كەس "رێگای مەرگ"ی بیر نییە
لە مانگێكدا هەشت كەس لەو رێگایە مردون 15ی تر برینداربون

روداوێكی هاتوچۆ لە سنوری قەزای داقوق لە پارێزگای كەركوك فۆتۆ: كەركوك ناو

محەمەد ئەڵماس – كەركوك

شۆفێرانی رێگای كەركوك – بەغدا دەناڵێنن بەدەست خراپبون و زۆربونی چاڵی رێگاكەیان و بە رێگای "مەرگ" ناوی دەهێنن.

ناسناوی "مەرگ" بۆ رێگای نێوان كەركوك – بەغدا بەتایبەت لە سنوری قەزای دوزخورماتوو، بەهۆی زۆربونی روداوەكانی هاتوچۆ و خراپبونی رێگاكەوەیە. تەنیا لە ساڵی 2021 هەشت كەس مردون و 15ی تر برینداربون، ئەوەش بەپێی ئامارێكی نافەرمی كە (كەركوك ناو) كۆیكردۆتەوە.

ئەحمەد فاروق، شۆفێر لە قەزای دوزخورماتوو، بە (كەركوك ناو)ی وت "رێگاكانی سنوری دوزخورماتوو بۆ دەرەوەی قەزاكە زۆر خراپە، چاڵی زۆری تێكەوتووە، بە تایبەت كاتێك دەگەیتە ناحیەی سلێمان بەگ و زنجیرە چیای حەمرین، لە زۆربەی روداوەكانیشدا هاوڵاتیان گیانلەدەستدەدەن".

ئیدارەی كەركوك بەگشتی ئەو ناوچانەی نۆژەنكردۆتەوە كە لە سنوری ئیدارەی خۆیدایە، بەتایبەت رێگای داقوق تا نزیك دوزخورماتوو، بەڵام ناوچەكانی سنوری قەزای دوزخورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین نۆژەننەكراونەتەوە.

ئارام عادل، شۆفێری ھێڵی رێگای کەرکوک – بەغدا، بە (كەركوك ناو)ی وت "مەترسییەكانی رێگاكە هیچی كەمتر نییە لە مەترسیەكانی تیرۆر، بەشێك لە شۆفێرانیش سەرەڕای خراپی رێگاكە، زۆر خێرا شۆفێری دەكەن و روداوی نەخوازراو رودەدات".

مەترسییەكانی رێگاكە هیچی كەمتر نییە لە مەترسیەكانی تیرۆر

دواین رودای هاتوچۆ، لە 16ی شوبات لە رێگای دوزخورماتوو - بەغدا رویدا، ئەوەش لە نێوان سێ ئۆتۆمبێلی لاندكروسەر، تیۆتا و تەكسییەك و بەهۆیەوە چوار كەس برینداربون.

ڤیدیۆ: دیمەنی دواین روداوی هاتوچۆ لەسەر رێگای كەركوك - دوزخورماتوو لە 16ی شوبات

حەسەن زەینلعابدین، قایمقامی قەزای دوزخورماتوو – سەر بە پارێزگای سەڵاحەدین-، وتی "بەتایبەت ئەو رێگایانە خراپن كە دەكەوێتە سنوری قەزاكەی ئێمەوە، نە ئیدارەی كەركوك و نە سەڵاحەدین بەهیچ شێوەیەك ئامادەنین رێگاكە نۆژەنبكەنەوە".

لەكاتێكدا تەواوی فەرمانگەكانی دوزخورماتوو سەر بە پارێزگای سەڵاحەدینن، بەڵام فەرمانگەی رێگاوبانی قەزاكە سەر بە پارێزگای كەركوكە، ئەوەش وەك قایمقامی دوزخورماتوو دەڵێت "رەنگە هۆكاربێت بۆ نۆژەننەكردنەوەی رێگاكە".

"من چەندین جار داوام لەو فەرمانگەیە كردووە رێگاكانی سنوری دوزخورماتوو نۆژەنبكاتەوە، بەڵام ئەوان تەنیا ئەو رێگایانە نۆژەندەكەنەوە كە لە سنوری ئیدارەی كەركوكن، بەڕاستی نازانم هۆكاری ئەمە چییە"، حەسەن زەینلعابدین وتی "بەداخەوە ئیدارەی سەڵاحەدینیش وەڵاممان نادەنەوە".

كێشەكی تری رێگاكە ئەوەیە هێماكانی هاتوچۆی لێ دانەنراوە، بەوتەی شۆفێران ئەوەش هۆكارێكی تری زۆری روداوەكانی هاتوچۆیە.

حەسەن زەینلعابدین، وتی "هەموو رێگاكە تێكچووە و لەبەر یەك هەڵوەشاوەتەوە، چەند هێمای هاتوچۆ دادەنێیت، یەك چاڵ و دوو چاڵ نییە، دەبێت سەدان هێمای هاتوچۆ دابنێیت... چارەسەر تەنیا ئەوەیە رێگاكە نۆژەنبكرێتەوە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT