دوو خوشك لە پڕۆژەی ئاوی تازە خنكان

كه‌ركوك، 20ی ئایاری 2020، خێزانێكی شه‌ش كه‌سی به‌ ئۆتۆمبێله‌كه‌یانه‌وه‌ كه‌وتنه‌ ناو پڕۆژه‌ی ئاوی داقوق و چوار منداڵه‌كه‌یان خنكان فۆتۆ: محه‌مه‌د ئڵماس

سۆران محەمەد

دوو منداڵی دانیشتوی گوندی بەشیر، كە هەردوكیان خوشكن لە پڕۆژی ئاوی تازە خنکان و تەرمەكانیان لە ئاوەكە دەرهێنران.

ئەو روداوە نیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 16ی حوزەیران رویدا، كاتێك ئەو دوو خوشکە لە نزیك پڕۆژەی ئاوی ناحیەی تازە سەرقاڵی یاریكردن بون و دواتر كەوتونەتە ناوییەوە، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی ناحیەی تازە.

سەرچاوەكە بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە "منداڵەكان خەڵكی گوندی بەشیر بون سەر بە ناحیەی تازە، كاتێك ویستویانە بگەڕێنەوە ماڵ، لای پڕۆژەی ئاوەكە وەستاون و یارییان كردووە، لە ئەنجامدا هەردوكیان كەوتونەتە ناوییەوە خنكاون".

فاتمە عەلی فەیسەڵ هەشت ساڵ و تەبارەک عەلی فەیسەڵ پێنج ساڵ، ناوی ئەو دوو خوشكەن كە لە پڕۆژەكە خنكان.

گوندی بەشیر زۆرینەی دانیشتوانەكەی توركمانن و سەر بە ناحیەی تازەن لە باشوری داقوق. گوندەكە نزیكە لە پڕۆژەی ئاوی تازە.

"هەردوو منداڵەکە لە نەتەوەی تورکمانن، دوای خنکانیان بۆ ماوەیەکی کەم تەرمەکانیان دۆزراونەتەوە و بۆ پشكنین رەوانەی پزیشکی دادوەری کەرکوک کراون"، سەرچاوەكە وایوت.

بەپێی ئامارێكی (كەركوك ناو)، خنكاندنی ئەو دوو كچە، حەوتەمین حاڵەتی خنكانە لەئاودا لە سنوری قەزای داقوق لە باشوری كەركوك لە ماوەی 30 رۆژی رابردودا.

لەو حەوت كەسەی خنكاون، پێنج كەسیان لە پڕۆژەی ئاوی داقوق بون، ئەوەش وایكرد داوای كردنەوەی بنكەی تایبەت بە پۆلیسی روبار لە قەزاكه‌ بكرێت، هاوشانی دابینكردنی كەلوپەل و پێداویستی تایبەتی رزگاركردن بۆ تیمەكانی بەرگری شارستانی.

ساڵانە لە كاتی وەرزی هاوین و گەرمادا، هاوڵاتیان بۆ خۆ فێنككردنەوە و مەلەكردن، روو لە روباری پڕۆژەكانی ئاو دەكەن، هەندێكیان بەتایبەت منداڵان بەهۆی نەزانینی مەلە و شارەزانەبونیان لە ئاوەكە دەخنكێن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT