانی عەرەبیدا".

بڕوای خۆیشی نیشاندا کە "کارا كرکردنی ئەم مافە پێویستی بەوەیە پڕۆگرامی خوێندن و بناغەی فێرکاریی دابنرێت هەروەها بایەخ بدرێت بە سازدانی کۆڕ و سیمیناری رۆشنبیریی و هەڵمەتی وشیارکردنەوەیە."

 

ئاوارەیی قوڕەکەی خەستتر کردوە

 "منداڵەکانم بە باشی بە تورکمانی قسە ناکەن، وشەی نامۆ و بێگانە بەکاردەهێنن کە لەڕێی تێکەڵبونیان بە منداڵانی نەتەوەکانی ترەوە فێری بون لەکاتی ئاوارەییدا"، بەمشێوەیە ئەنوار حسێن باسی رادەی ئاشنابونی سێ منداڵەکەی خۆی کرد بە زمانی دایک.

Untitled-1-2

نەینەوا/ 2020/ یەکێک لە قوتابخانەکانی تەلەعفەر   فۆتۆ: جەعفەر تەلەعفەری

ئەنوار کە لەتەمەنی چل ساڵیدایە، ناچار بوو تەلەعفەر جێبهێڵێت و روبکاتە بەغدا، وەک خۆی دەڵێت پێی باش بوو لە پایتەخت بمێنێتەوە تا بارودۆخەکە سەقامگیر دەبێت.

قەزای تەلەعفەر لە حوزەیرانی 2014 کەوتە ژێر دەستی چەکدارانی داعش، سەرەنجام زۆربەی دانیشتوانەکەی کە نزیکەی 225 هەزار کەس دەبن ئاوارە بون و رویان کردە پارێزگاکانی ناوەڕاست و باشور و شارەکانی هەرێمی کوردستان، بەشێکیشیان کۆچیان کرد بۆ تورکیا، بەڵام دوای کۆنترۆڵکردنەوەی قەزاکە لە ئابی 2017دا رێژەی 45%ی دانیشتوانەکەی گەڕانەوە زێدی خۆیان.

 

کاریگەری شاڵاوەکانی رژێمی پێشوو و تەکنەلۆژیای سەردەم

میقداد حودی ئۆغڵو، سەرۆکی یەکێتی ئەدیبانی تەلەعفەر  دەڵێت لە سەردەمی رژێمی سەدام حسێندا شاڵاوی تەعریب و سەپاندنی زمانی عەرەبی لە تەلەعفەر دەستیپێکرد، بەڵام تورکمانەکان لەو ساڵانەدا بەشێوەیەکی باشتر لەئێستادا مامەڵەیان لەگەڵ زمانەکەیان کرد و سەرکەوتوو بوون لەپاراستنیدا.

ڕونیشیکردەوە کە "بەرەوپێشچوونی تەکنەلۆژیا رۆڵی هەیە لەوەی وابکات تورکمانەکان زمانی دایکیان لەبیر بچێتەوە، لەسایەی بەربڵاوی ئەو کەناڵە تەلەفزیۆنییانەی بە زمانی عەرەبین، هەروەها بەهۆی تۆڕە کۆمەڵایەتییەکانەوە کە خۆی بەسەر هەموواندا سەپاندووە."

لەمیانەی باسکردنی ئاڵەنگارییەکاندا، حودی ئۆغڵو وتی "ئەگەر بارودۆخەکە بەمشێوەیە بەردەوام بێت، گۆڕانکاری گەورە رودەدات لە زمانەکەمان کە دیارترین تایبەتمەندیمانە لە نیشتمانەکەماندا".

"ئێمە زۆر پێویستمان بەوەیە قۆناغی بەدۆکیومێنتکردنی شێوەزاری تورکمانی و کلتوری تەلەعفەرییەکان دەستپێبکەین، ئەوەش ئەرکی هەمووانە"، ئەمە بۆچونی رەزا جۆلاق ئۆغڵوی شاعیر بوو سەبارەت بەهەنگاوی داهاتوی پێکهاتەی تورکمان لە تەلەعفەر لەپێناو پاراستنی زمانەکەیان.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT