دوه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ 41 رۆژدا

هاوڵاتییه‌كی دیكه‌ی ئاواره‌ بێسه‌روشوێن ده‌بێت

موحسین عیسا موراد (28 ساڵ) فۆتۆ: له‌ كه‌سوكاریه‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو) دراوه‌

عه‌مار عه‌زیز – نه‌ینه‌وا

گه‌نجێكی ئاواره‌ی شنگال دیارنامێنێت، بێ ئه‌وه‌ی هێزه‌ ئه‌منییه‌كان هیچ به‌دواداچون و لێكۆڵینه‌وه‌یه‌ك بكه‌ن، ئه‌وه‌ش دووه‌م حاڵه‌ته‌ له‌ ماوه‌ی 41 رۆژدا.

موحسین عیسا موراد (28 ساڵ)، دانیشتوی كه‌مپی كه‌به‌رتوی پارێزگای دهۆكه‌ و 15ی ئاداری 2021، به‌ خێزانه‌كه‌ی وتووه‌ ده‌چێته‌ شنگال، به‌ڵام له‌وكاته‌وه‌ هیچ هه‌واڵێكی نییه‌ و بێسه‌روشوێنه‌.

"له‌ دهۆكه‌وه‌ چۆته‌ شنگال، لای خێزانی وتویه‌تی ئه‌چێته‌ لای هاوڕێیه‌كی و هه‌ندێك كاری تایبه‌تی هه‌یه‌، به‌ڵام له‌و رۆژه‌وه‌ نه‌گه‌ڕاوه‌ته‌وه‌" به‌وته‌ی هادی موراد، مامی بێسه‌روشوێنه‌كه‌ بۆ (كه‌ركوك ناو).

ئه‌و گه‌نجه‌ پێشمه‌رگه‌یه‌ له‌ میحوه‌ری سحێلا، خێزانداره‌ و باوكی سی منداڵه‌.

"دوو مۆبایلی پێیه و هه‌ردوكیان داخراون، پرسیارمان له‌ ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی شنگال و دهۆك كردووه‌ به‌ڵام هیچ زانیارییه‌كیان نییه‌".

هادی ده‌ڵێت "هیچ كێشه‌یه‌كی نه‌بووه‌ و نازانین بۆچی دیارنه‌ماوه‌"، داواكاریشه‌ خه‌ڵك و لایه‌نی ئه‌منی له‌ ئاشكراكردنی چاره‌نوسیدا هاوكارییان بكه‌ن.

ئه‌و خێزانه‌ هیچ سكاڵایه‌كیان لای ده‌زگا ئه‌منییه‌كانی شنگال تۆمارنه‌كردووه‌ بێ ئه‌وه‌ی هۆكاره‌كه‌یشی رونبكه‌نه‌وه‌.

ناتق عه‌لو ئه‌حمه‌د، لێپرسراوی راگه‌یاندنی پۆلیسی شنگال به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت "زانیاریمان به‌ده‌ست گه‌یشتووه‌ ئه‌و گه‌نجه‌ به‌ناوی موحسین عیسا چه‌ند رۆژێكه‌ بێسه‌روشوێن بووه‌، به‌ڵام كه‌سوكاری به‌ره‌سمی ئێمه‌یان ئاگادارنه‌كردۆته‌وه‌ تا لێكۆڵینه‌وه‌ بكه‌ین و بزانین له‌ كوێ بێسه‌روشوێن بووه‌، ئایا له‌ دهۆك بووه‌ یان شنگال".

ئه‌وه‌ دوه‌م روداوه‌ له‌مساڵدا، دوای ئه‌وه‌ی 2ی شوباتی 2021 هاوڵاتییه‌كی ئاواره‌ به‌ناوی حه‌سه‌ن حسێن خه‌لیل، دانیشتوی كه‌مپی داودی قه‌زای ئامێدی دیارنه‌ما، كه‌ به‌وته‌ی كه‌سوكاری له‌ دهۆكه‌وه‌ چۆته‌ شنگال و ئیتر له‌وێه‌وه‌ هه‌واڵی نه‌ماوه‌.

به‌پێی به‌دواداچونه‌كانی (كه‌ركوك ناو)، تائێستا چاره‌نوسی ئه‌و هاوڵاتییه‌ش به‌ نادیاری ماوه‌ته‌وه‌ و ده‌زگا ئه‌منییه‌كان هیچ سه‌ره‌داوێكیان ده‌ستنه‌كه‌وتووه‌.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT