لە چاوه‌ڕوانی كازمی-دا
كاكه‌ییه‌كان به‌ هیوان هێزه‌ عیراقییه‌كان سه‌قامگیرییان بۆ بگه‌ڕێننه‌وه‌

كەركوك/ 2ی حوزەیرانی 2020/ ئۆپەراسیۆنی هێزە عیراقییەكان بۆ نەهێشتنی مەترسی گروپە چەكدارییەكان لە سنوری داقوق فۆتۆ: سۆران محەمەد

محەمەد ئەڵماس

كاكەییەكانی داقوق گرفتی ئاسایشیان بۆ دروستبووە و دەڵێن؛ ژیان و قوتی خێزانەكانیان لەبەردەم مەترسی گروپە چەكدارەكاندایە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ غافڵبونی هێزە ئەمنییەكان بە قەدەغەی هاتوچۆوە لەوكاتەوه‌ی ڤایرۆسی كۆرۆنا لە عیراق و ناوچەكەدا بڵاوبۆتەوە.

ئەو گرفتە ئەمنییە كە دوو مانگە بەشێوەی بەربڵاوتر لە باشوری كەركوك بەرۆكی ئەو كەمینە ئایینییەی گرتووە، دوای ئەوە دێت ئەو هێزانەی لە ناوچه‌كه‌دا بونیان هەبوو، ئەركی سەرەكیان بۆ جێبەجێكردنی بڕیاری تری ئیدارەی كەركوك گۆڕدرا، كە چۆن قەدەغەی هاتوچۆ بەتەواوی لەناو یەكە ئیدارییەكاندا جێبەجێبكەن و رێگە بەهاتوچۆی هاوڵاتیان نەدەن.

تەنیا له‌ دوو مانگی رابردوی ده‌ركه‌وتنی ڤایرۆسی كۆرۆنا و قه‌ده‌غه‌ی هاتوچۆدا، لانیکەم شەش کردەوەی توندوتیژی ده‌رهه‌ق به‌ دانیشتوانی كاكه‌یی تۆماركراون له‌ ناوچه‌كانی داقوق، تەنیا لە هەردوو گوندی زەنقەر و عەلی سەرای لە ماوەی وەرزی دروێنەشدا 145 دۆنم زەوی دانەوێڵەی گەنم و جۆی جوتیارانی ئەو پێكهاتەیە سوتێنراون.

بۆ ئەو مەبەستە بەرەبەیانێكی زوو، كاتێك كاكەییەكان لە دڵەڕاوكێدا دەژیان، مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق گەیشتە كەركوك، سەردانەكە ئامانج لێی ئۆپەراسیۆنێك بوو لە باشوری پارێزگاكە؛ ئەو ئۆپەراسیۆنە دەمێكە خەڵكی ناوچەكە بەتایبەتیش كاكەییەكان چاوەڕێی دەكەن.

(ڤیدیۆ: سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك/ 2ی حوزەیرانی 2020)

سەردانەكەی كازمی، دوای كەمتر لە مانگێك لە دەستبەركابونی دێت. ئەو لەپاڵ ئەركە گرنگەكانیدا له‌وانه‌ روبەڕوبونەوەی كۆرۆنا، ئامادەكاریی بۆ هەڵبژاردنی پێشوەختە، دژایەتی گەندەڵیی و گوێگرتن لە داوای خۆپیشاندەرانی عیراق، بە ئەركێكی تر هەستا، لەناوبردنی "گروپە تیرۆریستییەكان"، ئەوەش لە باشوری داقوق، كە تیایدا كەمینەیەكی ئاینیی "كاكەیی" لەو ناوچەیەوە بەئامانجگیراون.

بەر لە سەردانەكەی كازمی، ئامادەكاریی تەواوكرابوو بۆ ئۆپەراسیۆنێك به‌ ئامانج پاككردنه‌وه‌ی 17 گوند له‌ مه‌ترسی، كە ناوچەیەكی دابڕاوە لە نێوان سنوری هەردوو پارێزگای كەركوك و سەڵاحەدین، ئه‌وه‌ش روبەرەكەی بەپێی شانەی راگەیاندنی ئەمنی 738 کیلۆمەتر چوارگۆشەیە.

بۆ محەمەد ئیبراھیم، دانیشتوی گوندی عەلی سەرای كاكەیی، سەردانەكەی سەرۆك وەزیران لە 2ی حوزەیران و بڕیاری ئۆپەراسیۆنەكە موفاجەئە بوو، بەڵام دەڵێت "درەنگ بوو و دەكرا زوتر بیر لەو ئۆپەراسیۆنە بكرایەتەوە بەر لەوەی زۆرێك لە گوندەكان چۆڵبن".

درەنگ بوو و دەكرا زوتر بیر لەو ئۆپەراسیۆنە بكرایەتەوە بەر لەوەی زۆرێك لە گوندەكان چۆڵبن

محەمەد كە خۆی یەكێكە لە قوربانیانی هێرشە چەكدارییەكان بۆ سەر گوندەكەیان، لەگەڵ خزمێكی خۆیدا بەتەنیا لە گوندی عەلی سەرای ماونەتەوە و سەرقاڵی كشتوكاڵ و ئاژەڵدارین. لەكاتێكدا زۆرینەی گوندەكە بۆ ناوەندی داقوق كۆچیان كردووە.

kshtukal.jpeg

كەركوك/ ژنێك و دوو لە منداڵەكانی سەرقاڵی كاری كشتوكاڵین، لە چەمی رۆحانە لە ناوچەی كاكەیینشینەكانی داقوق فۆتۆ: محەمەد ئەڵماس

ئەو بە (كەركوك ناو)ی وت "ئۆپەراسیۆنی بەرفراوانی لەم جۆرەی كە كازمی خۆی چاودێری دەكرد، بۆ ناوچەكەی ئێمە گرنگە، چونكە هەر لەو ناوچانەوە هێرشدەكرایە سەر كاكەییەكان". زیاتر وتی "ئەو ناوچانە دابڕاوبون و هێزی ئەمنی لێنەبوو".

ئەو ناوچانەی ئۆپەراسیۆنەكەی تیادا بەڕێوەچوو، بەگشتی هاوسنور و نزیكن لەگەڵ گوندە كاكەییەكان لە قەزای داقوق (44كم باشوری كەركوك).

محەمەد هیوادارە ئەو هەنگاوە نوێیە، ئاسایش بۆ كاكەییەكان دابینبكات و بتوانن بەئاسانی هاتوچۆی زەوییە كشتوكاڵییەكانیان بكەن، كە بەهۆی قەدەغەی هاتوچۆ و غافڵبونی هێزە ئەمنییەكانەوە گرفتیان بۆ دروستبوو بوو.

"زۆر دڵخۆشین بەو ئۆپەراسیۆنە و دەمانەوێت ناوچەكەمان بەرەو كەناری ئۆقرەیی ببات"، محەمەد وای وت.

زۆر دڵخۆشین بەو ئۆپەراسیۆنە و دەمانەوێت ناوچەكەمان بەرەو كەناری ئۆقرەیی ببات

ئەو ئۆپەراسیۆنە هاوكاتیش بوو لەگەڵ بە ئامانجگرتنی بەروبومی دانەوێڵەی جوتیارن لە گوندە كاكەییەكاندا، به‌وپێیه‌ی تەنیا لە سێ رۆژی یەكەمی مانگی حوزەیراندا، 44 حاڵەتی ئاگركەوتنەوە لەداقوق تۆماركراون.

بەپێی ئامارێكی بەرگری شارستانی داقوق كە دراوە بە (كەركوك ناو)، لە دەستپێكی وەرزی دروێنەوە 145 دۆنم زەوی چێنراو بەگەنم و جۆ لە هەردوو گوندی زەنقەر و عەلی سەرای كاكەیی سوتێنراون.

لە رۆژی یەكەمی ئۆپەراسیۆنەكەدا نۆ گوند پاككرانەوە، 30 بۆمبی چێنراو و دەیان بەرمیل باروت و تەقەمەنی لەناوبران، لەگەڵ تەقاندنەوەی ئۆتۆمبێلێكی بۆمبڕێژكراو.

kazme
كەركوك/ 2ی حوزەیران/ مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، لەكاتی دابەزینی لە فڕۆكەخانەی حورییە لە كەركوك فۆتۆ: راگەیاندین سەرۆك وەزیران

 

عەزیز محەمەد، کەسایەتی ناوچەی کاکەیی، وتی "هیوادارین ئەم ئۆپەراسیۆنە ناوچەكانی ئێمه‌ بەرەو كەناری ئارامی ببات، توانای چەكدارانی داعش لاواز بكات و پێویستیشە بەردەوامبێت".

کاکەییەکان لە چەندین ناوچه‌ی هه‌رێمی کوردستان و عیراق دەژین، بە زۆرى لە کەرکوک، هەڵەبجە، نەینەوا، هه‌ولێر، خانەقین و چه‌ند شوێنێکی تری دیاله‌، بەگوێرەی ئامارە نافەرمییەکان ژمارەیان بە 100 هەزار کەس مه‌زنده‌ده‌کرێت.

لە قەزای داقوق لەكۆی 15 گوندی كاكەیی، پێنجیان بەتەواوی چۆڵبون و سێی تریان بەرەو چۆڵبون دەچن، ئەوەش بەهۆی مەترسی لەسەر ژیانیان.

فەریق روكن سامر حوسەینی، فەرماندەی گشتی هێزەكانی بەرپەرچدانەی خێرا، - بەشداربون لەو ئۆپەراسیۆنەدا-، لە لێدوانێكی رۆژنامەوانیدا كە پەیامنێری (كەركوك ناو) ئامادەی بوو، وتی "پلانەكە باش بەڕێوەچوو، ناوچەكە و ئەو گوندانەش پاككرانەوە كە مۆڵگەی چەكدارانی داعش بون، هەر لەم ناوچەیەوە داعش هێرشی دەكردە سەر هێزە سەربازییەكان و گوندنشینان".

کاکه‌ییه‌کان هاوشێوەی که‌مینه‌کانی تری وه‌ک تورکمان، کریستیان، ئێزیدیی له‌ ناوه‌ڕاستی 2014ـەوە تا کۆتایی 2017 روبه‌ڕوی پێشێلکاریی و راوه‌دونان بونه‌تەوه‌ له‌لایه‌ن داعشەوە. هێشتا ژمارەیەک له‌ خێزانه‌کانیان بە ناچاری له‌ ئاواره‌ییدا ده‌ژین، بەڕادەیەک لە کۆی زیاتر لە 787 هەزار ئاوارەی ناوخۆ، لە سەدا دەیان لە پێکهاتەکانی وەک کاکەیی، تورکمان، شەبەک و ئەرمەنن.

(ڤیدیۆ: ئۆپەراسیۆنی هێزە عیراقییەكان لە باشوری كەركوك، هاوسنور لەگەڵ گوندە كاكییەكان/ 2ی حوزەیرانی 2020)

لە داقوق گوندەكانی رزگاری، مەتیق، سەید نەعمەت، شالیار، عەرەب كۆیی، ئەلبو محەمەد، شوكر جەیران، عەلوەت پاشا، شەشەكان، سەی عەباس، سەی حوسێن، هاواری گەرمیان، تۆپزاوا، عەلی سەرا و زەنقەر زێدی كاكەیین.

نوسینگەی كازمی، لە راگەیەنراوێكدا لەبارەی ئۆپەراسیۆنەكەوە دەڵێت ئامانج لێی وشككردنی سەرچاوەی تیرۆر بووە لە ناوچەكە، سەرۆك وەزیران داوای لە هەموو هێزە ئەمنییەكان كردووە موڵك و ماڵ و ژیانی هەموو هاوڵاتیانی ناوچەكە بپارێزن.

ئۆپەراسیۆنەكە و سەردانەكەی كازمی، هەرچەندە بەڕای محەمەد عەزیز لەگوندی عەلی سەرای دڵخۆشكەربوو، بەڵام پرسیارەكە بەلای ئەوەوە ئەوەیە تاچەند هەقی لەناوچونی بەروبومی گوندنیشنانی كاكەیی و چۆڵكردنی گوندەكانیان بۆ دەكاتەوە.

"گرنگ هەر ئۆپەراسیۆنەكە نییە، گرنگ ئەوەیە دوای پاککردنەوەی ئەو شوێنانە هێزەكان بمێننەوە تا نەبنە هەڕەشە لەسەرمان و ئاسایشی هاتوچۆی سەر زەوییە كشتوكاڵییەكان پارێزراوبن "، محەمەد وای وت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT