لە زۆربەی ناوچەكانی خانەقین ئینتەرنێت دەبڕدرێت

حكومەتی عیراق، خزمەتگوزاریی ئینتەرنێتی ئەو كۆمپانیایانەی خانەقینی بڕی كە لە هەرێمی كوردستانەوە ئینتەرنێتیان دەگەیاندە قەزاكە

ئەمیر خانەقینی

لەسەدا 80 بۆ لەسەدا 90ی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت لە خانەقین لەو خزمەتگوزارییە بێبەشبون، ئەوەش لە ئەنجامی هەڵمەتێكی حكومەتی عیراق بۆ ئاشكراكردن و نەهێشتنی بە قاچاغبردنی ئینتەرنێت لە تەواوی عیراق و لە نێویاندا پارێزگای دیالە.

ئەو هەڵمەتە بەپێی بڕیارێكی وەزارەتی پەیوەندییەكان و گەیاندنی عیراق لە دوانیوڕۆی شەممە 13ی حوزەیرانەوە دەستیپێكردووە. بەهۆیەوە تەواوی ئەو كۆمپانیایانەی لە هەرێمی كوردستانەوە خزمەتگوزارییان بە خانەقین گەیاندووە، خزمەتگوزارییەكەیان راگیرا.

یەكێك لە خاوەن بورجەكانی ئینتەرنێت لە خانەقین، بە (كەركوك ناو)ی وت "ژمارەیەك كارمەند لە نوسینگەی پەیوەندییەكان هەستاون بە پچڕاندنی ئینتەرنێت و دەستبەسەراگرتنی بەشێك لە ئامێرەكان، بە هەماهەنگی هێزێكی عیراقی بەبێ ئاگاداركردنەوەی پێشوەختە".

وتیشی "دوای ئەوەی بەدوای هۆكارەكانی بڕینی ئینتەرنێتدا رۆیشتین، دەركەوت پاساوەكەیان ئەوەیە خزمەگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستانەوە بە قاچاغ بردراوە بۆ خانەقین".

پاساوەكەیان ئەوە بوو خزمەگوزاریی ئینتەرنێت لە هەرێمی كوردستانەوە بە قاچاغ بردراوە بۆ خانەقین

زۆربەی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لە قەزای خانەقین، لەلایەن كۆمپانیاكانی هەرێمی كوردستانەوە دابینكراوە، بۆیە پچڕاندنی خزمەتگوزاریی ئەو كۆمپانیایانە بەوتەی یەكێك لە شوێنەكانی دابەشكردنی خزمەتگوزاریی ئینتەرنێت لەسەدا 80 بۆ لەسەدا 90ی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت بێبەشدەن لەو خزمەتگوزارییە.

هێزە چەكدارییەكانی نوسینگەی وەزیری پەیوەندییەكان و گەیاندنی عیراق ئامادەنەبون هیچ لێدوانێك لەسەر ئەو هەڵمەتە بدەن، تەنانەت بەشێوەیەكی توند وەڵامی پەیوەندییە تەلەفونییەكەی پەیامنێری (كەركوك ناو)یان دایەوە.

لە كۆتایی ئاداری 2019، لەسەدا 75ی بەكارهێنەرانی ئینتەرنێت لەو قەزایە بێبەشبون، بەهۆی راگرتنی كارەكانی كۆمپانیای ئای كیو بە بڕیاری دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عیراق.

ئەركان شەهاب ئەحمەد، وەزیری پەیوەندییەكان لە حكومەتی عیراق، لە راگەیەنراوێكی دوێنێ شەممە، جەختیكردەوە كە ئەو ئۆپەراسیۆنەی دەستیان پێكردووە گەورەترین هەڵمەتی هەماهەنگییە بۆ نەهێشتنی بەقاچاغبردنی ئینتەرنێت.

وتیشی "هەڵمەتەكە لەسەر راسپاردەی راستەوخۆی سەرۆكی ئەنجومەنی وەزیران و هەماهەنگی لەگەڵ دەزگای هەواڵگری، ئاسایشی نیشتیمانی، دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكان و هێزەكانی بەرپەرچدانەوەی خێرا دەستیپێكردووە، بۆ ئاشكراكردنی ئەو شوێن و بورجانەی كە ئینتەرنێت بە قاچاغ دەهێننە پارێزگای دیالە و پارێزگاكانی تر".

بەپێی راگەیەنراوەكەی وەزیری پەیوەندییەكان و گەیاندنی عیراق لەو هەڵمەتە بەردەوامدەبن، تا بەشێوەی تەواوەتی كۆتایی بە بەقاچاغبردنی ئینتەرنێت دەهێنن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT