سێ داواكاریی، سێ گروپ و یەك خۆپیشاندان

كەركوك/18ی ئابی 2020/ دەرچووانی زانكۆی كەركوك لەبەردەم بینای پارێزگا داوای دامەزراندن و دەرفەتی كار لە حكومەت دەكەن فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

لەیەككاتدا سێ گروپی جیاواز، خۆپیشاندانیان لە بەردەم بینای پارێزگای كەركوك سازكرد  و سێ داواكارییان ئاراستەی حكومەتی عیراق كرد.

ئەو خۆپیشاندانانە ئەمڕۆ سێشەممە 18ی ئاب بەڕێوەچون، گروپی دەرچووانی كۆلێژی ئەندازیاری، مامۆستایانی خوێندنی و دەرچوانی كۆلێژە زانستییەكان، هەرسێكیان داواكارییەكانیان ئاراستەی حكومەتی عیراق كرد.

مامۆستایانی خوێندنی كوردی، سەر بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی كەركوك، بۆ جارێكی تر لە خۆپیشاندانێكدا داوایانكرد ملایكیان لە حكومەتی هەرێمەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ بگوازرێتەوە.

سەیران عەلى، یەكێك لە خۆپیشاندەرەكان، بە (كەركوك ناو)ی وت "بەو پێیەى ئێمە لە شارى کەرکوک دەژین و ئەو شارە سەر بە حکومەتى ناوەندە، دەمانەوێت راژەكانمان لە هەرێمەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ بگوازرێتەوە".

راژەكانمان لە هەرێمەوە بۆ حكومەتی فیدراڵ بگوازرێتەوە

ئەو داواكارییە هاوكاتە لەگەڵ ئەوەی حكومەتی هەرێم لە دوای ساڵی 2015ەوە ناتوانێت لەكاتی خۆیدا موچەی فەرمانبەرانی بدات، لەو ماوەیەدا سیستمی پاشكەوتكردن موچەی پەیڕەوكردووە، كە بەهۆیەوە موچەی فەرمانبەران كەمكراوەتەوە.

xopish-1

كەركوك/ 18ی ئابی 2020/ دەرچویەكی زانكۆ لەبەردەم بینای پارێزگا هوتاف دژی حكومەت دەڵێیتەوە و داوای دامەرزاندن دەكات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

هەروەها لە دواین بڕیاری ئەنجومەنی وەزیرانی هەرێم. دوێنێ دووشەممە بڕیاردرا هەموو فەرمانبەران بەڕێژەی لەسەدا 21 موچەكانیان كەمبكرێتەوە، ئەوەش دوای 50 رۆژ لە پێنەدانی هیچ موچەیەك.

سەیران وتیشی "ئێمە لە ماوەى پێشوشدا سێ داواکاریمان ئاراستەى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق كرد، بەڵام هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرت، چیتر تواناى چاوەڕوانیمان نەماوە، ئێمە لە شارى کەرکوک خاوەن هیچ ئیمتیازاتێک نین نە لە کوردستان نە لە بەغدا".

پێشتر سێ داواکاریمان ئاراستەى هەر سێ سەرۆکایەتییەکەی عیراق كرد، بەڵام هیچ وەڵامێكمان وەرنەگرت

دەرچووانی كۆلێژە زانستییەكان، گروپێكی تری خۆپیشاندانەكانی بەردەم بینای پارێزگا بون.

خەندە عەدنان، یەكێك لەو دەرچووانە وتی "ئەمە دووەمین رۆژە لێرە خۆپیشاندان دەكەین، داواکارین دابمەزرێین، ئەوە بۆ ماوەى چەندین ساڵە دامەزراندن بۆ ئێمە نییە".

ئەو پێنج ساڵ لەمەوبەر كۆلێژی تەواو كردووە و لەماڵەوە بێكارە، وتی "حکومەت هەلى دامەزراندن لەڕێگاى وێبسایتە فەرمییەکانەوە بڵاودەکاتەوە، بەڵام دواتر تەنیا ئەوانە دادەمەزرێنرێن كە پاڵپشتییان هەیە".

كچە خوێندكارەكانی كۆلێژە زانستییەكان تا ئێوارە بەردەوامبون لە خۆپیشاندان، كوڕەكانیش شەوان لەبەردەم بینای پارێزگا دەمێننەوە.

xopishshan

كەركوك/ 18ی ئابی 2020/ دەرچویەكی زانكۆ لەبەردەم بینای پارێزگا داوای دامەرزاندن دەكات فۆتۆ: كاروان ساڵحی

گروپی دەرچوانی كۆلێژی ئەندازیاری بەشێكی تر بون لە خۆپیشاندانەكەی ئەمڕۆ سێشەممە و هەمان داوای دامەزراندنیان هەبوو.

ئەوان لە كانونی یەكەمی 2019ەوە 13 خۆپیشاندانیان ئەنجامداوە و گوێیان لێ ناگیرێت. بەهەمان شێوەی دەرچوانی كۆلێژە زانستییەكان كوڕەكان شەوان لەوێ دەمێننەوە.

ئیناس حەمەد، دەرچوى کۆلێژى ئەندازیارى، بە (كەركوك ناو)ی وت "نوێنەرمان لەگەڵ پارێزگارى کەرکوک و ئەندامانى پەرلەمان سەردانى وەزیرى نەوتیان کردووە، بەڵام وەڵامێکى گونجاومان دەستنەکەوتووە".

ئەو وتی "وەزیرى نەوت سێ بژاردەى خستە بەردەممان کە بریتییە لەوەى دابمەزرێین بە گرێبەستى وزارى، بەڵام موچەکانمان لەسەر پترۆدۆلار بێت، بژاردەى دووەم کۆمپانیاى نەوتى باکور لەگەڵ کۆمپانیایەکى ئەهلى گرێبەستیان هەیە کە ئێمە بڕۆینە لاى ئەو کۆمپانیایە راهێنانمان پێبکەن و سوکە موچەیەکمانش پێبدەن، بژاردەى سێیەم چاوەڕوانى بودجەى ساڵى 2021 بکەین بۆ ئەوەى لەسەدا 50ی خۆپیشاندەران دابمەزرێن و سەدا پەنجاكەی تر بۆ گشتى بێت، واتە دەرچوانی كۆلێژەكانی تر".

بەڵام ئیسنا وتی "ئەوانە هەموو قسەن و هیچی نەبووە بە كردرا".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT