هێزەكانی لیوای مغاویر لە قەزای خانەقین پاشەكشێیان كرد و سوپای عیراق لە شوێنەكانیان جێگیربون، ئەوەش دوای ئەوەی فەرماندەكەیان دورخرایەوە و ژمارەیەك ئەفسەریشیان سزادرا.
ئەو هێزە كە سەر بە وەزارەتی بەرگری عیراقە و لە چوارچێوەی فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنەكانی دیالە لە باکور و باکوری خۆرئاوای خانەقین جێگیربون بە تایبەت لە ناوچەی گڵەی، چوار رۆژ لەمەوبەر دەستیان بە چۆڵكردنی ناوچەكە كرد و دوێنێ پێنجشەممە 14ی كانونی دووەم بە تەواوی پاشەكشێیان كرد.
بەپێی وتەی سەرچاوەیەکی ئەمنی لە دیالە بۆ (كەركوك ناو)، "هێزەکانی لیوای 19ی سوپای عیراق جێگەی هێزەكانی مغاویری گرتۆتەوە"، بەڵام رونینەكردەوە هێزەكانی لیوای مغاویر هەر لە پارێزگای دیالە ماون یان نا.
هێزەکانی لیوای 19ی سوپای عیراق جێگەی هێزەكانی مغاویری گرتۆتەوە
كشانەوەی هێزەکانی لیوای مەغاویر سەر بە ئۆپراسیۆنەکانی دیالە دوای ئەوە هات كە لە سەرەتای ئەمساڵەوە و لە دوو هێرشی جیادا چوار سەربازیان كوژران و حەوتی تریان برینداربون، ئەوەش بە چەكی قەناس، كە تیایدا دەستی تۆمەت بۆ پاشماوەكانی رێكخراوی دەوڵەتی ئیسلامی لە عیراق و شام (داعش) راكێشرا.
دوای ئەو روداوانە و بەپێی سەرچاوەكەی (كەركوك ناو)، فەرماندەی هێزەكانی مغاویر لە خانەقین لە بەرپرسیارێتییەكەی دورخراوەتەوە و ژمارەیەك ئەفسەریش هەر لەسەر ئەو روداوانە لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا كرا و سزادران.
هەفتەی رابردوو، سەرچاوەیەكی باڵای هێزەكانی پێشمەرگە بۆ (كەركوك ناو) جەختیكردەوە لەوەی داعش ئەمیرێكی نوێی بۆ سنوری خانەقین داناوە و ئەو هێرشانەش لە ساڵی نوێدا هاوكاتە لەگەڵ ئەو گۆڕانكارییە ناوخۆییانەی ئەو رێكخراوە".
سەرچاوەكە بە (كەركوك ناو)ی وت "بەپێی زانیارییەکانمان داعش ئەمیرێکی نوێی داناوە بۆ ناوچەی خانەقین و جەلەولا... ئەو سەرکردەیەی داعش پێشتر لە ناوچەی قەرەتەپە بووە، بەڵام ئێستا سەرپەرشتی گروپەکانی داعش دەکات لە قەزای خانەقین".