سەرۆك هۆزەكانی كەركوك: باشترین بژاردە دروستكردنی هێزێكی تێكەڵە

بەغدا/ 18ی ئەیلولی 2020/ كۆبونەوەی بەرهەم ساڵح، سەرۆك كۆمار لەگەڵ ژمارەیەك كەسایەتی و سەرۆك عەشیرەتی كەركوك فۆتۆ: راگەیاندنی سەرۆكایەتی كۆمار

سۆران محەمەد

سەرۆك هۆزەكانی كەركوك دروستكردنی هێزێكی تێكەڵیان وەك باشترین بژاردە داناوە بۆ دۆخی ئێستای پارێزگاكەیان، ئەو بژاردەیەشیان بۆ هەریەكە لە سەرۆك كۆماری عیراق و باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا باسكردووە.

ژمارەیەك لە سەرۆك هۆز و كەسایەتی كەركوك لە كورد، عەرەب و توركمان 18ی ئەیلول لە سەرۆكایەتی كۆمار لەگەڵ بەرهەم ساڵح كۆبونەوە و تیایدا داوای دروستکردنی لیوایەکی سەربازییان کرد بۆ پاراستنی کەرکوک، کە تیایدا نەتەوەكانی پارێزگاكە پێكهێنەری سەرەكی بن.

عوسمان زەنگەنە، یەكێك لە سەرۆك هۆزەكانی كورد، بە (كەركوك ناو)ی وت "دۆخی کەرکوک وایکرد ئێمە بچینە بەغدا بۆ لای سەرۆك كۆمار، وەفدێکمان دروستکرد لە گەڵ برایانی عەرەب و تورکمان و دۆخی پارێزگاكەمان بۆ باسكرد".

"داوامانكرد هەوڵێك بدەن بۆ چارەسەركرنی كێشەی زەویوزاری جوتیاران تا نەگەیشتۆتە شەڕ، گلەیی ئەوەمانكرد لەو بابەتەدا هێزە عیراقییەكان بێلایەن نین"، عوسمان زەنگەنە وایوت.

هەروەها ئەو وەفدە داوایان لە سەرۆك كۆمار كردووە، پەیوەندییەكانی بەكاربهێنێت بۆ دروستكردنی هێزێكی تێكەڵ لە خەڵكی پارێزگای كەركوك.

عوسمان زەنگەنە وتی "سەرۆكایەتی كۆمار بڕیاریاندا لێكۆڵینەوە بكەن لە پرسی پێكهێنانی هێزێكی تێكەڵ".

ئەوەش لەكاتێكدایە لە ماوەكانی رابردودا ژمارەیەك سەرۆك هۆزی كەركوك لەگەڵ باڵیۆزخانەی ئەمریكا لە بەغدا كۆبونەتەوە و هەمان بژاردەیان پێوتون.

عوسمان زەنگەنە وتی "كۆبونەوەكەمان لەگەڵ باڵیۆزخانە لەسەر بانگهێشتی ئەوان و چەند مانگێك لەمەوبەر بووە... من لەو دانیشتنەدا وتم خەڵکی کەرکوک وەک برا دەژین، بەڵام بەداخەوە ئەو هێزەی ئێستا لەم شارە حکوم دەکەن خەڵکی ئەم شارە نین"، زیاتر وتی "ئەمریكییەكان وتیان ئەی چارەسەر چییە؟ وتم باشترین چارەسەر بۆ دۆخی ئێستا ئەوەیە هێزێكی سەربازیی دروستبكرێت لە هەموو پێكهاتەكانی پارێزگاكە... ئەوەندەی ئاگاداربم ئەمریكییەكان ئەو پەیامەی ئێمەیان گەیاندۆتە سەرۆك وەزیرانی عیراق".

نازم عەلی، سەرۆکی حزبی دیموکراتی تورکمانی و بەشداربوی كۆبونەوەكەی سەرۆك كۆمار، جەختیكردەوە "جگە لە داواكردن لە دروستكردنی هێزی تێكەڵ لە خەڵكی كەركوك، پرسی جیاكیاریمان لە دامەزراندنی دەرچووانی زانكۆ و پەیمانگەكان باسكرد، هەروەها پرسی خزمەتگوزاری بۆ كەركوك".

ئەو ژمارە لە سەرۆك هۆز و كەسایەتییەی كەركوك بڕیارە هەفتەكانی داهاتوو بۆ هەمان مەبەست سەردانی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق بكەن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT