داوای قەرەبویان لێدەكەن
چەند كەسایەتییەكی "عەشیرەتی ئەلبو عێثە" دەچنە سەر كۆمەڵگەی رزگاری كاكەیی

كەركوك/ 9ی شوباتی 2021/ كۆمەڵگەی رزگاری كاكەیی، مەراسیمی ناساندن و بڵاوكردنەوەی كتێبی (كاكەییەكان لە سەردەمی كۆرۆنادا) لە داقوق. فۆتۆ: سۆران محەمەد

كەركوك ناو

دانیشتووانی كۆمەڵگەی رزگاری كاكەیی لە داقوق داوا لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی كەركوك دەكەن بەهانایەوە بچن، دوای ئەوەی "چەند كەسایەتییەكی عەشیرەتی ئەلبو عێثە" بۆ دووەمجار دەچنە سەریان و داوای قەرەبویان لێدەكەن.

بەشێك لە خێزانەكانی ئەو عەشیرەتە لە سەردەمی دەسەڵاتدارێتی حزبی بەعس لەو كۆمەڵگەیە نیشتەجێبون و زەویی كاكەییەكانیان بەكارهێنا و خانویان لەسەر دروستكردووە، لەئێستادا داوای قەرەبوی دروستكردنی ئەو خانوانە لە كاكەییەكان دەكەن. ئەوەش لەكاتێكدایە لە ساڵی 2003ەوە كۆمەڵگەكەیان بە جێهێشتووە و گەڕانەوە بۆ ناوچەكانی خۆیان لە باشور و ناوەڕاستی عیراق.

ئومێد لوقمان، ئەنجومەنی كۆمەڵگەی رزگاری کاکەیی – بە گوندی رزگاریش ناودەبرێت- بە (کەرکوک ناو)ی وت "دواینجار هەفتەی رابردوو بوو چەند كەسایەتییەكیان هاتنە ئەم كۆمەڵگەیە، داوای قەرەبوی خانوەكانیان كرد، هەروەها هەندێكیان داوای زەوییەكانیشیان كرد، هەندێك نوسراویان پێبوو، نازانین نوسراوەكان چیی و هی كێ بون، بەڵام ئێمە پێمانوایە دەستێك هەیە بۆ ئەو كارە هانیان دەدات لە دژی ئێمە".

دواینجار هەفتەی رابردوو بوو چەند كەسایەتییەكیان هاتنە ئەم كۆمەڵگەیە، داوای قەرەبوی خانوەكانیان كرد

بە وتەی ئومێد ئەو خێزانانە بۆ یەكەمجار لە ساڵی 1993 بە بڕیاری حزبی بەعس هێنراونەتە دوو گوندی كاكەیی ئەو ناوچەیە و زەوییەكانیان بەكارهێنا و خانویان لەسەر دروستكرد.

daquq-1-2
كه‌ركوك، 2018، خێزانێكی كاكه‌یی له‌ گوندی زه‌نقه‌ری قه‌زای داقوق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

ئەو وتی "لە دوای روخانی رژێمی بەعس لە ساڵی 2003 هەمویان لێرە رۆیشتن و لە چوارچێوەی ماددەی 140ی دەستوری عیراقیشدا قەرەبوی گەڕانەوەیان وەرگرتووە".

شکار مەردان، دانیشتوی هەمان كۆمەڵگە، وتی "ئەوەی من بیزانم بۆ قەرەبوكردنەوە سكاڵایان تۆماركردووە، سكاڵاكە بۆ هەردوو گوندی رزگاریی و مەتیقە"، ئەو دوو گوندە هەردوكیان موڵكی كاكەییەكانن.

"داوای قەرەبوی ئەو خانوانە دەكەن كە ئەوان لەسەر موڵكی كاكەییەكان دروستیان كردووە و ئێمەش ئامادەنین قەرەبویان بكەینەوە، ئەوان چەندین ساڵ موڵكی ئێمەیان بۆ خۆیان بەكارهێناوە"، شكار وایوت.

کۆمەڵگەی رزگاری ئێستا بەشێكە لە داقوق بەدوری 44كم دەكەوێتە باشوری كەركوك و 120 خێزان لێی نیشەجێن. تەواوی دانیشتوانەكەی لە ساڵی 1993 لەسەر زەوییەكانیان دورخرانەوە، ئەوەش بەپێی بڕیاری حزبی بەعس و عەشیرەتی ئەلبو عێثە لێی جێگیربون.

ئومێد لوقمان، ئەنجومەنی كۆمەڵگەی رزگاری لەڕێی (كەركوك ناو)ەوە داوای لە لایەنە پەیوەندیدارەكانی كەركوك و عیراق كرد ئەو كێشەیە چارەسەر بكەن.

لویس فەندی، قایمقامی قەزای داقوق بەوەكالەت، بە (كەركوك ناو)ی وت "هیچ نوسراوێك و ئاگادارییەك بۆ ئێمە نەهاتووە لەبارەی ئەوەی ئەو خێزانانە قەرەبوبكرێنەوە، ئێمەش هیچ نوسراو و رێگەپێدانێكمان بۆ هیچ كەسێك نەكردووە، نازانین بڕیاری دادگایان پێیە یان نا".

ئێمە هیچ نوسراو و رێگەپێدانێكمان بۆ هیچ كەسێك نەكردووە

لە ئابی 2020یشدا ژماره‌یه‌ك خێزانی عه‌ره‌ب هه‌وڵیاندا خێوه‌ت لە چەند گوندێكی كاكەیی هەڵبدەن و زەوییەكانیان بەكاربهێنن، بەتایبەت لە ناوچەی داودە و تاڵەبانی.

ئەوكات لویس فه‌ندی، قایمقامی قه‌زای داقوق به‌وه‌كاله‌ت كه‌ خۆی له‌ پێكهاته‌ی عه‌ره‌بی كه‌ركوكه‌، بە (كەركوك ناو)ی وت "ئه‌م زه‌وییانه‌ی پێیده‌ڵێن كێشه له‌سه‌ر، له‌ بنه‌ڕه‌تدا موڵكی كاكەیی تاڵەبانی و داودەن، له‌ ساڵی 1976ـه‌وه‌ به‌ چه‌ند بڕیارێك به‌شێك له‌و زه‌وییانه‌ به‌ ژماره‌یه‌ك خێزانی عه‌ره‌ب دراون".

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT