"خولیام ئەوەیە ئەستێرە ببینم"
دوكەڵی كارگەی چیمەنتۆكە ئاسمانی لەیلان دەتەنێت

كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2021، كارگه‌ی چیمه‌نتۆی له‌یلان به‌هۆی نه‌بونی فلته‌ره‌وه‌ دوكه‌ڵی پیس و ته‌پوتۆزی زۆر به‌ناوچه‌كه‌دا بڵاوده‌كاته‌وه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

سۆران محەمەد – کەركوك

"ئەمە دوكەڵ نییە، ئەمە ژەهرە ژەهر"، محەمەد شێرزاد وایوت، ئەو ماڵەكەی لە گوندی تەرجلە و چەند كیلۆمەترێك دورە لە كارگەی چیمەنتۆی لەیلان، كاتێك دوكەڵی كارگەكە بەسەر گوندەكەدا دەڕۆیشت دەیوت "گەورە و بچوك لە دۆزەخدا دەژین، باخەكان وشكبون و ناوچەكە بۆتە بیابان".

محەمەد لە گوندەكەیان بەرامبەر كارگەكە سەرقاڵی كشتوكاڵ و باخدارییە، بەڵام نە كشتوكاڵەكەی بە باشی دێتە بەرهەم نە باخەكەشی سەوز و بە بەرهەمن و بەشێك لە نەمامەكانی بە تەواوی وشكبون.

كارگەی چیمەنتۆی كەركوكی سنوردار كە بە كارگەكەی لەیلانیش ناودەبرێت، دەكەوێتە بەشی باشوری خۆرهەڵاتی ناوەندی شاری كەركوك و مێژوی دروستكردنی بۆ سەرتای هەشتاكانی سەدەی رابردوو دەگەڕێتەوە، ساڵانە توانای بەرهەمهێنانی دەگاتە دوو ملیۆن تۆن.

كارگەكە بەشێكی گرنگی پێداویستی ناوخۆ پڕدەكاتەوە، بەڵام ژینگەی ناوچەكە و گوندەكانی دەوروبەری شێواندووە و زیانی بۆ هاوڵاتیان و كشتوكاڵ و باخداریی و تەنانەت ئاژەڵداریش هەیە.

هیچ سودێكی بۆ گوندەكانی دەوروبەر نییە جگە لە زیان

محەمەد شێرزاد وتی "هیچ سودێكی بۆ گوندەكانی دەوروبەر نییە، جگە لەو زیانەی بە مرۆڤ دەکەوێت، ژینگە پیسبووە و دار و درختی  ناوچەکەش وشکبون، تەنیا ئەوكاتە ئیسراحەت بوین كە کەرەنتینە بوو بەهۆی كۆرۆناوە، ئەوكات هەوایەکی پاکمان هەڵدەمژی".

رۆژانە دوكەڵ و پاشماوەی كارگەكە ناوچەكەی داپۆشیوە، هاوڵاتیان بە "ژەهر" ناوی دەبەن.

گرفتی سەرەكی ئەوەیە كارگەكە فلتەری دوکەڵی نییە، لە كونی كارەگەكەوە پاشماوەكان تێكەڵ بە ژینگە دەبن.

"سەیرە، کارگەیەکی گەورە نەتوانێت لەڕێی فیلتەرەوە ئەو دوكەڵە گلبداتەوە، ئێستا ژینگەی گوندەكانی ناوچەكەش هەروەكو شار پاك نییە"، محەمەد شێرزاد وایوت.

laylan (10)
كه‌ركوك، كانونی دوه‌می 2021، خه‌ڵكی گونده‌كان و سه‌نته‌ری ناحیه‌ی له‌یلان دادوبێدادیانه‌ به‌ده‌ست دوكه‌ڵی كارگه‌ی چیمه‌نتۆوه‌ فۆتۆ: سۆران محه‌مه‌د

بەپێی ستانداردی جیهان هەموو كارگەكان دەبێت لەسەدا 30 بۆ لەسەدا 40ی روبەرەكەی سەوزایی بێت، بەڵام لە كارگەی لەیلان جگە لەوەی هیچ روبەڕێكی سەوزایی نابینرێت، بەڵكو لە دوری چەند كیلۆمەترێكیش سەوزایی ناوچەكەی لەناوبردووە.

هەروەها بەپێی رێنماییەكان بۆ كردنەوەی كارگە، دەبێت دوربن لە شوێنی ئاوەدانی، لەكاتێكدا چواردەوری كارگەی چیمەنتۆی لەیلان ئاوەدانییە و یەكەی نیشتەجێبونی لێیە.

دانا سەعدوڵا، بەڕێوەبەری کارگەکە بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەوكاتەی کارگەكە دروستکرا (1981)، ئەو شوێنە ئاودانی لێ نەبوو، ئەوكات ئێرە دەرەوەی شار و دوربوو لە شوێنی نیشتەجێبون، بەڵام ئێستا دەوروبەری کارگەكە هەموی ماڵە و گوندنیشینان گەڕاونەتەوە ناوچەكە و ئاوەدانكراونەتەوە".

"راستە کارگە دوکەڵ و تۆزێکی زۆری هەیە و زیانی بە خەڵکی گەیاندووە، ئێمەش نامانەوێت وابێت، جگە لە زیان بۆ هاوڵاتیان و ژینگە و كشتوكاڵ، زیانی بۆ ئێمەش هەیە لەڕوی ئابورییەوە، چونكە ئەو تۆزەی دەچێتە ئاسمان بۆ ئێمەش زیانێکی گەورەی ئابوری هەیە و دەتوانرێت بەو تۆزە چیمەنتۆی زیاتر بەرهەمبهێنرێت"، دانا سەعدوڵا وایوت.

لە هەوڵداین بۆ دانانی فلتەری گلدەرەوەی دوکەڵ و تۆز بۆ كارگەكە

بەڕێوەبەری كارگەكە جەختیكردەوە لەوەی لەگەڵ چەند كۆمپانیایەكی بیانی لە هەوڵدان بۆ دانانی فلتەری گلدەرەوەی دوکەڵ و تۆز بۆ كارگەكە و وتی "لە داهاتودا ئەم کێشەیە چارەسەر دەکرێت".

كارگەكە جگە لە زیان بۆ گوندەكان، دوكەڵەكەی دەگاتە ناو ناحیەی لەیلان و ژینگەی شارەكەی تێكداوە، وەك ئەوەی دانیشتوانی ناوچەكە وادەڵێن، لەكاتێكدا دەرفەتی كاری بۆ خەڵكەكەی نەڕەخساندووە.

عەباس ئاراس (41ساڵ) و لە ناحیەی لەیلان دەژیت، وتی "كارگەكە بۆ ئێمە تەنیا زیانە، سەیری دوكەڵەكەی دەكەین وهەڵیدەمژین... بۆ ئێمە ئەو كارگەیە بۆتە مۆتەكە، من بۆ خۆم خولیام ئەوەیە شەوێك ئەستێرە بە ئاسمانەوە ببینم، دوكەڵ ناهێڵێت... دەبێت حكومەت چارەسەرێك بدۆزێتەوە".

عەباس سێ منداڵی هەیە و دەڵێت "خەمی ئەوەمە منداڵەكانم توشی شێرپەنجە بن، لەكوێی دونیا بووە كارگە لەناو جەرگەی شاردابێت".

محەمەد وەیس، بەڕێوەبەری ناحیەی لەیلان، بە (كەركوك ناو)ی وت "چەندین جار گفتوگۆ لەسەر ئەو بابەتە كراوە، لەگەڵ بەڕێوەبەرایەتی کارگەكە، دەستەی ژینگە و حكومەتی خۆجێی كەركوكیش، چەند جارێكیش كارگەكە بەهۆی ئەو دوكەڵەوە سزادراوە و داخراوە، بەڵام داخستنی دەبێتەهۆی گرانبونی چیمەنتۆ و بێکاربونی هەزاران کەس، ئەمەش چارەسەر نییە".

كارگەی چیمەنتۆی لەیلان لە ئێستادا لەلایەن دەستەی وەبەرهێنانەوە بەڕێوەدەبرێت، هەر بۆیە محەمەد وەیس داوایكرد "ئەو دەستەیە خەمی هاوڵاتیانی بێت و فلتەری راگرتنی ئەو دوکەڵە بۆ کارگەكە دابنێت، ئەگەرنا لە داهاتودا کارەساتی تەندروستی لە ناوچەکە دروستدەبێت".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT