عیراق داوای كشانەوەی هێزەكانی توركیا دەكات لە باشیك

عیراق/ 18ی حوزەیرانی 2020/ هێزەکانی تورکیا ئۆپەراسیۆنێکی سەربازیی لەناو خاکی عیراق جێبەجێ دەکات   فۆتۆ: ئاژانسی ئەنادۆڵ

کەرکوک ناو

وەزارەتی دەرەوەی عیراق داوا لە توركیا دەكات هێزەكانیان لە خاكی عیراق بكشێننەوە لەوانەش لە باشیك لەدەشتی نەینەوا، بۆ ئەو مەبەستەش یاداشتێکی ناڕەزایی دەداتە باڵیۆزی تورکیا لە عیراق.

وەزارەتی دەرەوەی عیراق دوێنی، 18ی حوزەیران 2020، جارێکی تر بانگهێشتی باڵیۆزی تورکیای کرد و یاداشتێکی ناڕەزایی رادەستکرد، بەهۆی بەردەوامی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکانی  تورکیا لەناو خاکی هەرێمی کوردستان.

لە یاداشتەکە داوا لە تورکیا کراوە دەستبەجێ هێزەکانی لەو ناوچانەی خاکی عیراق بکشێنێتەوە کە دوێنێ چونەتە ناوی، هەروەها لەو ناوچانەی تیایدا جێگیربون، لەوانە سەربازگەی باشیک.

 وەزارەتی دەرەوە لە بەیاننامەیەکدا رایگەیاند "عیراق بەتوندترین شێوە ئیدانەی دوبارە پێشێلکردنی هێزەکانی تورکیا دەکات بۆ سەروەری وڵات لە 17ی حوزەیران، لەڕێی بوردومان و هێرشکردنە سەر چەند ئامانجێک لە چوارچێوەی سنورە نێودەوڵەتییەکانماندا."

وەزارتی دەرەوە دژایەتی خۆی دوپاتکردەوە بۆ ئەو "پێشێلکارییانەی پێچەوانەی یاسا و پەیماننامە نێودەوڵەتییەکانن"، جەختیشیکردەوە لەسەر گرنگی "پابەندبونی لایەنی تورکی بە راگرتنی بۆردومانەکان، کشانەوەی هێزە دەستدرێژیکارەکەی لەو بەشانەی خاکی عیراق کە دوێنێ چونەتە ناوی و هەروەها لەو شوێنانەی تیایدا جێگیربون لە باشیک و ناوچەی تر.

هێزەکانی تورکیا لە ساڵی 2015ەوە لە ناحیەی (باشیک)ی پارێزگای نەینەوا جێگیربون، بە بیانوی روبەڕوبونەوەی رێکخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش)، ئەوەش مایەی ناڕەزایی حکومەتی عیراق بووە.

104495262_2657467991151907_3804585068053996783_o
Caption

لە بەیاننامەکەی وەزارەتی دەرەوەی عیراقدا هاتووە "حکومەتی عیراقی پێیوایە تورکیا هۆکاری ناجێگیری ئاسایش بووە لە ناوچە سنورییە هاوبەشەکانی نێوانیان، بەو پێیەی ئەو "دەستپێشخەری ئاشتی"یەی ساڵی 2013 لەگەڵ پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە) رایگەیاند، بووە هۆی نیشتەجێکردنی ژمارەیەکی زۆر لە ئەندامانی ئەو حزبە لەناو خاکی عیراق بێ وەرگرتنی رەزامەندیی و بێ راوێژکردن لەگەڵ حکومەتی عیراق، ئەوەش بووە هۆی ئەوەی لە ئەنجومەنی ئاسایش ناڕەزایی دەرببڕین."

وەزارەتی دەرەوە بۆ جاری دووەم لە ماوەی هەفتەیەکدا باڵیۆزی تورکیای بانگهێشت کرد و لەیاداشتەکەدا لەگەڵ داواكردن بۆ راگرتنی ئەو پێشێلکارییانە، داواشیكرد حكومەتی توركیا "گوێ بۆ دەنگی ژیریی رابگرێت و سنورێک بۆ ئەم دەستدرێژییانە دابنێت".

دوو رۆژ پێشتر، وەزارەتی دەرەوە باڵیۆزی تورکیای بانگهێشتکرد و بەهەمان شیوە یاداشتێکی ناڕەزایی رادەستکردبوو سەبارەت بە سنوربەزاندنەکانی فڕۆکە جەنگییەکان تورکیا.

کاتژمێر 12ی شەوی یەکشەممە، 14ی حوزەیران، ژمارەیەک فرۆکەی جەنگی تورکیا بۆ ماوەی زیاتر لە سێ کاتژمێر بەسەر ئاسمانی شنگال و مەخموردا سوڕانەوە، بە پاساوی بۆردومانکردنی بارەگای هێزەکانی نزیک لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەکەکە).

بەپێی ئاژانسی هەواڵی (ئەنادۆڵ)ی نیمچە فەرمی تورکیا، هێزەکانی تورکیا توانیویەتی زیاتر لە 500 ئامانجی سەر بە پەکەکە تێکبشکێنێت لە 36 کاتژمێری سەرەتای ئۆپەراسیۆنی سەربازیی "چنگی پڵنگ" ، کە لەناوچەی (حەفتانین)ی باکوری عیراق دەستیپێکرد.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT