حزبێكی كوردی تۆمەتبار دەكرێت
خێزانێك چوار ساڵە لە سۆراغی كوڕەكەیاندا شەو و رۆژ بەڕێدەكەن

كەركوك/31ی كانونی دووەمی 2020/ كۆژین هونەر (13ساڵ)، وێنەی باوكی بە پەیامنێری (كەركوك ناو) نیشاندەدات كە چوار ساڵ و دوو مانگە دەستگیركراوە و چارەنوسی نادیارە. فۆتۆ: كەركوك ناو

كەركوك ناو

گەنجێكی شاری كەركوك ماوەی چوار ساڵە هیچ سۆراغێكی نییە و بێسەروشوێنە، دوای ئەوەی لە شەوێكدا هێزێكی ئەمنی هەڵیانكوتایە سەریی و لەگەڵ هاوڕێیەكیدا دەستگیریانكرد. دایك و باوكی كە شەو و رۆژ لە سۆراغی كوڕەكەیاندان، دەستی تۆمەت بۆ مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیی نیشتیمانیی كوردستان رادەكێشن و دەڵێن "ئۆتۆمبێلەكەیمان لەناو بینای مەڵبەند-دا بینیوە".

ئەو گەنجە هونەر سەڵاح (33ساڵ)، كچ و كوڕێكی هەیە، خاوەنی كافتریای رۆما بوو لە شەقامی پارێزگای كەركوك، لە ساڵی 2016 لە ماڵی هاوڕێیەكیدا كە پێكەوە كافتریاكەیان بەڕێوەدەبرد دەستگیركرا و تائێستاش بێسەروشوێنن.

سەڵاح شوكور، باوكی هونەر، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر سێی شەوی 2ی تشرینی یەكەمی 2016، هونەر لە ماڵی هاورێیەكەیدا خەوتبوو لە گەڕەكی واستی كەركوك، لەلایەن هێزێكی ئەمنی چەكدارەوە هەڵیانكوتایە سەریی و دەستگیركران، ئیتر لەو كاتەوەی هیچ هەواڵێكیان نییە".

سەڵاح دەڵێت "بەپێی ئەوەی لە كامێرای چاودێری ماڵەكانی دەوروبەرەوە سەیرمانكرد، ئەو لایەنەی دەستگیرییان كردن هەمان ئەو جلوبەرگ و ئۆتۆمبێلانەیان پێبوو كە هێزە رەشەكەی كەركوكی پێدەناسرێتەوە".

ئەو لایەنەی دەستگیرییان كردن هەمان ئەو جلوبەرگ و ئۆتۆمبێلانەیان پێبوو كە هێزە رەشەكەی كەركوكی پێدەناسرێتەوە

هێزە رەشەكە، هێزێكی پڕچەكی سەر بە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی بوو، بەر لە روداوەكانی 16ی ئۆكتۆبەری 2017 چالاكیی و جموجۆڵی زۆریان لە كەركوك هەبوو و دەستڕۆیشتوبون، فەرمانیشیان لە لێپرسراوی ئەوكاتی مەڵبەندی كەركوكی یەكێتییەوە وەردەگرت.

hunar

كەركوك/31ی كانونی دووەمی 2020/ دایك و باوك و كچەكەی هونەر سەڵاح، داوای چارەنوسی هونەر دەكەن. فۆتۆ: كەركوك ناو

سەڵاح وتی "چوار ئۆتۆمبێلی پڕچەك رۆیشتبون بۆ دەستگیركردنی هونەری كوڕم و هاوڕێیەكەی... چەند جارێك چومە مەڵبەندی كەركوك و لەگەڵ ئاسۆ ئەڵمانی و مامۆستا غەفور قسەم كردووە و دەڵێن پەیوەندی بە ئێمەوە نییە".

ئاسۆ ئەڵمانی، ئەوكات لێپرسراوی مەڵبەندی كەركوك بوو، مامۆستا غەفوریش كە ئێستا ئەندامی ئەنجومەنی سەركردایەتییە، ئەوكات جێگری لێپرسراوی مەڵبەند بوو.

"چەند رۆژێك دوای دەستگیركردنی هونەر، چومە مەڵبەندی كەركوك و ئۆتۆمبێلی كوڕەكەم بینی، بە مامۆستا غەفورم وت ئەگەر كوڕەكەم لێرە نییە، ئۆتۆمبێلەكەی لێرە چی دەكات؟ بەڵام دوای دوو كاتژمێر ئۆتۆمبێلەكە لەناو مەڵبەند نەما و وتیان بردومانە بۆ دژە تیرۆر لە سلێمانی"، سەڵاح باوكی هونەر وایوت.

بە مامۆستا غەفورم وت ئەگەر كوڕەكەم لێرە نییە، ئۆتۆمبێلەكەی لێرە چی دەكات؟

ئەو خێزانە لە دواین هەوڵیاندا سەردانی محەمەد عوسمان، لێپرسراوی ئێستای مەڵبەندی كەركوكی یەكێتیان كردووە، بەڵام هیچ شتێكیان دەستنەكەوتووە.

"ئێمە سکاڵامان کردووە و بەردەوامین لە بەدواداچون بۆ كەیسی كوڕەكەمان".

هونەر ئۆتۆمبێلێكی گولـلەنەبڕی هەبوو لە جۆری مۆنیكا، بەپێی وتەی نەجیبە ئەحمەد، دایكی هونەر، ئۆتۆمبێلەكەی لە قایمقامی پێشوی قەزای دوزخورماتوو كڕیوە.

سێ مانگ بەر لە دەستگیركردنی، ژمارەیەك چەكدار لە گەڕەكی شۆریجە، دەستڕێژی گولـلە لە هونەر و پورزایەكی دەكەن، بەهۆیەوە پورزاكەی هەر لەوێ گیانلەدەستدەدات و خۆیشی شەش فیشەكی بەردەكەوێت.

ئەم روداوە كە نەجیبە ئەحمەد دایكی هونەر بۆ (كەركوك ناو)ی گێڕایەوە و تیایدا جەختیكردەوە "دواى سێ مانگ چاک بۆوە و ئەوەبوو لەگەڵ هاوڕێیەكیدا كە هاوبەش بون لە كافتریای رۆما پێكەوە دەستگیركران".

najiba

كەركوك/31ی كانونی دووەمی 2020/ دایكی هونەر سەڵاح، لەكاتی چاوپێكەوتنیدا لەگەڵ (كەركوك ناو)، وتی: كوڕەكەم بێ تاوانە. فۆتۆ: كەركوك ناو

"18 جار سەردانی مەڵبەندی كەركوكم كردووە، لەناو مەڵبەند ئۆتۆمبێلی كوڕەكەم ناسییەوە، ئەوكاتەی هونەر ئۆتۆمبێلەكەی كڕی، پێیوتم: دایكە وەرە سەیری بكە، فیشەكێكی لە جامی پێشەوەی ئۆتۆمبێلەكەدا وتی: ئەمە گولـلەنەبڕە... ئەوەی ناو مەڵبەند هەمان ئۆتۆمبێل بوو"، نەجیبە ئەحمەد وایوت.

چەند رۆژێك بەرلەوەی هونەر و پورزاكەی لە گەڕەكی شۆریجە دەستڕێژی گولـلەیان لێبكرێت، بۆمبێكی چێنراو لەبەردەم ماڵەكەیاندا دانرابوو.

دایكی لەبارەی ئەو روداوەوە وتی "شەوێکیان خوشكێكم میوانمان بوو، لە هەولێرەوە هاتبون، دوو ئۆتۆمبێلى خۆمان و ئۆتۆمبێلی میوانەکەمان لە بەردەم دەرگا بوو، كاتژمێر شەشی بەیانی كوڕەكەم ویستی بڕوات، منیش لەگەڵی چومەدەرەوە، بینیمان بۆمبێك لەناو دەبەیەكی بەنزیندا لە نێوان ئۆتۆمبێلەكاندا دانرابون، پۆلیسمان لەو روداوە ئاگاداركردەوە، بەڵام تا نیوەڕۆ نەیانتوانی بیتەقێننەوە".

بینیمان بۆمبێك لەناو دەبەیەكی بەنزیندا لە نێوان ئۆتۆمبێلەكاندا دانرابون

لەوكاتەدا هاوڕێیەكی هونەر، كە دایكی بە "حەمە چەكوش" ناوی دەبرد، فیشەكێكی لە بۆمبەكەداوە و تەقاندویەتییەوە، بە وتەی دایكی هونەر هیچ زیانێكی نەبووە.

حەمە چەكوش، كە ناوە راستەقینەكەی محەمەد مەحمود بوو، لە 29ی كانونی دووەمی 2020، بە جەڵتەی مێشک لە یەکێک لە نەخۆشخانەکانی شاری بەغدا گیانیلەدەستدا. ناوبراو بڕیاری دەستگیرکردنی هەبوو لەسەر کەیسێکی کوشتن لە چەمچەماڵ. هەروەها دوو ساڵ بە تۆمەتی کوشتنی مەلا رەمەزان شوکر زیندانیکرا و دواتر بە بڕیاری دادگا بێتاوان دەرچوو.

حەمە چەکوش، ماوەیەک پێشمەرگە بووە لە هێزەکانی 70ی یەکێتیی نیشتیمانیی کوردستان، دواتر وازی هێناوە و چۆتە ئەوروپا، بەڵام گەڕاوەتەوە هەرێمی کوردستان و ماوەیەك لە چەمچەماڵ ژیاوە.

هەرچی هونەر سەڵاح بوو، پۆلیس بووە لەسەر وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان و دواتر فەسڵكراوە و كافتریایەكی كردۆتەوە. (كەركوك ناو) نەیتوانی هۆكاری فەسڵكردنی بزانێت.

(كەركوك ناو)، هەفتەیەك لە هەوڵدابوو بۆ ئەوەی لێدوان لە مەڵبەندی كەركوكی یەكێتی وەربگرێت لەسەر ئەو دۆسییەیە، بەڵام ئامادەنەبون هیچ رونكردنەوەیەك لەسەر ئەو روداوە بدەن،

هونەر كوڕێكی 14 ساڵ و كچێكی 13 ساڵانی هەیە و هاوشێوەی نەنك و باپیریان چاوەڕێی یەكلاییكردنەوەی كەیسی باوكیان دەكەن.

كۆژین هونەر (13ساڵ)، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئەگەر تاوانبارە بیدەنە دادگا، ناکرێت ئەوندە چاوەڕوان بین و لە نازی باوك بێبەش بین".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT