پێنج كەس لەسەر دۆسییەی كوشتنی پیاوە ئایینیەكەی شێخان دەستگیركران

میران بورهان (26ساڵ) لەگەڵ دیمەنێك لە مەزاری شێخ شەمس لە شێخان وێنەی فۆتۆ: كەركوك ناو

عه‌مار عه‌زیز – دهۆك

پۆلیسی دهۆك پێنج كەسی دەستگیركرد بە تۆمەتی "بەشداریكردن" لە كوشتنی پیاوە ئایینیەكەی قەزای شێخان و بەپێی لێكۆڵینەوە سەرەتاییەكان كوشتنەكەی پەیوەندی بە پارەوە هەبووە.

ئەو پیاوە ئایینیە (میران بورهان حەمۆ 26ساڵ) لە پێكهاتەی ئایینی ئێزیدی، شەوی 21ی ئەیلول لەلایەن چەند کەسێکی نەناسراوەوە دەستڕێژی گولـلەی لێکراو کوژرا.

جەوهەر عەلی بەگ، بریکاری میری ئێزدییان بۆ کاروباری پەیوەندییەکان، كە وەكو بنەماڵەی میری ئێزیدیان بەدواداچونی دۆسییەكەی گرتەئەستۆ، بە (كەركوك ناو)ی وت "پێنج كەس لەو دۆسییەیە بەشداربون و هەر پێنجیان دەستگیركراون، یەكێك لەو پێنج كەسە تۆمەتباری سەرەكییە و لە ئێستادا پۆلیس لە لێكۆڵینەوەدایە".

"بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێمه کەوتووە، هۆکاری سەرەکی ئەنجامدانی تاوانەکە لەسەر پارە بووە".

بەپێی ئەو زانیارییانەی دەست ئێمه کەوتووە، هۆکاری سەرەکی ئەنجامدانی تاوانەکە لەسەر پارە بووە

رۆژی دوای روداوەكە، حەربی سمو شەمۆ، ئامۆزای ئەو پیاوە ئایینیە، بە(کەرکوک ناو)ی وت "میران دوای کوژرانی تەرمەکەی لەنزیک گوندی بێتنارێ لە سنوری قەزای شێخان دۆزراوەتەوە". زیاتر وتی "کەسێکی زۆر پاک و بێ کێشە بوو، خێزانەکەشی کێشەیان لەگەڵ هیچ کەسێکدا نەبووە، بەڕاستی توشی شۆک بوین نازانین چۆن و کێ ئەم تاوانەی کردووە".

میران لە پێکهاتەی ئایینی ئێزیدییە و باوکی سێ کچە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT