شوێنكاری دەیان كەس تێكدەدرێت
قایمقامی كەركوك: لایەنێكی سیاسی زەرەرمەند بووە

كەركوك/22ی شوباتی 2021/ بازاڕی گەورە نزیك قەڵا. فۆتۆ: گۆران بابان

گۆران بابان – كەركوك

لیژنەی زیادەڕۆ لە قایمقامیەتی كەركوك شوێنكاری دەیان كەس دەڕوخێنێت و تێكدەدات، ئەوەش ناڕەزایی دروستكردووە. قایمقامی كەركوك بەوەكالەت لەگەڵ جەختكردنەوە لەوەی شوێنی كارەكان بە زیادەڕۆ دروستكرابون، پێشیوایە ناڕەزاییەكان "دەستی لایەنێكی سیاسی لە پشتەوەیە، بەهۆی ئەوەی ئەو لایەنە مانگانە 20 ملیۆن دینار زەرەر دەكات".

پرۆسەی روخاندن و تێكدانی ئەو شوێنكارانە لە رۆژانی قەدەغەی هاتوچۆدا لە 19 تاوەكو 22ی شوبات دەستیپێكرد، تیایدا لانیكەم 50 كەپر و عارەبانەی كاسبكاران لە سنوری بازاڕی گەورەی کەرکوک لە نزیک قەڵا بە بیانوی زیادەڕۆ لابران، ئامانجێكی تری ئەو پرۆسەیە كردنەوەی رێگای قەڵا بوو بۆ گەڕەكی موسەڵا كە بەهۆی ئەو شوێنكارانەوە داخرابوو.

ئەمجەد کاکە لەو بازاڕە سەوزە و میوە دەفرۆشێت، وتی "دووشەممە 22ی شوبات كاتێك قەدەغەی هاتوچۆ هەڵگیرا، بۆ كاركردن چومەوە بازاڕەكە، بەڵام شوێنكارەكەم تێكدرابوو، 500 كیلۆ خورمام لە زەوییەكە كەوتبوو و تێكەڵ بە كەلوپەلی هاوڕێیەكانم بوو بوو".

شوێنكارەكەم تێكدرابوو، 500 كیلۆ خورمام لە زەوییەكە كەوتبوو و تێكەڵ بە كەلوپەلی هاوڕێیەكانم بوو بوو

"من 15 ساڵە لەم بازاڕەم، عارەبانەكەم بژێوی ژیانی 10 سەر خێزانی لەسەر بوو، ئەم بڕیارەی قایمقام زۆر نادادپەروەر بوو"، ئەمجەد وایوت.

جومعە هادی، یەکێکی تر لەو کاسبکارانە، بە (كەركوك ناو)ی وت "عەرەبانەکەم شکێنراوە، هەموو میوە و سەوزەكەم فڕێدراوە، ئەم بڕیارە دژی هەژار و كاسبكارانە".

لەناوبردنی كەپر و عارەبانەی دەیان كاسبكار لەكاتێكدایە، قایمقامیەتی كەركوك چەندین جار داوای لێكردون ناوچەكانیان چۆڵبكەن بەهۆی ئەوەی زیادەڕۆییان كردووە.

فەلاح یایچلی، قایمقامی کەرکوک بەوەكالەت، بە (كەركوك ناو)ی وت "هەرگیز دژی کاسبکاران نین و دەمانەوێت ئەوانەی لەوێ کاردەکەن بەشێوەی شارستانییانە کاری رۆژانەی خۆیان بكەن، بەڵام ئەوان سیمای ئەو ناوچەیەیان شێواندبوو، لەو ناوچەیە كێشە بۆ خەڵك دروستدەبوو، تانە و تەشەر و گێچەڵی سێكسی بە ژنان دەكرا، هەروەها بە زیادەڕۆ كەپر و عارەبانەكانیان دانابوو".

وتیشی "بەڵام لەگەڵئەوەشدا من بەر لە روخاندنی شوێنكارەكانیان سەردانم كردن و بڕیارمدا هاوكارییان بكەم، ئەوەش بە رێككەوتنی خۆیان بازاڕەکە بەسەر دوو بەرەی چەپ و راستدا دابەشبکەن و رێگای ئاسایی خەڵک نەگیرێت و ناوەڕاست و شۆستەکە داگیر نەکرێت".

لەبارەی ناڕەزایی كاسبكارانیشەوە، فەلاح یاچیلی، وتی "ئاگادارین لایەنێکی سیاسی لەپشت ئەو ناڕەزایەتییەوەیە، چونکە ئەو لایەنە سودمەندە لەو بازاڕە بەوەی مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن دینار پارەی پاسەوانی ناوچەکەیان وەك سەرانە لێوەردەگرتن"، بەبێ ئەوەی ناوی ئەو لایەنە سیاسییە ئاشكرابكات.

ئاگادارین لایەنێکی سیاسی لەپشت ئەو ناڕەزایەتییەوەیە، چونکە ئەو لایەنە سودمەندە لەو بازاڕە بەوەی مانگانە زیاتر لە 20 ملیۆن دینار پارەی پاسەوانی ناوچەکەیان وەك سەرانە لێوەردەگرتن

جەختیشیكردەوە لەوەی بەشێكی بڕیارەكەیان بەهۆی ئەوەوە بووە كەلوپەلی ناوچەكە بەشێوەیەكی تەندروست نافرۆشرێت و "سەوزە و میوە جۆرەها خواردنی تر تێكەڵ بە چڵكاو بووە و بۆ تەندروستی گونجاو نییە".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT