ئێزیدییەكان جەژنی بە رۆژوبون پیرۆز دەكەن

شنگال/ 18ی كانونی یەكەمی 2020/ ژنێكی ئێزیدی لە جەژنی بە رۆژوبوندا شیرینی بەسەر منداڵاندا دابەشدەكات فۆتۆ: كەركوك ناو

عەمار عەزیز

بۆ حەوتەم ساڵ لەسەر یەك، هەزاران ئێزیدی لە ئاوارەییدا ئەمڕۆ هەینی جەژنی بە رۆژوبونیان پیرۆز كرد، خواردنی فۆلكلۆریان دروستكرد و شیرینیی و گۆشتی خێریان بەسەر هەژاراندا بەخشییەوە. هەزاران خێزانی تریش بۆ یەكەمجار لە دەرەوەی كەمپەكان و لە زێدی خۆیان جەژنەكەیان بەڕێكرد.

ئەو جەژنە ئەمڕۆ هەینی 18ی كانونی یەكەم، دوای سێ رۆژ هات لە بەڕۆژوبونیان، ئەمە جەژنێكی گشتی ئێزیدییە و یەكێكە لە گەورەترین جەژنە ئایینییەكانی ئەو پێكهاتەیە كە بە زۆری لە شنگال لە خۆرئاوای پارێزگای نەینەوا، هەروەها شێخان و باشیك لە دەشتی نەینەوا نیشتەجێن.

جەژنی ئەمساڵیش هاوكاتە لەگەڵ بەردەوامی ئاوارەیی و پەرتەوازەیی ئەو پێكهاتەیە، هەزاران خێزان حەوت ساڵە لە ئاوارەییدا و دور لە زێدی خۆیان لە كەمپەكان ئەو جەژنە لەیەكتر پیرۆز دەكەن.

ساڵانە لە کۆتاییەكانی مانگی کانونی یەکەم و لە رۆژانی سێشەممە، چوارشەممە و پێنجشەممە ئێزیدییەكان بەڕۆژوو دەبن و دواتر رۆژی هەینی دەیكەنە جەژن.

لەم رۆژەدا خواردنی فۆلکلۆری تایبەت بە خۆیان دروستدەکەن، شیرینی و میوە پێشكەش بە میوانەكانیان دەكەن و ئەوانەشی دۆخی داراییان باشە هەریەكە و مەڕێك سەردەبڕن و گۆشتەكەی بەسەر هەژاراندا دابەشدەكەن.

ezedii-3
18ی كانونی یەكەمی 2020/ دوو پیاوی ئێزیدی دوای سێ رۆژ بەڕۆژوبون جەژن لەیەكتر پیرۆز دەكەن فۆتۆ: كەركوك ناو

جەژنی ئەمساڵ هاوكاتیشە لەگەڵ چاوەڕوانی هەزاران خێزانی ئێزیدی بۆ گەڕانەوەیان بۆ شوێنی خۆیان، كە بەپێی بڕیاری حكومەتی عیراق پێویستە تا كۆتایی ئەمساڵ تەواوی كەمپەكانی ئاوارەیی چۆڵبكرێن، بەڵام بە شێوەی ئارەزومەندانە.

لە ئێستادا ئێزیدییەكان زۆرینەی ئاوارەكانی عیراق پێكدەهێنن كە لە ساڵی 2014ەوە بەهۆی شەڕی داعش و دواتر ناكۆكی سیاسیی و ئەمنی نەیانتوانیوە بگەڕێنەوە بۆ زێدی خۆیان.

نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، لە پەیامێکدا لە بارەی جەژنی بە رۆژوبونی ئێزیدییەکانەوە، هیوا دەخوازێت ژیان و ئاوەدانیی بگەڕێتەوە بۆ ناوچەکانیان.

"تاوەکو یەك رفێندراوی ئێزیدی مابێت، لە هەوڵی رزگارکردن و گەڕاندنەوەیان بەردەوام دەبین"، هەروەها رایدەگەیەنێت کە هەموو هەوڵێک دەدەن بۆ ئەوەی کولتوری پێکەوەژیانی پێکهاتەکان بپارێزرێت.

ئەوەش لەكاتێكدایە ناكۆكی حزبەكەی سەرۆكی هەرێم و هێزەكانی نزیك لە پارتی كرێكارانی كوردستان (پەكەكە) هۆكاری سەرەكی ئاڵۆزیی ناوچە ئێزیدینشینەكانە و بۆتەهۆی ئەوەی تەواوی ئێزیدییەكان نەتوانن بگەڕێنەوە زێدی خۆیان.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT