بۆشایی ئەمنی
پرسی پێكهێنانی ژوری هاوبەش بۆ ناوچەكانی جێناكۆك زیندودەكاتەوە

سۆران محەمەد

هەردوو وەزارەتی بەرگری عیراق و پێشمەرگە گەڕێكی تری دانوستانەكانیان لەبارەی پرسی ئەمنییەتی ناوچەكانی جێناكۆك دەستپێكردەوە، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ دروستبونی بۆشایی ئەمنی لەو ناوچانە.

پێجشەممە 2ی حوزەیران، هەردوو وەزارەت لەسەر ئاستی باڵا كۆبونەوە و تاوتوێی دۆخی ئەمنی ناوچەكانی جێناكۆكیان كرد لە پارێزگاكانی، كەركوك، نەینەوا، دیالە و سەڵاحەدین.

جەبار یاوەر، ئەمینداری گشتی وەزارەتی پێشمەرگە و بەشداربوی كۆبونەوەكە بۆ (كەركوك ناو)، جەختیكردەوە "کۆبونەوەكە دەربارەی ئەمنییەتی ناوچەكانی جێناکۆک بوو، باسی هەماهەنگی نێوانمان كرد بۆ پڕکردنەوەی ئەو بۆشاییە ئەمنییەی دروستبووە".

یاوەر زیاتر وتی "خاڵی هاوبەشی زۆر لە کۆبونەوەکە هەبوو، بڕیاردراوە کۆبونەوەکان بەردەوامبن و كاتی كۆبونەوەی هەفتەی داهاتوش دانرا".

لە كۆبونەوەكە هەردولا پرسی پێكهێنانی ژورێكی هاوبەش بۆ بەڕێوەبردن و هەماهەنگی لە ناوچەكانی جێناكۆكیان بەگرنگ زانیوە، وەك جەبار یاوەر وتی "ژورەكە لەو ناوچانە دەبێت كە بۆشایی ئەمنی تیایە... باس لەوەشکراوە کە پێویستە لە هەندێك ناوچە بازگەی هاوبەشی پێشمەرگە و هێزە عیراقییەکان هەبێت".

ژورەكە لەو ناوچانە دەبێت كە بۆشایی ئەمنی تیایە

ئەو كۆبونەوانە لە دوای روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017ەوە بەردەوامی هەیە و هێشتا هیچ بەرەو پێشچونێكی ئەوتۆ بەدینەكراوە.

ئەوەش لەكاتێكدایە بەپێی دەستوری عیراق، هێزی ئەمنی هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان دەتوانن بە هاوبەشی ناوچەكانی جێناكۆك بەڕێوەببەن، بەڵام هێزی پێشمەرگەی هەرێم لە دوای 16ی ئۆكتۆبەرەوە لەو ناوچانە بونی نییە.

لەئێستادا دۆخی ئەمنی هەندێك ناوچەی جێناكۆك باش نییە و چەكدارانی نەناسراو ناوبەناو هێرشدەكەنە سەر هێزە ئەمنییەكان، مەدەنیی و گوندنشینان و دەیانكەنە ئامانج.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT