گروپێكی فشار
قایمقام و ئیدارەی كەركوك دەدەنە دادگا

كەركوك/ 22ی ئەیلول/ گروپی شەقام لەدژی نرخی زۆری نرخی مۆلیدە ئەهلییەكان سكاڵایان تۆماركرد فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان

گروپی شەقام، هەزار واژۆی هاوڵاتیانیان كۆكردەوە لە دژی گرانی نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان، لە دادگا و دەستەی نەزاهەش سكاڵایان لە دژی قایمقامی كەركوك و ئیدارەی پارێزگا تۆماركرد.

ئەو گروپە كە لەلایەن ژمارەیەك چین و توێژەكانی كۆمەڵگەوە لە مامۆستا، پارێزەر، كاسبكار و فەرمانبەر پێكهێنراوە، ئامانجیان فشار دروستكردنە لەسەر ئیدارەی پارێزگای كەركوك بۆ چارەسەركردنی ئەو كەموكوڕییانەی روبەڕوی ژیانی رۆژانەی خەڵك دەبێتەوە.

ئەمڕۆ سێشەممە 22ی ئەیلول گروپەكە، لە پارکی قەڵای کەرکوک كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانییان سازكرد و تیایدا جەختیانكردەوە لە تۆماركردنی سكاڵا لە دژی قایمقامیەتی ناوەندی کەرکوک و ئیدارەی شارەکە، ئەوەش بەهۆی زۆری نرخی ئەمپێری كارەبای مۆلیدە ئەهلییەكان.

فایەق چراخان، ئەندامی گروپەکە بە(کەرکوک ناو)ی وت "زیاتر لە هەزار واژۆی هاوڵاتیانمان کۆکردۆتەوە بۆ تۆمارکردنی سکاڵا لە دژی ئەو لایەنانەی کەمتەرخەمن یان تێوەگلاون لە پرسی سەپاندنی نرخێکی زۆر بۆ ئەمپێری كارەبای مۆلیدە و سكاڵاكەشمان تۆماركرد".

زیاتر لە هەزار واژۆی هاوڵاتیانمان کۆکردۆتەوە

پێشتر گروپەكە لەبەردەم بینای قایمقامیەت كۆبونەوە و هۆشداریاندا لە وەرگرتنی هەڵوێستی تر ئەگەر گوێیان بۆ نەگیرێت.

تارا شکور، یەکێکی تر لە ئەندامانی ئەو گروپە بە (کەرکوک ناو)ی وت "بە هیواین دادگا و دەستەی نەزاهە رێکاری یاسایی خۆیان دژی ئەو لایەنانە بگرنەبەر و دادپەوەری بەرپابكەن، ئەوەی لەسەر ئێمە بوو تۆماركردنی سكاڵا بوو".

به‌پێی دوایین بڕیاری قایمقامیه‌تی كه‌ركوك، 31ی ئابی رابردوو ده‌رچووه‌، نرخی هه‌ر ئه‌مپێرێكی كاره‌بای مۆلیده‌ له‌ هه‌موو ناوچه‌كانی پارێزگاكه‌ بۆ مانگی ئاب 11 هه‌زار دیناره، ئەو نرخە بەلای گروپی شەقامەوە زۆرە.

فەلاح یایچلی، قایمقامی قه‌زای ناوەندی كەركوك لە مانگی تەمموزی رابردوو بە (كەركوك ناو)ی وت "هەڵمەتێكی ناڕەوا دژ بە من بەڕێوەدەچێت... من نرخی مۆلیدە دانانێم، لیژنەیەك ئەو كارە دەكەن".

هەڵمەتێكی ناڕەوا دژ بە من بەڕێوەدەچێت

وتیشی "حکومەتی عیراق غەدر لە كەركوك دەكات و کەمترین بەشە کارەبامان پێدەدات، ساڵانی پێشتر بڕی 250 مێگاوات كارەبامان لە وەبەرهێنەرێكی هەرێمی كوردستان وەردەگرت، بەڵام ئەوەش نەماوە بۆیە كارەبا خراپ بووە".

گروپی شەقام، داوادەكات ئەو پارەیەی لە بەرامبەر کۆکرنەوەی خۆڵ و خاشاک لە هاوڵاتیان وەردەگیرێت، هەڵبوەشێنرێتەوە، "چونکە حکومەت مانگانە پارەیەكی زۆری لەو بوارەدا دەستدەكەوێت، بەڵام زبڵ و خاشاک، کۆڵان و شەقامەکانی تەنیوە و سیمای شاریشی تێکداوە".

زەکەریا ئەحمەد، ئەندامێكی تری گروپەكە وتی "لەم رێگا مەدەنییانە بەردەوام دەبین تا دەنگ و رەنگی شەقام بەبێ جیاوازی بگەیەنینە لایەنە پەیوەندیدارەکان".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT