سزای پێنج ساڵ زیندانی بۆ پارێزگاری پێشوی نەینەوا

نەینەوا، 2017، نەوفەل عاکوب، پارێزگاری پێشوی نەینەوا

كەركوك ناو

دادگای ناوەندیی تاوانەکان بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی سزای پێنج ساڵ زیندانیکردنی بۆ نەوفەل عاکوب، پارێزگاری پێشوی نەینەوا دەرکرد.

ئەنجومەنی باڵای دادوەریی، لە بەیاننامەیەكیدا بڵاویكردەوە كە دادگای ناوەندیی تاوانەکان بۆ بەگژداچونەوەی گەندەڵی دوو بڕیاری دژ بە نەوفەل عاکوب حەمادی سوڵتان، پارێزگاری پێشوی نەینەوا دەرکرد بە "تاوانی هێنانەناوەوەی پڕۆژەی وەهمی بۆ پارێزگاکە".

لە بەیاننامەكەدا هاتووە "ئەو دوو بڕیارە لە دوای دوو سکاڵا دێن کە دژ بە پارێزگاری پێشوی نەینەوا تۆمارکرابوو، سزای زیندانیکردن بۆ ماوەی سێ ساڵ لەسەر سکاڵایەکیان دەرکراوە و هەروەها سزای دوو ساڵ  زیندانیکردنی لەسەر سکاڵای دووەم بووە".

"ناوبراو تاوانبارە بە گەندەڵی لە پڕۆژەی وەهمی تایبەت بە پاککردنەوە و نۆژەنکردنەوەی بینا لە پارێزگای نەینەوا لە ماوەی نێوان سڵی 2017 تا ساڵی 2019"، بەپێی بەیاننامەكە.

پێشتر سەرچاوەیەکی نزیک لە پارێزگاری پێشوی نەینەوا لە بەدواداچونێکی (کەرکوک ناو)دا لەبارەی دەستگیركردنی نەوفەل عاكوب، وتی کە دەستگیرکردنی ناوبراو "شتێکی چاوەڕواننەکراو بوو"، پێشیوابوو فەرمانەکە بۆ "بانگهێشتکردن"، بووە نەک "فەرمانی دەستگیرکردن".

سەرچاوەکە، کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت وتی هەموو ئەو کەیسانەی کە پارێزگاری پێشوو پێی تۆمەتبارکرابوو خراونەتە بەردەم دادگا و دەستەی دەستپاکی، لەوانە بەفیڕۆدانی بڕی 76 ملیار دینار کە هێندەی بودجەی تەواوی پارێزگایەک دەبێت.

رۆژی 21ی تشرینی یەکەمی 2020، دەستەی دەستپاکی فیدراڵی رایگەیاند کە فەرمانی دەستگیرکردنی دژی پارێزگاری پێشوی نەینەوا جێبەجێکردووە و رونیشیکردەوە کە فەرمانەکە دوابەداوی وەرگرتنی رەزامەندی دادگای تایبەتمەند بە کەیسەکانی دەستپاکی لە پارێزگاکەدا جێبەجێکراوە.

دەستەکە لە 13ی تەموزی 2020 ئاشکرای کرد کە فەرمانی بانگهێشتکردن دەرچووە بۆ سەرۆک و ئەندامانی پێشوی لیژنەی سەرەکی دابەشکردنی زەوی نیشتەجێبون لە پارێزگای نەینەوا، کە نەوفەل عاکوب سەرۆکایەتی دەکرد، ئەوەش بە تۆمەتی سەرپێچی لە ئەرکەکانیاندا.

ئەوكات دادگای تێهەڵچونەوەی نەینەوا فەرمانی دەستگیرکردنی بۆ پارێزگاری پێشوی نەینەوا دەرکرد، ئەوەش بەپێی هەردوو ماددەی 315 و 341 لە یاسای سزادانی عیراقی.

بەپێی ماددەی 315 "هەر فەرمانبەرێک ئیختیلاس یان شاردنەوەی پارەی گشتی بەسەردا ساغبێتەوە سزادەدرێت بەزیندانی".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT