سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانەكەی بادینان پەسەند كرا

له‌ ده‌سته‌ راسته‌وه‌: شێروان ئه‌مین شێروانی، گۆهدار محه‌مه‌د، ئه‌یاز كه‌ره‌م، هاریوان عیسا و شڤان سه‌عید

كەركوك ناو

دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێم، سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ رۆژنامەنوسان و چالاكوانانی بادینان پەسەند كرد.

ئەمڕۆ سێشەممە 4ی ئایار، دەستەی سزایی دادگای پێداچونەوەی هەرێم بڕیارەكەی دادگای تاوانەكانی هەولێری پەسەندكرد، ئەوەش بە سزادانی شەش ساڵ زیندانی بۆ پێنج رۆژنامەنوس و چالاكوانی بادینان، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پارێزەرانی ئەو پێنج سزادراوە بۆ (كەركوك ناو).

بەپێی سەرچاوەكە، دادگای پێداچونەوەی هەرێم، بە زۆرینەی دەنگی سێ دادوەر لە كۆی پێنج دادوەر سزاكەی پەسەندكردووە.

لە 16ی شوباتی ئەمساڵ، دادگای تاوانه‌كانی هەولێر، سزای شەش ساڵ زیندانی بۆ هه‌ریه‌ك له‌ رۆژنامەنوسان و چالاکوانانی مەدەنی (شێروان شێروانی، گۆهدار محەمەد، ئەیاز کەرەم، شڤان سەعید و هاریوان عیسا) ده‌ركرد، کە هەشت مانگ لەمەوبەر بە تۆمەتی "سیخوڕیی و هەوڵدان بۆ كودەتا و ئاژاوەگێڕی" دەستگیركرابون. بڕیارەكە ناڕەزایی رۆنامه‌نوسان، پارێزەران، چالاكوانانی مەدەنیی و پەرلەمانتارانی بەدواداهات و ئەوكات لە دادگای پێداچونەوەی هەرێم تانەیان لە بڕیارەكەدا.

بڕیارە هەر ئەمڕۆ، پارێزەرانی كەیسی ئەو پێنج سزادراوە، لەبەردەم دادگا پێداچونەوە كۆنگرەیەكی رۆژنامەوانی ئەنجام بدەن.

دادوەر لەتیف شێخ مستەفا، پسپۆڕی یاسایی، لەبارەی ئەو بڕیارەی دادگاوە، لە نوسینێكیدا لە ئەكاونتی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك دەڵێت "رۆژێکی رەش و وەرچەرخانێکی ترسناک لەڕوی بەکارھێنانی دادگا بۆ سزادانی سیاسی، ناوبانگی ھەرێمیش زیاتر ناشیرین دەکات".

"تاقە رێگا مابێ ئەوەیە کە سەرۆکی ھەرێم لەئاستی وتەکانی خۆی بێ و بڕیارێکی لێبوردنی  تایبەتیان بۆ دەربکات، چونکە پێش بینی ناکرێت تازە دەستەی گشتی دادگای پیداچونەوەش بریارەکەی بۆ بگۆڕدێت یان بیەوێت بیگۆڕێت ئەگەر داوای راستکردنەوەش بکرێت، ئەگەر گریمان سەرۆک رازیش بێت بیدات بەدەستەی گشتی"، لەتیف شێخ مستەفا وایوت.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT