نه‌وتی كه‌ركوك به‌ 33 دۆلار فرۆشراوه‌
داهاتی نه‌وتی عیراق له‌ حوزه‌یراندا نزیكه‌ی سێ ملیار دۆلار بووه‌

كه‌ركوك، 2014، كۆمپانیای نه‌وتی باكور كه‌ سه‌رپه‌رشتی كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوك ده‌كات فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

كه‌ركوك ناو

حكومه‌تی فیدراڵی، به‌رمیلێك نه‌وتی كه‌ركوك و ناوچه‌كانی تری عیراقی به‌ 33 دۆلار فرۆشتووه‌، داهاتی هه‌موو هه‌نارده‌ی نه‌وتیش له‌ مانگی حوزه‌یراندا گه‌یشتۆته‌ نزیكه‌ی سێ ملیار دۆلار.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق، هه‌نارده‌ی نه‌وتی خاو له‌ ته‌واوی كێڵگه‌كانی وڵاتدا بۆ مانگی حوزه‌یرانی 2020 گه‌یشتۆته‌ زیاتر له‌ 84 ملیۆن و 490 هه‌زار به‌رمیل نه‌وت، به‌ داهاتی دوو ملیار و 861 ملیۆن و 140 هه‌زار دۆلار.

ئه‌وه‌ش له‌ كاتێكدایه‌ له‌ ئایاری رابردودا داهاتی نه‌وت زیاتر له‌ دوو ملیار، له‌ نیساندا زیاتر له‌ ملیارێك، له‌ ئاداردا نزیكه‌ی سێ ملیار و له‌ مانگی شوباتیشدا زیاتر له‌ پێنج ملیار دۆلار بوو.

نه‌وتی خاوی عیراق له مانگی حوزه‌یراندا هه‌ر به‌رمیلێكی به‌ 33.864 دۆلار فرۆشراوه و زیادیكردووه‌ به‌راورد به‌ مانگی ئایار كه‌ 21 دۆلار بوو.

عاسم جیهاد، وته‌بێژی وه‌زاره‌تی نه‌وتی عیراق له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا رونیكردۆته‌وه‌ مانگی حوزه‌یرانی ئه‌مساڵ له‌ كێڵگه‌ نه‌وتییه‌كانی كه‌ركوكه‌وه‌ سێ ملیۆن و 482 هه‌زار و 519 به‌رمیل هه‌نارده‌ی به‌نده‌ری جه‌یهان كراوه‌ له‌ توركیا، كه‌ رۆژانه‌ ده‌كاته‌ 116 هه‌زار به‌رمیل.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور-ی سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT