ئەنجومەنی عەرەبی و بەرەی توركمانی:
بەڕێوەبەری كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان لە كەركوك لە ساختەكاری تێوەگلاوە

کەرکوک/ 28ی کانونی یەکەمی 2020/ کۆنگرەی رۆژنامەیی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی تورکمانی. فۆتۆ: گۆران بابان

کەرکوک ناو

ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی توركمانی، بەڕێوەبەری ئێستای كۆمسیۆنی هەڵبژاردنەكان تۆمەتبار دەكەن لەوەی "رۆڵی هەبووە" لە ساختەكاری بە هەڵبژاردنەكانی 2018 بۆ لایەنێكی دیاریكراو. بۆیە داوای دەكەن پۆستەكەی لێ وەربگیرێتەوە.

پۆسته‌كانی نوسینگه‌ی كه‌ركوكی كۆمسیۆنی باڵای سه‌ربه‌خۆی هه‌ڵبژاردنه‌كان له‌ عیراق، له‌ سه‌ره‌تای تشرینی دوه‌می 2020دا دابه‌شكرانه‌وە و لەوكاتەوە سه‌وسه‌ن ته‌یب محێدین، وه‌ك به‌ڕێوه‌به‌ری نوسینگه‌ دیاریكراوە لە پشكی كورد.

ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی توركمان لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا ئەمڕۆ دووشەممە 28ی كانونی یەكەم، دژایەتی خۆیان بۆ دانانی سەوسەن تەیب لەو پۆستە راگەیاند و جەختیانكردەوە لەوەی "رۆڵی هەبووە لەو ساختەکارییانەی لە هەڵبژاردنەکانی 2018دا رویداوە ئەوەش لەڕێی گۆڕینی رامەکان لە بنکەی هەڵبژاردنی واستی2 لە بەرژەوەندی یەکێک لە حزبەکان".

"بەڵگە هەیە لەسەر تێوەگلانی ئەو کەسە لە ساختەکاری"، هەر بەپێی بەیاننامەیەك كە لە كۆنگرەكەدا خوێندیانەوە و داواشیان لە داواکاری گشتیی و دەستەی دەستپاکی کرد "رێکاری یاسایی لە دژی بگرنەبەر و ئەنجامی لێکۆڵینەوەکانیش ئاشکرابکەن".

kirkuk con

کەرکوک/ 28ی کانونی یەکەمی 2020/ کۆنگرەی رۆژنامەیی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی تورکمانی. فۆتۆ: گۆران بابان

لە هەڵبژاردنەكانی 2018دا ئەو دوو لایەنە، یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستانیان تۆمەتباركرد بە ساختەكاری لە بەرژەوەندی کاندیدەکانیان، بەڵام یەکێتی ئەو تۆمەتانەی رەتکردەوە.

نوێنەرانی ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی و بەرەی تورکمانی لە كۆنگرە رۆژنامەوانییەكەدا جەختیانكردەوە لەوەی "پۆستی بەڕێوەبەری ئۆفیسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو قۆرخكراوە... ئەمە بەستەم دەزانین دەرهەق بە پێکهاتەکانی تر و رەتیدەكەینەوە".

پۆستی بەڕێوەبەری ئۆفیسی کۆمیسیۆنی هەڵبژاردنەکان بۆ پێکهاتەیەکی دیاریکراو قۆرخكراوە

لە دابەشكارییەكانی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، كورد جگه‌ له ‌به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی، پێنج لێپرسراوێتی به‌شی به‌ركه‌وتووه‌، عه‌ره‌ب جێگری به‌ڕێوه‌به‌ری گشتی و لێپرسراوی سێ به‌ش، توركمانیش شه‌ش لێپرسراوێتی به‌شه‌كانیان وه‌رگرتووه‌.

"داوادەكەین پۆستی بەڕێوەبەری كۆمسیۆن بدرێت بە کاندیدێکی پێکهاتەی عەرەب یان تورکمان... دژی ئەوەین پۆستە گرنگەکانی ئۆفیسی کەرکوک بدرێت بە یەک پێکهاتە، داواشدەکەین دادپەرەوەریی و هاوسەنگی پەیڕەو بکرێت لە دابەشکردنی پۆستەکان لەنێوان پێکهاتەکاندا"، بەپێی بەیاننامە هاوبەشەكەی بەرەی توركمانیی و ئەنجومەنی سیاسی عەرەبی.

لە بەیاننامە هاوبەشەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر ئەوەی "هەموو بژاردەکان لەبەردەستدان بۆ بەدیهێنانی مافە رەواکانمان کە یاسا و دەستوری عیراق زامنی کردووە". 

سەوسەن تەیب محێدین، لێپرسراوی نوسینگه‌ی كەركوكی كۆمسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردنەكان، لە 25ی تشرینی دوەم دوای دەستبەكاربونی، لە كۆبونەوەیەكدا لەگەڵ فه‌ریق روكن سه‌عد حه‌ربیه‌، فه‌رمانده‌ی ئۆپه‌راسیۆنه‌ هاوبه‌شه‌كانی كه‌ركوك سوپاسی هێزه‌ ئه‌منییه‌كانی كرد بۆ پاراستنی تیمه‌كانی كۆمسیۆن.

سەوسەن ئاماژه‌ی به‌ چڕكردنه‌وه‌ی هه‌وڵه‌كانیان كرد، به ‌ئامانجی به‌شداریكردنی زۆرترین رێژه‌ی به‌شداری هاوڵاتیان له‌ هه‌ڵبژاردنی داهاتودا كە بڕیارە لە مانكی حوزەیرانی داهاتوو بەڕێوەبچێت. 

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT