پارتی: رێككەوتنی هاوشێوەی شنگالمان دەوێت بۆ كەركوك

كەركوك/بارەگایەكی پارتی دیموكرات دوای چۆڵكردنی فۆتۆ: كەركوك ناو

سۆران محەمەد – كەركوك

ئەندامێکی سەرکردایەکی پارتی دیموكراتی كوردستان، ئاشكرای دەكات كە حزبەكەی رێككەوتنێكی هاوشێوەی شنگالی بۆ پارێزگای كەركوك دەوێت و جەختیكردەوە "گەڕانەوەمان تەنیا لە حاڵەتێكدا دەبێت، دۆخی كەركوك ئاساییبكرێتەوە".

عەدنان کەرکوکی، ئەندامی سەرکردایەتی کەرکوک - گەرمیانی پارتی دیموکرات، لە لێدوانێكی تایبەتدا بۆ (كەركوك ناو)، وتی "وەک ئەو رێکكەوتنەی لە نێوان هەردوو حکومەتی عیراق و هەرێم لەسەر شنگال کراوە، بەهەمان شێوە ئەو رێکەوتنە لە کەرکوکیش بکرێت بۆ ئەوەی دۆخەکە بە ئاڕاستەیەکی باشدا هەنگاو بنێت لەپێناو ئاساییکردنەوە دۆخی شارەکە".

وتیشی "ئەو شارە ناکرێت ئەوەندە بە سەربازی بکرێت، شارەکە پێویستی بەو هەموو دۆخە عەسکەرییە نییە، ئێمە لە رابردوو و ئێستاشدا دەڵێین هەموو کاتێک ئەگەری گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک لە ئارادایە".

ئەو بۆچونەی پارتی لەكاتێكدایە مستەفا كازمی، سەرۆک وەزیرانى عیراق داوای لە ئیدارەی كەركوك كردووە بارەگاكانی پارتی لە كەركوك، لە نێویاندا بارەگای ئەنجومەنى سەرکردایەتى رادەستی ئەو حزبە بكرێتەوە، كە لە ئێستادا كراوەتە بارگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكان.

عەدنان كەركوكی، لەبارەی گەڕانەوەی حزبەكەی بۆ کەرکوک، وتی "ئەو دەنگۆیانە لە سۆشیال میدیا یان بەشێک لە سایتەکان باس لە گەڕانەوە پارتی دەکەن بۆ کەرکوک وانییە، هیچ کاتێکی دیارینەکراو نییە بۆ گەڕانەوەی پارتی... پێشتر و ئێستاش دەڵێن گەڕانەوەی پارتی بۆ کەرکوک پەیوەستە بە ئاساییکردنەوەی دۆخەكە، هەرکات دۆخی شارەکە ئاسایی بۆوە ئێمەش وەک پارتێکی سیاسی دەگەڕێینەوە".

baraga
كەركوك/15ی تشرینی یەكەم/ خۆپیشاندانی هاوڵاتیانی عەرەب دژی بڕیاری رادەستكردنەوەی بارەگای فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەكانی كەركوك بە پارتی دیموكرات فۆتۆ: كەركوك ناو

عەدنان كەركوكی بۆ ئاساییكردنەوەی دۆخی كەركوك جەختیكردەوە لەوەی "رێككەوتنی هاوشێوەی شنگال پێویستە".

هەردوو حكومەتی فیدراڵ و هەرێمی كوردستان، لە تشرینی یەكەمی ئەمساڵ  رێككەوتن لەسەر دانانی قایمقامێكی نوێ بۆ شنگال و رادەستكردنی دۆسییەی ئەمنی بە پۆلیسی ناوخۆیی، ده‌زگای هه‌واڵگری، ده‌زگای ئاسایشی نیشتمانی، ئەوەش به‌ هه‌ماهه‌نگی لەگەڵ هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی سه‌ر به‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان.

پرسی گەڕانەوەی پارتی بۆ كەركوك و بڕیاری پێدانەوەی بارەگاكانی، ناڕەزایی عەرەب و توركمانەكانی پارێزگاكەی لێكەوتەوە و لە 15ی تشرینی دووەم داوایان لە سەرۆک وەزیرانی عیراق كرد، "پاشگەزبێتەوە لەو بڕیارە و دوربکەوێتە لە رازیکردنى دڵى حزبێک لە کەرکوک".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT