خێزانێكی سێ كەسی لەنێو دەواجنێكدا كوژران و "برایەكیش خوشكەكەی خۆی كوشت"

كەركوك/ یەكی تشرینی یەكەمی 2020/ ئەو ژورەی سێ كەسی یەك خێزانی تێدا كوژرا لە ناحیەی لەیلان فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك

كاروان ساڵحی – كەركوك

خێزانێكی سێ كەسی لە كێڵگەیەكی بەخێوكردنی پەلەوەردا لە ناحیەی لەیلان لە باشوری خۆرهەڵاتی  كەركوك كوژران و تۆمەتبارێك كە خزمی خۆیانە دەستگیركراوە. لە دوو روداوی تردا "ژنێك لەلایەن براكەیەوە كوژرا" و گەنجێكیش لە زێی بچوكدا خنكا.

كوژران و خنكانی ئەو پێنج كەسە لە ماوەی 24 كاتژمێری رابردودا رویدا، ئەوەش بەپێی زیاد لە سەرچاوەیەكی ئەمنی بۆ (كەركوك ناو).

سەرچاوەیەك لە بنكەی پۆلیسی لەیلان، بە (كەركوك ناو)ی وت "لە روداوەكەی گوندی شۆریجەی شێخ محەمەد، سەر بە ناحیەی لەیلان، كە بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە رویدا، ژن و پیاوێك و برازایەكی پیاوەكە كوژراون، شوێنەواری فیشەك بە جەستەیانەوە دیار بووە... ئەو سێ كەسە وەكو كرێكار لەو دەواجنە كاریان كردووە".

شوێنەواری فیشەك بە جەستەیانەوە دیار بووە... ئەو سێ كەسە وەكو كرێكار لەو دەواجنە كاریان كردووە

وتیشی "پۆلیس لێكۆڵینەوەكانی دەستپێكردووە، كەسێك وەكو تۆمەتبار دەستگیركراوە كە خزمی نزیكی ئەو خێزانەیە و لەكاتی دەستگیركردنیدا جلوبەرگەكەی خوێنی پێوە بووە، لەو روداوەدا منداڵێكی بچوكیش بریندار بووە كە منداڵی ئەو ژن و پیاوەیە".

ئەو خێزانە ماوەی ساڵ و نیوێكە لەو كێڵگەیە كار دەكەن و خەڵكی گوندی قەیراوانن سەر بە قەزای شنگال لە پارێزگای نەینەوا.

"دەستگیركراوەكە لە لێكۆڵینەوەكاندا سەرەتا وتویەتی، کۆمەڵێک چەکدار هاتونەتە سەریی و لەژێر فشاری چەکدا، پەلکێشیانكردووە تاوەكو شوێنی ئەو خێزانەیان پێبڵێت، كە گەیشتونەتە شوێنەكەش دەستڕێژی گولـلەیان كردووە و هەرسێكیان هەر لەوێ گیانیانلەدەستداوە"، سەرچاوەكەی پۆلیس زیاتر وتی "شایەتحاڵەكە گومانی زۆر هەڵدەگرێت بەوەی خۆی تاوانەكەی ئەنجامدابێت، چونكە شوێنی پەنجەی خوێناوی بەسەر ئامێری کامێرای چاودێرییەکەوە دەرچووە، پێدەچێت هەوڵیدابێت تۆماری كامێراكە بسڕێتەوە".

شوێنی پەنجەی خوێناوی بەسەر ئامێری کامێرای چاودێرییەکەوە دەرچووە، پێدەچێت هەوڵیدابێت تۆماری كامێراكە بسڕێتەوە

لە روداوێكی تردا، بەرەبانی ئەمڕۆ، ژن و مێردێك لە گەڕەكی پەنجا عەلی، ناكۆكی دەكەوێتە نێویانیان، بەهۆیەوە، ژنەكە بۆ ماڵی باوكی دەگەڕێتەوە.

بەپێی سەرچاوەیەكی ئەمنی، لەگەڵ گەڕانەوەیدا "لەناو ماڵی باوكی دەستڕێژی گولـلەی لێدەكرێت و دەكوژرێت"، سەرچاوەكە زیاتر وتی "بەپێی لێكۆڵینەوە و سایەتحاڵەكان براكەی تەقەی لێكردووە و لەگەڵ كوشتنی خوشكەكەی بۆ شوێنێكی نادیار هەڵاتووە".

ئەو ژنە 20 ساڵە و براكەشی بڕیاری دەستگیركردنی بۆ دەرچووە.

ئێوارەی دوێنێ چوارشەممەش 30ی ئەیلول، تەرمی گەنجێك لەزێی بچوك لە سنوری ناحیەی پردێ (ئاڵتون كۆپری) دۆزرایەوە، بەپێی وتەی عەمید مازن غەریب، بەڕێوەبەری پۆلیسى فریاکەوتن، دۆزینەوەی تەرمی ئەو گەنجە دوای نیو كاتژمێر بووە لەخنكانی.

گەنجەكە ناوی، ئەردەوان حەمزە، 20 ساڵە و دانیشتوی ناحیەكەیە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT