گەشتی دەرەوە لە نەجمەدین كەریم و راكان سەعید قەدەغەدەكرێت و دەدرێنە دادگا

راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك

كەركوك ناو

دەستەی نەزاهەی عیراق گەشتی دەرەوە لە هەریەكە لە نەجمەدین كەریم، راكان سەعید و 23ی فەرمانبەری تری پارێزگای كەركوك قەدەغە دەكات و بە تۆمەتی "گەندەڵی" لە پڕۆژەیەكی 57 ملیار دیناریدا بۆ لێكۆڵینەوە بانگهێشتی دادگا دەكرێن.

دەستەكە ئەمڕۆ سێشەممە 15ی ئەیلول لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە لەوەی "فەرمانی بانگهێشتكردن بۆ لێكۆڵینەوە و قەدەغەی هاتوچۆی بۆ پارێزگاری كەركوك و بەڕێوەبەری بیناسازی پەروەردەیی دەركردووە، لەگەڵ دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ 23 فەرمانبەر، ئەوەش لە دۆسیەیەكی پەیوەست بە دروستكردنی خوێندنگە".

بەپێی راگەیەنراوەكەی فەرمانگەی لێكۆڵینەوەی دەستەی نەزاهەی عیراق، ئەو بڕیارە لەلایەن دادگای لێكۆڵینەوەی تایبەت بە دۆسییەكانی نەزاهە لە كەركوك دەرچووە، ئەوەش بە ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی و بەهۆی "هەبونی حاڵەتەكانی بەهەدەردانی سامانی گشتی لە پڕۆژەی بنیاتنانی خوێندنگە كە جێبەجێكردنی بە كۆمپانیایەكی بیانی دراوە بە تێچوی 57 ملیار و 894 ملیۆن دینار".

بەهۆی هەبونی حاڵەتەكانی بەهەدەردانی سامانی گشتی لە پڕۆژەی بنیاتنانی خوێندنگە كە جێبەجێكردنی بە كۆمپانیایەكی بیانی دراوە بە تێچوی 57 ملیار و 894 ملیۆن دینار

دۆسیەكە پارێزگاری پێشوی كەركوك (نەجمەدین كەریم)یش دەگرێتەوە، ئەوەش هەر بەپێی راگەیەنراوەكەی دەستەی نەزاهەی عیراق.

دەستەی نەزاهە ئەوەشی رونكرۆتەوە كە هەمان دادگا فەرمانی دەستگیركردن و قەدەغەی گەشتكردنی بۆ 23 فەرمانبەری تری پارێزگای كەركوك و بەڕێوەبەرایەتی گشتی پەروەردەی پارێزگاكە دەركردووە، لە نێویاندا بەڕێوەبەری پێشووی پەروەردە.

به‌پێی ماددەی 340 لە یاسای سزادانی عیراقی، هەر فەرمانبەرێك یان هەر راسپێردراوێك بە خزمەتی گشتی بە ئەنقەست زیان بە سامان و بەرژەوەندی ئەو شوێنە بگەیەنێت كە كاری تیا دەكات ئەوە سزادەدرێت بە ماوەیەك لە حەوت ساڵ زیاتر نەبێت.

ئەو بڕیارانە دوای ئەوە هاتووە كە لە كۆتاییەكانی مانگی ئابدا، دەستەی نەزاهە دەستیگرتووە بەسەر ژمارەیەك بەڵگەنامە و نوسراوی تایبەت بە دروستكردنی خوێندنگەكان لەناو كۆمپانیای جێبەجێكار.

بەپێی بەڵگەنامەكان وەك دەستەكە ئاماژەی پێداوە، كۆمپانیای جێبەجێكار دەستكاری دیزاینی سەرەكی پڕۆژەكەی كردووە، هەروەها ژمارەی خوێندنگەكانی لە 25 خوێندنگەوە بۆ 18 خوێندنگە كەمكردۆتەوە.

لەپاڵئەوەشدا كۆمپانیاكە گۆڕانكاریی لە دیزاین و روبەڕی خوێندنگەكانیشدا كردووە، بەبێ رەزامەدی وەزارەتی پلاندانان، ئەوەش پێچەوانەی ئەو بەندانەیە كە لە گرێبەستی دروستكردنی خوێندنگەكاندا هاتووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT