كۆرۆنای نوێ گەیشتە عیراق

عیراق، منداڵێك له‌كاتی وه‌رگرتنی چاره‌سه‌ری پزیشكیدا فۆتۆ: یونیسێف

كەركوك ناو

وەزارەتی تەندروستی عیراق، بۆ یەكەمجار تۆماركردنی چەند حالەتێكی كۆرۆنای نوێی لە عیراق راگەیاند، ئەوەش دوای دەرچونی پشكنینی چەند كەسێك كە گوماندەكرا هەڵگری ڤایرۆسەكە بن.

حەسەن تەمیمی، وەزیری تەندروستی عیراق لە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانیدا لە بەغدا، ئەمڕۆ دووشەممە 15ی شوبات، جەختیكردەوە لە تۆماركردنی چەند حاڵەتێكی كۆرۆنای نوێ لە عیراق.

بەپێی وەزیری تەندروستی حاڵەتەكان لە نێو منداڵاندا تۆماركراون، دوای ئەوەی ئەنجامی چەند پشكنینێكیان بۆ گەڕاوەتەوە. هەروەها داوای لە هاوڵاتیانی عیراق كرد پابەندی رێنماییە تەندروستییەكان بن بۆ خۆپارێزیی و وتی "ئەم جۆرەیان بە خێرایی لە نێو هاوڵاتیاندا بڵاودەبێتەوە".

شەممەی رابردوو 13ی شوبات، لیژنەی باڵای تەندروستی و سەلامەتی نیشتیمانی لە عیراق، بڕیاریدا قەدەغەی هاتوچۆی شەوانە لە كاتژمێر 8ی شەو بۆ 5ی بەیانی رابگەیەنێت، ئەوەش بەهۆی بەرزبونەوەی حاڵەتەكانی توشبووان بە ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ دوو ئەوەندەی پێشوو لە رۆژێكدا.

ئەو لیژنەیە لە كۆبونەوەیەكدا بە سەرۆكایەتی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیرانی عیراق، كۆمەڵێك بڕیاری دەركرد لەبارەی خۆپارێزیی لە ڤایرۆسی كۆرۆنا و تەواوی بڕیارەكانیش لە 18ی شوباتەوە دەچنە بواری جێبەجێكردنەوە.

لەنێو بڕیارەكاندا راگەیاندنی قەدەغەی هاتوچۆ، لە تەواوی پارێزگاكانی عیراق – جگە لە هەرێمی كوردستان- لە كاتژمێر 8ی شەو تا 5ی بەیانی، ئەوەش بۆ ماوەی دوو هەفتە بەردەوادەبێت. جگە لە كەرتی تەندروستی، فەرمانگە ئەمنی، ئیداریی و خزمەتگوزارییەكانو هەروەها بازاڕەكانی سەوز و میوە فرۆشتن.

لەپاڵئەوەشدا خوێندن لە تەواوی قوتابخانە، پەیمانگە و زانكۆكان دەبن بە ئۆنلاین، جگە لە قۆناغە كۆتاكان و خوێندكارانی كۆلێژی پزیشكی نەبێت.

لە راگەیەنراوەكەدا بڕیاردراوە بە داخستنی تەواوی مزگەوت، حوسەینییە و شوێنە پیرۆزەكان، تەنیا بۆ بانگدان نەبێت. لەگەڵ قەدەغەكردنی هەر كۆبونەوە، پرسە و ئاهەنگێك و داخستنی تەواوی هۆڵەكان.

تائێستا لە عیراق 643 هەزار و 852 كەس توشی كۆرۆنا بون، لەو رێژەیە 13 هەزار و 179 كەس مردون و 607 هەزار و 59 كەس چاكبونەوە. جگە لەوانەی هێشتا لەژێر چاودێری تەندروستیدان و ڤایرۆسەكەیان تێنەپەڕاندووە.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT