رۆژانە زیانی 80 هەزار دۆلار بووە
هێشتا ئاگری یەكێك لە بیرە نەوتەكانی كەركوك كۆنترۆڵنەكراوەتەوە

كەركوك/ كانونی یەكەمی 2020/ گڕگرتنی بیری نەوتی ژمارە 33 لە گوندی خەبازە دوای تەقاندنەوەی بۆمبێك فۆتۆ: تایبەت بە كەركوك ناو

كاروان ساڵحی – كەركوك

هێشتا نەتوانراوە ئاگری یەكێك لەو دوو بیرە نەوتە كۆنترۆڵبكرێت كە هەفتەی رابردوو لەڕێی بۆمبی چێنراوەوە تەقێنرانەوە. بەوەش رۆژانە زیانی نزیكەی 80 هەزار دۆلاری بۆ حكومەتی عیراق هەبووە.

هەردوو بیری ژماره‌ 33 و 44، لە كاتژمێر 1:30ی بەرەبانی 9ی كانونی یەكەم لە گوندی خه‌بازه‌ی خۆرئاوای كه‌ركوك ته‌قێنرانه‌وه‌، ئەوەش بەپێی وتەی هێزە ئەمنییەكان لەڕێی بۆمبی چێنراو و لەلایەن "چەكدارانی داعشەوە" بووە.

سەرچاوەیەك كە لە كۆمپانیای نەوتی باكور، لێپرسراوێتی هەیە و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە نەیویست ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "دواینیوەڕۆی یەكشەممە 13ی كانونی یەكەم، كارمەندانی كۆمپانیای نەوتی باكور توانیان ئاگری بیری ژمارە 44 كۆنترۆڵبكەنەوە، بەڵام هێشتا نەتوانراوە بیری ژمارە 33 كۆنترۆڵبكرێتەوە".

هەر دوێنێ یەكشەممە بریکاری وەزارەتی نەوتی عیراق، سەردانی بیرە نەوتییەكانی كرد لەوكاتەی بیری ژمارە 44 كۆنترۆڵكرایەوە.

بەپێی ئامارەكانی كۆمپانیای نەوتی باكور، بەرهەمی ئەو دوو بیرە رۆژانە 2000 بەرمیل بووە و دوای تێکەڵكردنیان به‌ بەرهەمی بیرە نەوتییه‌كانی دیکەی کەرکوک،‌ ره‌وانه‌ی پاڵاوگەکانی ده‌ره‌وه‌ی عیراق ده‌كران.

سەرچاوەكە وتی "ئەو ئاگرە رۆژانە زیانی 80 هەزار دۆلاری بە حكومەتی عیراق گەیاندووە".

ئەو ئاگرە رۆژانە زیانی 80 هەزار دۆلاری بە حكومەتی عیراق گەیاندووە

"ئەوەی وایكردووە تائێستا ئاگری یەكێك لەو دوو بیرە كۆنترۆڵنەكرێت بەهۆی ئەوەوەیە كە رێژەی گازی تێدا زۆرە و ئاگرەكە زیاترە پەرەی سەندووە"، سەرچاوەكە وایوت.

لە سنوری پارێزگای كەركوك پێنج كێڵگه‌ی سه‌ره‌كی به‌رهه‌مهێنانی نه‌وتی خاو هه‌یه‌؛ ئاڤانا، بای حەسەن، قوبەی بابا، جمبور ‌و خەبازە كه‌ لەژێر دەسەڵاتی كۆمپانیای نه‌وت باكور-ی سه‌ر به‌ حكومەتی عیراقیدان.

سەرچاوەكە وتیشی "پاراستنی بیرە نەوتییەكان و بۆرییەكانی گواستنەوەی نەوت و ئەمنیەتی ئەو ناوچانە لە ئێستادا زۆرباش بەڕێوەدەچێت و پۆلیسی پاراستنى نەوت و سوپا بە هاوبەشی ئەو كارە دەكەن، بەڵام هەندێکجار بەهۆى بەرفراوانى ناوچەکەوە داعش دزە دەكات و كردەوەی لەو شێوەیە دەكات".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT