بۆ پرسی كەركوك
كورد، عەرەب و توركمان لە بەغدا بەدوای سازاندا دەگەڕێت

كەركوك/15ی تشرینی یەكەم/ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عەرەب دژی بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بە پارتی دیموكرات فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد

لیژنەی هاوبەشی پێكهاتەكانی كەركوك، لە بەغدا داوای سازان لەیەكتر دەكەن بۆ پرسی كەركوك.

ئەو لیژنەیە كە تایبەتە بە پرسی كەركوك و ئاساییكردنەوەی دۆخی ئەو پارێزگایە، دوای شەش مانگ لە راگرتنی كارەكانی، جارێكی تر دەستیكردەوە بە دانوستان.

شاخەوان عەبدوڵا، ئەندامێكی كوردی لیژنەی دانوستان، بە (كەركوك ناو)ی وت "دەتوانم ئەوەندە بڵێم کە کۆبونەوەکان بەشێوەیەکی باش لە بەغدا دەستیپێکردوە، خاڵی گرنگ و چارەنوسساز بۆ کەرکوک گفتوگۆی لەبارەوە کراوە، بەگشتی لایەنەکان لێکتێگەیشتنی باش لە نێوانیاندا هەیە، ئێمە بەردەوام دەبین لە کۆبونەوەکان تا ئەوەی دەگەین بە ڕێکەوتنی سەرەکی سەبارەت بە دۆخی کەرکوک و ئاسایکردنەوەی شارەکە".

گەشبینی ئەو ئەندامەی لیژنەكە بۆ دانوستانەكان لەكاتێكدایە، لە تشرینی یەكەمی 2019 لە چوارچێوەی دانوستانەكاندا، بڕیاربوو پارتی دیموكراتی كوردستان بۆ كەركوك بگەرێتەوە و بارەگاكانیشی رادەستبكرێتەوە، ئەوەش بەپێی بڕیاری عادل عەبدولمەهدی، سەرۆك وەزیرانی پێشوی عیراق، بەڵام بڕیارەكە جێبەجێنەكرا.

"داوکاریی ئێمە بەپێی یاسا و لە چوارچوەی دەستوردایە، بۆیە نامەوێت زۆر لەسەر ناوەڕۆکی داواکارییەکان قسە بکەم"، شاخەوان نەیویست باسی وردەكاریی دانوستانەكان بكات.

دەربارەی هەڵوێستی عەرەب و تورکمان، شاخەوان وتی "پێکهاتەی عەرەب و تورکمان گونجاون لە دانوستانەکان و خاڵی هاوبەش هەیە لە نێوانماندا".

لەو لیژنەیەدا كورد بە سێ ئەندام، عەرەب و توركمانیش هەریەكە بە دوو ئەندام بەشدارن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT