ئاڵای داعش هەڵكرا
لە روبەڕوبونەوەیەكدا حەوت كەس كوژران و برینداربون

دیالە/ حوزەیرانی 2020/ هێزێكی سوپای مغاویر لە شەقامێكی سەرەكی دەرەوەی قەزای خانەقین فۆتۆ: ئەمیر خانەقینی

ئەمیر خانەقینی – خانەقین

لە گوندێكی باكوری خۆرهەڵاتی خانەقین ژمارەیەك چەكداری نەناسراو و هێزە ئەمنییەكانی عیراق روبەڕوبونەوە و بەهۆیەوە كوژراو و بریندار لێكەوتەوە. ئەوەش دوای ئەوە هات كە ئاڵای داعش لەسەر كارگەیەكی چەو و لم هەڵكرا.

عەمید روکن سەرغام عەبد خزر، فەرماندەی لیوای مەغاویر، بە (کەرکوک ناو)ی وت "چەكدارانی داعش ئاڵای خۆیان لەسەر یەكێك لە كارگەكانی چەو و لم لە نزیك گوندی شیرك عەلی داود هەڵكرد، بۆیە هێزێكمان بەرەو ناوچەكە رۆیشتن و لەڕێگا كەوتنە بۆسەیانەوە و شەڕ دروستبوو".

بەهۆی شەڕەكەوە، سەربازێکی سوپای عیراق كوژرا و چواری تری برینداربون. هەورەها "دوو چەكداری داعش" كوژران، ئەوەش بەپێی وتەی عەمید روكن سەرغام عەبد خزر.

گوندی شیرک عەلی داود، دەکەوێتە باکوری خۆرھەڵاتی خانەقین و خەڵكەكەی بە كشتوكاڵ و ئاژەڵدارییەوە سەرقاڵن.

ئەنجومەنی گوندەكە لەڕێی تەلەفونەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەو كارگەیەی ئاڵاكەی داعشی لەسەر هەڵكرابوو، 700 مەتر لە گوندەكەوە دورە".

ئەو كارگەیەی ئاڵاكەی داعشی لەسەر هەڵكرابوو، 700 مەتر لە گوندەكەوە دورە

ئەو روبەڕوبونەوەیە، لەكاتێكدایە هێزە عیراقییەكان لە دواین ئۆپەراسیۆنیاندا لە ناوچەكانی جێناكۆك و بەتایبەت لە سنوری قەزای خانەقین، جەختیان لە لاوازكردنی داعش كردەوە بەهۆی ئەو ئۆپەراسیۆنەیانەوە.

hez la xanaqi
دیاله‌، ته‌مموزی 2020، هێزێكی عیراقی به‌شدار له‌ ئۆپه‌راسیۆنی "پاڵه‌وانانی عیراق" له‌ خانه‌قین فۆتۆ: وه‌زاره‌تی به‌رگری

 

ئەو ئۆپەراسیۆنە كە لەژێر چاودێری مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، 14ی تەمموز كۆتایی هات، تیایدا سێ چەكدار كە هێزە ئەمنییەكان بە "داعش" ناویان دەبەن كوژران و دەیان مۆڵگە و حەشارگەی گروپە چەكدارەكان لەناوبران.

به‌وته‌ی هێزە بەشداربوەكانی ئۆپەراسیۆنی "پاڵەوانانی عیراق"، كە بە (كەركوك ناو)یان وت "ئۆپەراسیۆنەكەیان کاریگەری "گرنگی" دەبێت لەسەر لاوازبونی داعش و کەمکردنەوەی کردەوە توندوتیژییەكان ده‌بێت".

جگە لەو هێرشەی دوێنێ سێشەممە، رۆژێك دوای ئۆپەراسیۆنەكە و لە 15ی ته‌مموز  
جوتیارێك كوژرا و چوار هاوڵاتی تر برینداربون، ئه‌وه‌ش له‌ هێرشێكی چه‌كدارانی نه‌ناسراو بۆ گوندێكی جه‌له‌ولا.

بەپێی زانیارییەكانی (كەركوك ناو)، چەكدارانی نەناسراو لە گوندەکانی ناوچەی گڵەی باکوری خۆرھەڵاتی خانەقینیش بەهۆی بونی حەشارگە و شوێنی مانەوەیان توانای چالاكییان هەیە.

 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT