مامۆستایانی خوێندنی كوردی داوادەكەن وەك عیراقییەك مامەڵەیان لەگەڵدا بكرێت

كەركوك/ تەمموزی 2020/ مامۆستایانی خوێندنی كوردی داوای گواستنەوەی راژەكانیان دەكەن لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ حكومەتی عیراق فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

مامۆستایانی خوێندنی كوردی لە پەروەردەی كەركوك دوو داواكاری ئاراستەی سەرۆك كۆماری عیراق و ئەنجومەنی وەزیران دەكەن، لەنێویاندا گواستنەوەی راژە و خزمەتەكانیان لە حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ و مامەڵەكردن لەگەڵیاندا وەكو هاوڵاتییەكی عیراقی.

ئەو داواكارییانە لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا هات كە ئەمڕۆ یەكشەممە 26ی تەمموز لە كەركوك بەڕێوەچوو. وەك خۆیان جەختیانكردەوە نوێنەرایەتی نزیكەی هەشت هەزار مامۆستا و فەرمانبەری خوێندنی كوردی دەكەن.

لە بەیاننامەیەكدا كە سارا جەوهەر محەمەد، مامۆستا لە بەشی خوێندی كوردی خوێندییەوە، وتی "داوادەكەین حكومەتی عیراق دڵی هەشت هەزار خێزان ئاسودە بكات و لەو نەهامەتییانە رزگارمان بكات. چونكە ئێستا مانگی تەمموزە و ئێمە هێشتا موچەی مانگی ئازارمان وەرنەگرتووە".

وتیشی "داوادەكەین هەوڵی جدی بدرێت بۆ گواستنەوەی راژە و خزمەتمان لە وەزارەتی پەروەردەی حكومەتی هەرێمی كوردستانەوە بۆ حكومەتی عیراق، بەو پێیەی خەڵكی ئەم شارەین".

لە خاڵێكی تری داواكارییەكانیاندا، جەختیانكردەوە تا داواكاری سەرەوە جێبەجێدەكرێت، "لەو بەشە بودجەیەی حكومەتی عیراق بۆ حكومەتی هەرێمی كوردستانی دەنێرێت، بەشی خوێندنی كوردی جیابكرێتەوە و راستەوخۆ رەوانەی بانكێكی كەركوك بكرێت، ئەوەش بێ لێبڕین و كەمكردنەوە هەموو مانگێك بەسەر مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردیدا دابەشبكرێت".

خوێندنی كوردی لە كەركوك راژە و خزمەتیان سەر بە حكومەتی هەرێمی كوردستانە و حەوت هەزار و 751  مامۆستا و فەرمانبەری هەیە و كە وانە بە 100 هەزار خوێندكار دەڵێنەوە لە 500 خوێندنگە.

سارا جەوهەر لە كۆنگرەكەدا وتی "لە 2003وە خزمەت دەكەین، بەپێی ماددەی 4ی دەستوری عیراق زمانی كوردی زمانی رەسمییە و ئێمەش بەپێی سەرژمێری ساڵی 1957 خەڵكی ئەم شارەین، فۆرمی خۆراك و پسولەی نیشتەجێیبونمان كەركوكە، بە مافی خۆمانی دەزانین، راژە و خزمەتمان بگوازێتەوە سەر شارەكەی خۆمان".

"داواكارین وەكو هاوڵاتییەكی عیراقی مامەڵەمان لەگەڵدا بكرێت، كێشەكەمان وەكو كێشەی عیراقییەكی سەیر بكرێت نەك كێشەیەكی سیاسی"، سارا وایوت.

كێشەكەمان وەكو كێشەی عیراقییەكی سەیر بكرێت نەك كێشەیەكی سیاسی

حكومەتی هەرێمی كوردستان لە 2014ەوە ناتوانێت لەكاتی خۆیدا موچەی فەرمانبەرانی بدات، بەو هۆیەوە جگە لە پەیڕەوكردنی سیستمی پاشەكەوتكردنی موچە، موچەی چەندین مانگیشی نەداوە.

لە ماوەی شەش ساڵی رابردودا مامۆستایان و فەرمانبەرانی خوێندنی كوردی لە كەركوك، چەندینجار داواكاری گواستنەوەی راژەكانیان ئاراستەی حكومەتی عیراق كردووە، بەڵام وەڵامیان نەدراوەتەوە.

بەیاننامەكەی ئەمجارە لەلایەن دەستەی مامۆستایانی ناڕازیی و لیژنەی هەڵوێست ئامادەكرابوو. ئەو دوو گروپە بۆ داكۆكیكردن لە مافی مامۆستیان و فەرمانبەرانی خوێننی كوردی لە كەركوك دامەزراون.

لە بەیاننامەكەدا مۆڵەتی 15 رۆژ بۆ وەڵامدانەوییان دانراوە، بەپێچەوانە هەڕەشەی گرتنبەری رێكاری تر دەگرنەبەر لە مانگرتن و خۆپیشاندان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT