شنگال لە "رێککەوتنێكی ناتەواو"ـدا
حكومەتی فیدراڵی مانگێك بۆ چارەسەر دادەنێت و هەرێمی كوردستانیش نیگەرانە

نەینەوا/ نمایشێكی سەربازی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە) لە شنگال فۆتۆ: راگەیاندنی یەبەشە

كەركوك ناو – نەینەوا

حكومەتی فیدراڵی عیراق، بەڵێنی پاشەكشێی سەربازی لە توركیا وەرگرتووە و سەرقاڵی تێكەڵكردنی چەكدارانی یەكینەكانی بەرخودانی شنگال (یەبەشە)ـیە، تا لە مانگێكدا كۆتایی بە كێشەی ئەمنی قەزاكە بهێنێت، بەڵام هەرێمی كوردستان نیگەرانە لەو هەنگاوانە و پێیوایە پێشێلكاری هەیە، لەگەڵ ئەوەدایە بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنی شەش ساڵ لەمەوبەر.

مشتومڕ و هەڵوێستی هەردوو حكومەت لەسەر قەزای شنگالی جێناكۆك لە خۆرئاوای نەینەوا، لە پانێڵێكی دیداری مێری هات لە هەولێر، كە ئەمڕۆ سێشەممە 13ـی تشرینی یەكەمی 2026 بۆ هەریەك لە قاسم عەبودی، راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عیراق و رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی حكومەتی هەرێم رێكخرابوو.

 

تێگەیشتنی ئەمنی و تێكەڵكردنی چەكدارانی یەبەشە

راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی عیراق ئاشكرایكرد، كە حكومەتی فیدراڵی گەیشتۆتە رێككەوتنی یەكلاییكەرەوە لەگەڵ چەكدارانی ئێزیدی نزیك لە پارتی کرێکارانی کوردستان (پەكەكە)، بەهۆیەوە لە چیای شنگال پاشەكشێ دەكەن و چەكەكانیان رادەست دەكەن، لە بەرانبەر تێكەڵكردنی چەكدارەكانیان بە شێوەیەکی فەرمی لە دامەزراوە سەربازی و ئەمنییەکانی دەوڵەتدا.

ئەو پرۆسەیە دەستیپێكردووە و وەكو قاسم عەبودی دەڵێت، تائێستا نزیكەی هەزار و 500 چەكدار تێكەڵ بە هێزە عیراقییەكان كراون، هەروەها ئامادەكاری دەكرێت بۆ تێكەڵكردنی هەزار و 500 چەكداری دیكە، هەر بەپێی رێككەوتنەكە 500 ژنە چەكداری ئێزیدی لە پۆلیسی كۆمەڵگەییدا جێگەیان دەكرێتەوە.

پێشتر (كەركوك ناو) لە بەدواداچونێكدا بڵاویكردەوە كە یەبەشە قایل بوون بە چەكدانان لە شنگال، لەڕێی تێكەڵكردنی هێزەكانیان بە هێزەکانی حكومەتی فیدراڵی. یەبەشە، لە سەروبەندی كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال لەژێر دەستی چەكدارانی "دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام ناسراو بە داعش" و لە ساڵی 2015ـدا لە خەڵكی ناوچەكە پێكهێنراوە.

ybsh singar (3)
نەینەوا/ هێزێكی یەبەشە لە نزیكی چیای شنگال فۆتۆ: راگەیاندنی یەبەشە

عەبودی جەختیكردەوە، كە فەرماندەی گشتی هێزە چەکدارەکان دروستکردن یان پێکهێنانی هەر پێکهاتە یان یەکەیەکی سەربازی سەربەخۆ یان خاوەن ناونیشانی تایبەتیان لە دەرەوەی چوارچێوەی دامەزراوە ئەمنییە فەرمییەکاندا رەتكردۆتەوە، وتیشی، هەوڵی ئەوان بۆ ئەوەیە چارەسەری نیگەرانییە ئەمنییەكانی خەڵكی شنگال بكەن و رێگری بكەن لە دوبارەبونەوەی روداوەكانی ساڵی 2014، ئەوەش بەڕێگەی ئاشتی و دوور لە بژاردەی پێكدانانی سەربازی.

"من گەشبینم بە دۆسیەی شنگال و لە ماوەی مانگێكدا كێشەكانی ئەو قەزایە چارەسەر دەكرێن" راوێژكاری ئاسایشی نیشتیمانی وای وت، ئاماژەی بەوەشدا لە داهاتوودا هێزەكانی دیكە لە سوپا، پۆلیسی فیدراڵی یان حەشدی شەعبی لە شنگال نامێننەوە و شارەكە دەبێت لەلایەن خەڵكەكەیەوە بەڕێوەببرێت.

ئەو گۆڕانكارییە لە بڕیار و هەڵوێستەكانی یەبەشەدا، كە ساڵانێكە چەكداماڵینیان بە هێڵی سور دەزانن، پەیوەندی بە زنجیرەیەك گۆڕانكاری هەرێمایەتی و ئاڵۆزی ئەمنییەوە هەیە، لە نێویاندا كۆتاییهاتنی ئەركەكانی هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عیراق بە سەركردایەتی ئەمریكا، فشارەكانی توركیا و لێكەوتەی روداوەكانی سوریا.

عەبودی باسی رەهەندی هەرێمایەتی كێشەی شنگالی كرد و نەیشاردەوە، كە توركیا نیگەرانی هەبووە دەربارەی مانەوەی یەبەشە لە چیای قەزاكە، لە ئەنجامی دانوستانەكاندا، نیگەرانی توركیا نەما و بوونە هۆی قایلکردنی ئەنكەرە بۆ کشانەوەی قۆناغ بە قۆناغ لە سەربازگەی باشك لە نەینەوا.

توركیا كە لە ساڵانی رابردوودا چەندین جار بۆردومانی ناوچە جیاوازەكانی شنگالی كردووە بە پاساوی هەبوونی گروپە چەكدارەكانی نزیك لە پەكەكە، زیاد لە جارێكیش هەڕەشەی ئۆپەراسیۆنی زەمینی كردووە، ئێستا لە پرۆسەی ئاشتیدایە بۆ چەكدانانی پەكەكە و هەوڵدەدات هەمان هەنگاو، گروپە چەكدارەكانی ئەو هێزە لە عیراق و سوریا بگرێتەوە.

 

هەولێر دڵی لای رێككەوتنی 2020ـە

قسەكانی رێبەر ئەحمەد، وەزیری ناوخۆی هەرێمی کوردستان لە دیداری مێری، وێنەیەكی تەواو جیاواز و دژ بە بۆچوونەكانی لێپرسراوەكەی عیراق بوو، ئەو رەخنەی لە هەنگاوەكانی ئێستای حكومەت لە شنگال گرت و جارێكیتر بەناوی هەرێمەوە داوایكرد، بگەڕێنەوە بۆ رێككەوتنەكەی شەش ساڵ لەمەوبەر.

پێشتر و لە ساڵی 2020ـدا، هەردوو حكومەتی عیراق و هەرێمی كوردستان رێككەوتنی شنگال-ـیان واژۆكرد، بۆ چارەسەركردنی كێشە ئیداریی و ئەمنییەكانی قەزاكە، لە نێویاندا دانانی قایمقام و دەركردنی هێزەكانی نزیك لە پەكەكە، بەڵام ئەو رێككەوتنە جێبەجێنەكراو و تائێستاش لە شنگال نزیكەی هه‌شت هێزی چه‌كداری جیاواز هه‌ن.

توركیا نیگەرانی ئەمنی هەبوو دەربارەی چیای شنگال و گروپەكانی ئەو ناوچەیە

ئەحمەد جەخیكردەوە هەر هەوڵ و هەنگاوێك بۆ چارەسەر لە شنگال، ئەگەر رێز لە بڕگەكانی رێككەوتنەكە كۆنەكە نەگیرێت، ئەوا چارەسەرێكی كەموكورتە و ناوەڕۆكی كێشەكان پشتگوێدەخات.

یەبەشە، رۆڵیان هەبوو لە كۆنتڕۆڵكردنەوەی شنگال، دوای ئەوەی لە ئابی 2014ـدا قەزاكە كەوتە دەستی داعش و هەزاران هاوڵاتی ئێزیدی روبەڕوی كوشتن، رفاندن و ئاوارەیی بوونەوە.

وەزیری ناوخۆ هەوڵەكانی ئێستای بۆ چارەسەری كێشەی شنگال وا وێنا كرد، "کورتکردنەوەی بریاری دەوڵەتە لە بەرژەوەندی گرووپە چەکدارەكانی چیای شنگال"، پێشیوایە ئەو گروپانە و هەنگاوەكانی ئێستا رێگرە لە جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەكەی پێشتر كراوە.

"مخابن هەنگاوێک هەیە لەلایەن حکومەتی فیدراڵییەوە بە بێ هەماهەنگی لەگەڵ حکومەتی هەرێمی کوردستاندا"، ئەوەشی بە پێشێلكردنی رێككەوتنەكەی ساڵی 2020 لێكدایەوە، داوایكرد حکومەتی فیدراڵی بگەڕێتەوە بۆ جێبەجێكردنی ئەو رێككەوتنەكە بە هەماهەنگی لەگەڵ هەرێم نەك حزب.

شنگال هاوشێوەی چەندین ناوچەی دیكەی نەینەوا لە ساڵانی نێوان 2014 بۆ كۆتایی 2017 روبەڕوی شەڕ و ململانێی چەكداری بۆتەوە، بەهۆیەوە ژێرخانی خزمەتگوزاری وێران بوو. ئەوەش لە كاتێكدایە هێشتا هەزاران خێزان لە ئاوارەییدا دەژین بەهۆی نەبونی سەقامگیری تەواوەتی و كەمی پرۆژەكانی خزمەتگوزاری.

وەزیری ناوخۆی هەرێم، هۆشداریشیدا لە گۆڕانکاری دیموگرافی و ئایینی کە بەسەر ناوچەکەدا هاتووە، دوای ئەوەی حەشدی شەعبی و پەكەكە رویانكردۆتە شنگال لە ساڵی 2017ـدا، وەك رێبەر ئەحمەد دەڵێت.

 

گرێی پۆستی قایمقام

گرێكوێرەی شنگال تەنیا لە سنوری چەکدانان و دەستتێوەردانە هەرێمایەتییەکاندا ناوەستێت، بەڵکو ناکۆکییەکان لەسەر پۆستی قایمقام یەکێكە لە هۆکارە دیارەكانی پەککەوتنی ئیدارەدانی قەزاكە.

دۆسیەی پۆستی قایمقام، لە دانوستانەكانی ئەمدواییەی نێوان حكومەتی فیدراڵی و یەبەشە و گروپە چەكدارەكانی دیكەدا تاوتوێكراوە، تەنانەت پێشنیازی دانانی حاكمێكی سەربازی كراوە، بەڵام هێشتا ئەو دۆسیەیە بە هەڵپەسێراوی ماوەتەوە.

ybsh singar (5)
نەینەوا/ هێزێكی یەكینەكانی ژنانی شنگال فۆتۆ: یەبەشە

راوێژکاری ئاسایشی نیشتیمانی وتی، پێشنیازی دانانی حاکمی سەربازی پاش هەماهەنگی لەگەڵ سەرۆك وەزیران، رەتكراوەتەوە و مۆڵەت دراوە بە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا، تا لە ماوەیەكی دیاریكراودا قایممقامێکی مەدەنی و سەربەخۆ دابنێت، کە دوور بێت لە پشكپشكێنەی حزبی.

"گرێیەکمان هەیە لە هەڵبژاردنی قایمقامی شنگال"، پێشیوایە دەستتێوەردانی و مەرجی حزبی پرۆسەی دانانی قایمقامی پەكخستووە، داوای لە هەرێمی کوردستان كرد، یارمەتییان بدات لەو دۆسیەیەدا تا قایمقام دابنێن.

شنگال دوو ئیدارەی هەیە، یەكێكیان كۆنە و بە مۆری رەسمییەوە لە دهۆك دەوام دەكات -ئەو ئیدارەیە لە دوای روداوەكانی 16ـی ئۆكتۆبەری 2017 و پاشەكشێی پێشمەرگە لە شنگال و شوێنگرتنەوەی لەلایەن حەشدی شەعبییەوە ناوچەكەیان بەجێهێشت-، ئیدارەیەكی دیكەش بەبێ دەسەڵات لە شنگالە، ئەوەش گرفتە بۆ راییكردنی مامەڵەی هاوڵاتیان و هەرچەندە ئەنجومەنی پارێزگای نەینەوا دوو ساڵ لەمەوبەر قایمقامێكی هەڵبژارد، بەڵام پارتی دیموكراتی كوردستان پێی قایل نییە، ئەو حزبە تا پێش شه‌ڕی داعش ده‌سه‌ڵاتی ره‌های لەوێ هەبوو.

بەبڕوای وەزیری ناوخۆی هەرێم، هەڵبژاردنی قایمقام دەبێت بەپێی چوارچێوە یاسایی و حکومییەکان و رێککەوتنە پەسەندکراوەکانی پێشوو بێت، بەبێ تاكلایەنی یان ملکەچی ئیرادەی حزبی.

رێبەر ئەحمەد دەڵێت بەپێی رێككەوتنەكانی پێشوو، هەرێمی كوردستان كەسێك بۆ پۆستی قایمقام کاندید دەکات و حکومەتی فیدراڵی رەزامەندی لەسەر دەدات، "ئێمە سێ جار کاندیدمان دیاریكرد و حکومەتی فیدراڵی رەزامەندی دەربڕی بەڵام گروپێکی چەکدار رێگر بوو". ناوبراو باسی ئەوكاتە دەكات كە ئەنجومەنی نوێی پارێزگا هەڵنەبژێردرابوو كە دانانی قایمقام لە دەسەڵاتی ئەواندایە.

هەروەها نەیشاردەوە دەستتوەردانی هەرێمایەتی لە شنگال هەیە، لە ئێران و توركیاوە، ئەوانەش كاریگەر بون بۆ قوڵبونەوەی كێشەكان، رەخنەی لە رۆڵی حزب و گروپی چەكداری گرت بۆ دۆسیەی دانانی قایمقام، لەكاتێكدا دۆسیەكە ئەركی حكومەتەكانی بەغدا و هەولێرە لەگەڵ حكومەتی خۆجێیی نەینەوا. ئامادەیی هەرێمی كوردستانیشی نیشاندا بۆ هاوکاری و هەماهەنگی لە چارەسەری كێشەكانی قەزاكەدا، لە نێویاندا دانانی قایمقامی نوێ.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT