هەڵمەتی دەستگیركردن و سزادانی گەندەڵكاران
سێ لێپرسراوی باڵای كەركوك سزادراون و دەیانی تر بە كەفالەت ئازادكراون

كەركوك/ دیمەنێك لە ناوەندی شار فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

سێ لێپرسراوی باڵای كەركوك و دەیان فەرمانبەر لەسەر دۆسییەی گەندەڵی بە زیندانیكردن سزادراون و دەیانی تریش دۆسییەكانیان هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوەدایە و بە كەفالەت ئازادكراون.

ئەو دۆسییانە كە تایبەتن بە گەندەڵیی و بەهەدەردانی سامانی گشتی، زۆرینەیان بۆ ئەمساڵ دەگەڕێنەوە، دوای ئەوەی لەلایەن دەستەی نەزاهەی كەركوكەوە دۆسیەیان بۆ كراوەتەوە.

سەرچاوەیەک كە ئاگاداری بەشێك لەو دۆسییانەیە و لەبەر هەستیاری بابەتەكە و دروستنەبونی مەترسی لەسەر ژیانیان ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "لەم ماوەیەدا سێ لێپرسراوی باڵای كەركوك لەسەر گەندەڵیی، بە هەدەردانی سامانی گشتی و بەرتیلوەرگرتن دراونەتە دادگا و بە زیندانیكردن سزادراون"، لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی دەیان لێپرسراو و كارمەندی تریش دۆسییەكیانیان لەبەردەم دەستەی نەزاهەیە و هێشتا لەژێر لێكۆڵینەوە و لێپێچینەوەدایە".

لەم ماوەیەدا سێ لێپرسراوی باڵای كەركوك لەسەر گەندەڵیی، بە هەدەردانی سامانی گشتی و بەرتیلوەرگرتن دراونەتە دادگا و بە زیندانیكردن سزادراون

ئەو سێ لێپرسراوەی كەركوك، هەریەكە لە عەقید شێرزاد ئەحمەد، بەڕێوەبەرى پێشوى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى کەرکوک بە حەوت ساڵ زیندانی، عەباس تەقى، سەرۆكی پێشوی زانكۆی كەركوك بە دوو ساڵ  و عەبدولکەریم حەسەن، بەڕێوەبەرى پێشوترى شارەوانى کەرکوک بە شەش مانگ زیندانی سزادراون.

دۆسییەكەی عەقید شێرزاد ئەحمەد، بەڕێوەبەرى پێشوى بەڕێوەبەرایەتى هاتوچۆى کەرکوک و ژمارەیەك ئەفسەری هەمان بەڕێوەبەرایەتی، لەسەر تۆماركردنی تابلۆی ئۆتۆمبێل بووە بە شێوەیەكی نایاسایی و بەپێی سەرچاوەكە "دوای 11 مانگ زیندانی لە بەغدا، بە بڕیاری دادگا سزادراون".

سەرچاوەكە وتی "بەڵام دۆسییەكەی عەباس تەقی، سەرۆکى پێشوی زانکۆى کەرکوک، بەهۆى بەهەدەردانى سەروەت و سامانى گشتی بووە لەوكاتەی سەرۆكی زانكۆ بووە".

abas.taqe
عه‌باس حه‌سه‌ن ته‌قی، سه‌رۆكی پێشوی زانكۆی كه‌ركوك، له‌كاتی چالاكییەكدا ئەوكاتەی سەرۆكی زانكۆ بوو

هەرچی دۆسییەی عەبدولکەریم حەسەن، بەڕێوەبەرى پێشوترى شارەوانى کەرکوکە، تایبەت بووە بە گەندەڵی لەسەر دۆسییەی كڕینی كیسەی نایلۆن و زبڵ لەگەڵ كۆمپانیایەك لەوكاتەی بەڕێوەبەری شارەوانی بووە.

عەبدولکەریم حەسەن، نزیکەى پێنج هەفتەیە لە زیندانی گرتن و گواستنەوەی كەركوك بووە و هەفتەی رابردوو باری تەندروستی تێكچووە و گەیەنراونەتە نەخۆشخانەی ئازادی بۆ وەرگرتنی چارەسەر.

هاوكات دەیان لێپرسراوی ئێستا و پێشوی كەركوك و چەندین فەرمانبەری تر، دۆسییەكانیان لەبەردەم دادگایە و هێشتا كەیسەكانیان یەكلایینەكراونەتەوە و بەشێكیان بە كەفالەت تا رۆژی دادگاییكردن ئازادكراون.

سەرچاوەکە وتی "ماوەى دوو هەفتەیە فازڵ ئەسوەد، بەڕێوەبەرى پێشوتری پەروەردەی كەركوك دەستبەسەركراوە، ئەوەش لەسەر دۆسییەی گەندەڵییكردن لە دروستكردنی بینای قوتابخانە لەناوچە رزگاركراوەكانی ژێر دەسەڵاتی داعش".

هەر لە ماوەی دوو مانگی رابردودا، چەندین لێپرسراوی كەركوك بە كەفالەت ئازادكراون، لە نێویاندا بەڕێوەبەری فەرمانگەی كارەبای كەركوك و بەڕێوەبەری پێشوی هەمان فەرمانگە، هاوكات بەڕێوەبەری دەستەی وەبەرهێنانی كەركوك و بەڕێوەبەری پێشوی هەمان دەستە.

سەرچاوەكە وتیشی "جاسم رەحمان، سەرۆكی پێشوی ئەنجومەنى قەزاى دوبز و عەبد عەلى، بەڕێوەبەرى ئێستای پەروەردەى کەرکوکیش بە كەفالەت ئازادكراون".

لە 15ی ئەیلولی ئەمساڵیش دەستەی نەزاهەی عیراق لە راگەیەنراوێكیدا جەختیكردەوە لەوەی "فەرمانی بانگهێشتكردن بۆ لێكۆڵینەوە و قەدەغەی هاتوچۆی بۆ پارێزگاری كەركوك و بەڕێوەبەری بیناسازی پەروەردەیی دەركردووە، لەگەڵ دەركردنی فەرمانی دەستگیركردن بۆ 23 فەرمانبەر، ئەوەش لە دۆسیەیەكی پەیوەست بە دروستكردنی خوێندنگە".

najmadin. karem
راكان سەعید، پارێزگاری بەوەكالەتی كەركوك، نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوك

هەمان دۆسییە نەجمەدین كەریم، پارێزگاری پێشوی كەركوكیش دەگرتەوە – ناوبراو لە 31ی تشرینی یەكەمی ئەمساڵ كۆچیی دواییكرد-.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT