بەڕێوەبەری بنكەی پۆلیسی عروبە ئازادكرا
لێكۆڵینەوە لە هۆكاری تەقینەوەكەی كەركوك دەكرێت

كەركوك/23ی ئابی 2020/ شوێنەواری تەقینەوەی بۆمبێك لە گەڕەكی قادسیە فۆتۆ: گۆران بابان

كەركوك ناو

فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوك، بڕیاریدا بە ئازادكردنی عەمید هەڤاڵ عەبدولمحسن بەرزنجی، بەڕێوەبەری پۆلیسی عروبە، كە لە چوارچێوەی لێكۆڵینەوە لە دۆسییەی تەقینەوەكەی دوێنێ یەكشەممە دەستبەسەركرابوو.

سەرچاوەیەكی نزیك لە پۆلیسی عروبە، بە (كەركوك ناو)ی وت "عەمید هەڤاڵ دوای تەقینەوەكەی گەڕەكی قادسییە دەستبەسەركرا و لێكۆڵینەوەی لەگەڵدا كرا، بەڵام پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ دووشەممە ئازادكرا".

سەرچاوەكە جەختیكردەوە لەوەی سەعد حەربییە، فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك، لێكۆڵینەوەكانی لەسەر ئەو دۆسییەیە دەستپێكردووە و دەستبەسەركردنی عەمید هەڤاڵ-یش هەر لەو چوارچێوەیەدا بووە.

"لەئێستادا دۆسییەكە دراوەتە دەست لیژنەیەک بۆ لێكۆڵینەوە كە لایەن فەرماندەی ئۆپەراسیۆنەكانی كەركوكەوە سەرپەرشتی دەكرێت، بۆ دیاریكردنی ئەوانەی لەو پرسەدا كەمتەرخەم بون"، سەرچاوەكە وایوت.

دۆسییەكە دراوەتە دەست لیژنەیەک بۆ لێكۆڵینەوە و دیاریكردنی ئەوانەی لەو پرسەدا كەمتەرخەم بون

تەقینەوەكە ئێوارەی یەكشەممە 23ی ئاب، لەڕێی بۆمبێکی چێنراوەوە رویدا كە هاوكات بوو لەگەڵ نزیكبونەوە و ئامادەكارییەكان بۆ مەراسیمی یادی عاشورای تایبەت بە شیعەكان.

عەلا موسەوی، كە سەرپەرشتیاری ئەو دەوارەی دەكرد، لەلێدوانیكیدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "كاتێك ئەم خێمەیەم هەڵدا، لەلایەن پۆلیسی كەركوكەوە دڵنیایی ئەوەمان پێدرا كە ژیانمان پارێزراو دەبێت، بەڵام بەداخەوە وەک دیارە تیرۆریستان دەستی خۆیان وەشاند و بە تەقاندنەوەی بۆمبێك شەش كەس برینداربون".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT