"لە نەخۆشخانە تەنیا ئۆكسجین و كانونە هەیە"
رۆژانە پێنج هەزار كەس لە كەركوك پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا دەكەن

كه‌ركوك، ئایاری 2020، نه‌خۆشخانه‌ی تایبه‌ت به‌ توشبوانی كۆرۆنا فۆتۆ: راگه‌یاندنی ته‌ندروستی

سۆران محەمەد – کەركوك

توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا و كەسوكارییان گلەیی دەكەن لە نەبونی دەرمانی پێویست لەناو نەخۆشخانەكاندا تایبەت بۆ هەڵگرانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەكاتێدایە ژمارەی توشبووان لە بەرزبونەوەدایە.

لە پارێزگای كەركوك رۆژانە پێنج هەزار پشكنینی كۆرۆنا بۆ هاوڵاتیان ئەنجامدەدرێت و ژمارەی توشبووانی لە نێوان 200 بۆ 500 كەسە بۆ هەر رۆژێك، ئەو ئامارە هاوكاتە لەگەڵ نیگەرانی بەشێك لە هاوڵاتیان لە نەبونی ئەو دەرمانانەی بە توشبووان دەدرێت، بەڵام بەگشتی دەستخۆشییان هەیە بۆ ماندوبونی پزیشكان و كارمەندانی تەندروستی.

هۆگر سەلیم، نۆ رۆژ لە نەخۆشخانەی كۆماری كەركوك مایەوە كە تایبەت كراوە بە توشبووانی ڤایرۆسی كۆرۆنا، بەهۆی ئەوەی باوكی هەڵگری ڤایرۆسەكە بوو. "دەرمان و پێداویستی پزیشكی نەبوو، تەنیا ئۆكسجین و كانونە هەیە، ئەگەر دەرمانێكمان پێویست بوایە دەبوو لە دەرەوەی نەخۆشخانە بیكڕین... داوادەكەم حكومەت ئاوەڕێك لە كەرتی تەندروستی بداتەوە"، هۆگر وایوت.

فەخرەدین سەعد، كە لەو نەخۆشخانەیە بۆ چەند رۆژێك مایەوە و هەڵگری ڤایرۆسەكە بوو، وتی "پزیشک و پەرستارەکان بە دڵسۆزییەوە شەو و رۆژ کار دەکەن، راستە كێشەی کەمی دەرمان و نەبونی هەندێك چارەسەر هەیە، ئەوەش هۆكارەكەی حكومەتە، نەك پزیشك".

oxsjin (1)
كه‌ركوك، ته‌مموزی 2020، كارگه‌ی به‌رهه‌مهێنان و پڕكردنه‌وه‌ی بوتڵی ئۆكسجین له‌ كۆمپانیای نه‌وتی باكور فۆتۆ: راگه‌یاندنی ئیداره‌ی كه‌ركوك

"دەمەوێت بڵێم کەرکوك بەراورد بە نەخۆشخانەكانی هەولێر و سلێمانی باشتر دەردەكەوێت، چونكە چەندین خزمی خۆم هەڵگری فایرۆسەکە بون هاتونەتە ئێرە چاودێری بكرێن، لێرە ژمارەی مردنیش كەمترە"، فەخرەدین بەو شێوەیە وەسفی دۆخی تەندروستی كەركوكی كرد.

بەپێی ئاماری وەزارەتی تەندروستی عیراق، لە سەرەتای سەرهەڵدانی ڤایرۆسەكەوە تا یەكی كانونی دووەم، 24 هەزار و 54 كەس لە كەركوك توشی كۆرۆنا بون، 18 هەزار و 123 ڤایرۆسەكەیان تێپەڕاندووە، 730 كەس مردون و پێنج هەزار و 201 كەس لەژێر چاودێریدان.

دەمەوێت بڵێم کەرکوك بەراورد بە نەخۆشخانەكانی هەولێر و سلێمانی باشتر دەردەكەوێت

بەراورد بە دوو مانگی رابردوو توشبون بە ڤایرۆسەكە لە هەڵكشاندایە و رۆژانە 200 تا 500 حاڵەتی نوێ رادەگەیەنرێت. لەكاتێكدا پێشتر نیوەی ئەو ژمارەیە بوو.

نەبیل حەمدی، كە دوو مانگە لە پۆستی بەڕێوەبەری فەرمانگەی تەندروستی کەرکوک دەستبەكاربووە، بە (كەركوك ناو)ی وت "هۆکاری بەرزبونەوەی ژمارەی توشبووان لە کەرکوک بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە كە پشکنینی زیاتر بۆ کۆرۆنا دەكرێت".

ئەو وتی "پێشتر رۆژانە 800 بۆ هەزار پشکنینمان بۆ هاوڵاتیان دەكرد، بەڵام پاش گەیشتنی ئامێری پێشکەوتوو لەلایەن وەزارەتی تەندروستی عیراقەوە ئێستا رۆژانە نزیکەی پێنج هەزار پشکنین ئەنجام دەدەین".

رۆژانە لە نێوان پێنج بۆ 10 كەس لە كەركوك بەهۆی كۆرۆناوە گیانلەدەستدەدەن.

نەبیل وتی "هەموو ئامادەکارییەکمان کردووە بۆ ئەوەی لەم وەرزەدا کە بە وەرزی تەشەنەکردنی زیاتری ڤایرۆسەکە ناسراوە، بتوانین دۆخی تەندروستی لەژێر كۆنترۆڵدا بهێڵینەوە".

وتیشی "نزیکەی 700 ئۆکسجینمان ئامادەکردووە و دەیان پزیشک و پەرستار سەرقاڵی چارەسەر و چاودێرکردنی نەخۆش و توشبوانی کۆرۆنانن".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT