گردبونەوە بۆ كردنەوەی چایخانە و كافتریاكان لە كەركوك بەڕێوەچوو

كەركوك/16ی حوزەیرانی 2020/ خاوەنی كافتریا و چایخانەكان داوای دەستپێكردنەوەی كار دەكەن فۆتۆ: سۆران محەمەد

سۆران محەمەد

دەیان خاوەن کافتریا و چایخانە لە كەركوك گردبونەوە و داوای رێگەپێدانی ئیدارەی پارێزگاكەیان كرد، بۆ دەستپێكردنەوەی كارەكانان.

ئەو گردبونەوەیە ئەمڕۆ سێشەممە 16ی ئازار لەبەردەم بینای پارێزگا بەڕێوەچوو. دوای زیاتر لە سێ مانگ لە داخستنی تەواوی كافتریا و چایخانەكان بە بڕیاری شانەی قەیرانی كەركوك و دوای بڵاوبونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

ئارام عەلی، یەکێک لە خاوەن کافتریاکان بە (کەرکوک ناو)ی وت "ئێستا زۆربەی شوێنەكان وەك بازاڕ و چێشتخانە و هۆڵەكانی وەرزش كراونەتەوە و بەڵام تەنیا رێگە بەكافتریا و چایخانەكان نادەن".

ئارام دەڵێت مانگانە دەبێت دوو ملیۆن بدات بۆ كرێی كافتریاكەی، "ئەوە بڕێكی زۆرە... ئامادەین پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان ببین لەپێناو رێگەدان بە كردنەوەی كافتریاكانمان".

ئامادەین پابەندی رێنماییە تەندروستییەکان ببین لەپێناو رێگەدان بە كردنەوەی كافتریاكانمان

شەممەی رابردوو 13ی حوزەیران شانەی قەیران لە كەركوك، رێگەیدا بە كردنەوەی هۆڵەكانی لەشجوانی و هەندێك كارئاسانی تر بۆ هاتوچۆی هاوڵاتیان. بەڵام كردنەوەی كافتریا و چایخانەكانی دواخست.

مەروان عانی، وتەبێژی شانەی قەیران لە کەرکوک، سەردانی خۆپیشاندەرانی كرد لەبەردەم بینای پارێزگا و جەختیكردەوە "ئێمە بۆ پاراستنی خەڵکی و دانیشتووانی کەرکوک ئەو بڕیارانەمان داوە، ئێستا نوێنەری ئەوان لەگەڵ ئیدارەی پارێزگای کەرکوک کۆدەبنەوە، بۆیە گرنگە کە هەموان لەو دۆخە تێبگەین کە روبەڕوی کەرکوک عیراق بۆتەوە".

لە پارێزگای كەركوك تائێستا 406 كەس توشی كۆرۆنا بون، 161 كەس چاكبونەتەوە و 16 كەس بەو پەتایە مردون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT