حکومەتی هۆڵەندا نزیکەی "یەك ملیۆن یۆرۆ" قەرەبوی هاوڵاتییەکی عیراقی دەکاتەوە

خانوەكەی باسم رەزۆ، پێش بۆمبارانەكە و دوای بۆمبارانەكە لە موسڵ و لەلایەن فڕۆكە جەنگییەكانی هۆڵەنداوە فۆتۆ: نیوێرك تایمز

‌كەركوك ناو

هاوڵاتیەکی عیراقی کە لە ساڵی 2015دا چوار ئەندامی خانەوادەکەی لە بۆمبارانێكدا لەلایەن فڕۆکەی جەنگی هۆڵەندییەوە کوژراون، نزیکەی "یەك ملیۆن یۆرۆ" (بەگوێرەی هەندێك سەرچاوە کە بۆ رۆژنامەی هۆڵەندی 'ئێن ئار سی' و دەزگای هەواڵیی حکومیی 'ئین ئۆ ئێس') قەرەبوو وەردەگرێت لەلایەن حکومەتی هۆڵەنداوە.

بۆمبارانەکەی سەر موسڵ

فڕۆکە جەنگییەكانی هۆڵەندا لە شەوی ٢٠ لەسەر ٢١ی ئەیلولی ساڵی ٢٠١٥، دوو خانوی تەنیشت یەكیان لە موسڵ پێكا. خانوەکان هی خێزانەکانی باسم رەزۆ و براکەی بون.

بەهۆی بۆمبارانەکەوە ژن، کچ، برا و برازاکەی باسم دەکوژرێن. باسمیش بە قورسی بریندار دەبێت؛ قاچی چەپ، حەوزی و چەند ئێسکێکی تری جەستەی دەشکێن و پارچەی بۆمب لەپشتی دەدات و توانای رۆیشتی نامێنێت. ئەوە بەپێی رۆژنامەی ئێن ئار سی.

هۆڵەندییەکان زانیاریی هەواڵگرییان لە ئەمریکییەکانەوە وەرگرتووە کە گوایە ئەو دوو خانووە لەلایەن چەکدارەکانی داعشەوە بەکارهێنراون.

ئانك بایلەفێڵد، وەزیری بەرگری هۆڵەندا (ئانك بایلەفێڵد) مانگی یازدەی ٢٠١٩ بە میدیا دەڵێت کە هەڵەکە لەلایەن دەزگا هەوڵگیرییە ئەمریکاییەکانەوە کراوە، وە هەرچەندە حکومەتی هۆڵەندە هەست بە برپرسیارێتی دەکات، بەپێی یاسا بەرپرسیاری کارەساتەکە نییە.

نە باسم و نە حکومەتی هۆڵەندی نایانەوێت ئاشکرای بکەن بڕی قەرەبوەکە بە تەواوی چەندە.

ئانك بایلەفێڵد، وەزیری بەرگری هۆڵەندا، لە نامەیەکیدا بۆ پەرلەمانی وڵاتەكەی، کە چەند جارێك مشتومڕییان لەسەر ئەو مەسەلەیە هەبووە، نوسیویەتی: "بڕیارمدا کە خۆبەخشانە و لەبەر هۆکاریی مرۆیی، قەرەبوو پێشکەش بکەم... حکومەتی هۆڵەندا بەرپرسیارێتی ناگرێتە ئەستۆی خۆی".

لەوکاتەوەی بۆمبارانەکە کراوە، لە پێنج ساڵی رابردودا، باسم بۆ چەند دەزگایەکەی هەواڵی قسەی كردووە. لە ساڵی ٢٠١٧ رۆژنامەی ئەمریكی نیوێرك تایمز، راپۆرتێکی درێژی لەسەر بۆمبارانەکە و ژیانی باسم بڵاوكردەوە.

بۆمبارانەکەی سەر حەویجە

مانگی یەکی ئەمساڵ دەزگای هەواڵی حکومیی هۆڵەندی (ئێن ئۆ ئێس) نوسیویەتی کە ٦٠ کەس حکومەتی هۆڵەندا دەدەن بە دادگا، ئەوەش لەسەر بۆمبارانێك بۆ سەر قەزای حەویجە بە باشوری خۆرئاوای كەركوك و دوای ئەوەی بۆمبارانەكەی فڕۆکەی جەنگی هۆڵەندا بۆووە هۆی كوژرانی 70 كەس لە ساڵی 2015دا.

ئامانجی بۆمبارانەکەی سەر حەویجە کارگەیەکی داعش بوو كە ئۆتۆمبێلی تیادا بۆمبڕێژدەكرا.

کارگەکە رێژەیەکی زۆری تەقەمەنی تێدابووە و تەقینەوەی بۆمبارانەكە هێندە گەورە بووە، گەڕەکێکی حەویجەی بە تەواوی وێرانکردووە.

کاتێك مارك ڕوتە، سەرۆك وەزیرانی هۆڵەندا لە پەرلەمانی وڵاتەكەی لێپرسینەوەی لێكرا، لەلایەن ئەندام پەرلەمانەکانەوە لەسەر ئەوەی گوایە مەسەلەکە لەلایەن کابینەکەیەوە دیزە بەدەرخونە کراوە. مارك ڕوتە نكۆڵی كرد. بەڵام دانیبەوەدا ناوە کە وەزیری بەرگری ئەوکاتە (ژێنین هێنیس-پلاسخارت) کە ئێستا نوێنەری سکرتێری نەتەوە یەکگرتوەکانە لە عیراق، هەڵەیەکی کردووە لە نامەیەکیدا. لە نامەکەدا نوسیویەتی کە گوایە هیچ هاوڵاتییەکی مەدەنی بەهۆی بۆمبارانەکەی سەر حەویجە نەکوژراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT