لێپرسراوێكی بەرەی تورکمانی:
لەگەڵ ئەو هەڵوێستە نەبوین كە لە بەرامبەر پۆلیسی كەركوكدا كرا

كه‌ركوك، ئایاری 2018، ناڕه‌زایی لایه‌نگر و ئه‌ندامانی حزبه‌ توركمانیه‌كان دژی كۆمسیۆن به‌هۆی گومانیان له‌ ئه‌نجامی هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مانی عیراق فۆتۆ: كه‌ركوك ناو

گۆران بابان - كەركوك

ماردین گۆككایا، سەرۆکی فەرمانگەی رێکخستنە سیاسییەکانی بەرەی تورکمانی عیراقی، دژایەتی خۆی بۆ ئەو هەڵسوكەوتەی چەند پاسەوانێكیان رادەگەیەنێت بەرامبەر مەفرەزەیەكی پۆلیس و دەڵێت "ئێمە لەگەڵ ئەو جۆرە هەڵسوکەوتە نین، بەڵام بەداخەوە ئەوە لەسەر بەرەی تورکمانی هەژمارە".

شەوی 5ی ئایار، ژمارەیەك ئەندام و پاسەوانانی بەرەی توركمانی عیراقی لە نێویاندا كوڕی یەكێك لە جێگرانی سەرۆكی بەرەی توركمانی، هێرشیانكردە سەر مەفرەزەیەكی پۆلیسی فریاكەوتن و لەكاتی ئەركدا سوكایەتییان پێكردن، ئەو روداوەش ناڕەزایی لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكاندا بەدوادا هات و لەسەر هەمان پرس وەزیری ناوخۆی عیراق دەستوەردانی كرد، ئەوەش بەپێی سەرچاوەیەك لە پۆلیسی كەركوك لەسەر داوای سەرۆك وەزیرانی عیراق بووە و لە ئەنجامدا چەند كەسێكیان لێ دەستگیركردون.

ماردین گۆككایا، لە لێدوانێكیدا لەبارەی ئەو كێشەیەوە بە (كەركوك ناو)ی وت "دوو کەس لەوانەی کە پاسەوانن و کوڕی جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانین رادەستی دادگا کراون، بۆ تەواوکردنی لێکۆڵینەوە و رێکارەکان لەگەڵیاندا".

دوو کەس لەوانەی کە پاسەوانن و کوڕی جێگری سەرۆکی بەرەی تورکمانین رادەستی دادگا کراون

زیاتر وتی "ئێمە لەگەڵ ئەو جۆرە هەڵسوکەوتەدا نین، بەڵام بەداخیشەوە ئەوە لەسەر بەرەی تورکمانی هەژمارە، چونکە کوڕی یەکێک لە لێپرسراوانی بەرەکەن، لەگەڵ ئەوەشدا ئێمە ئامادەییمان دەربڕیوە کە دووان لەوانەی تۆمەتباری سەرەکین بەو روداوە یاسا و دادگا مامەڵەی یاسایی و ئاسایی خۆیان لەگەڵدا بكات".

"پاش ئەوەی كەژاوەی ئۆتۆمبێلەکانیان دەکەوێتە نێو بازگەیەکی پۆلیسەوە، لە شەقامی رێگای بەغدا و تەقە بەئاسماندا دەکەن، لەوێ لەگەڵ پۆلیسدا دەبێتە شەڕ و دەمەقاڵێیان و كێشەكە دروستدەبێت"، بە وتەی ماردین گۆككایا.

رۆژی دوای روداوەكە و لە 6ی ئایار، سەرچاوەیەكی پۆلیس كە ئاگاداری روداوەكەیە و لەبەرئەوەی مافی لێدوانی نییە ئامادەنەبوو ناوی بڵاوبكرێتەوە، بە (كەركوك ناو)ی وت "كاتژمێر 11ی شەو مەفرەزەیەكی پۆلیس لەكاتێكدا سەرقاڵی جێبەجێكردنی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بون، ویستیان رێگریی بكەن لە ژمارەیەك ئەندام و پاسەوانی بەرەی توركمانی عیراق كە بەشێكیان جلوبەرگی سەربازییان لەبەردابووە، بەو هۆیەوە دەمەقاڵی دروستبووە و دواتر سەریكێشاوە بۆ سوكایەتیی و هێرشكردنە سەر پۆلیسەكان".

سەرچاوەكە وتی "ئەو ئەندام و پاسەوانانەی بەرەی توركمانی بە ئۆتۆمبێل و لەكاتی قەدەغەی هاتوچۆدا رۆنساید رۆیشتون و ئامادەنەبون پابەندی بڕیاری قەدەغەی هاتوچۆ بن، لە نێویاندا كوڕی لێپرسراوێكی بەرەی توركمانی هەبوو".

بەپێی گرتەیەكی ڤیدیۆی روداوەكەش، كە لە تۆڕە كۆمەڵایەتییەكان بڵاوبۆوە و (كەركوك ناو) پشتڕاستیكردۆتەوە كە بەشێكی روداوەكەیە، تیایدا دەردەكەوێت پاسەوانەكان كە چەك لەوانەش دەمانچەیان پێیە، پەلاماری پۆلیسەكان دەدەن و لەو روداوەدا تەقەش بە ئاسماندا كراوە.

ماردین گۆككایا وتیشی "داوامان کردووە هەموو لایەک هێمنی بپارێزن، کێشەکان بە یاسا چارەسەر بکرێن، چونکە دۆخی کەرکوک هەستیارە و ئێمەش وەک بەرەی تورکمانی رێز لە یاسا و دەستور دەگرین".

نوسینگەی راگەیاندنی حەسەن تۆران، سەرۆكی بەرەی توركمانی ئێوارەی 6ی ئایار لە راگەیەنراوێكدا سوپاسی هەڵوێستی مستەفا كازمی، سەرۆك وەزیران و فەرماندەی باڵای هێزە چەکدارەکانی عیراق كرد، بۆ بەرگرتن لە پەرەسەندنی ئەو كێشەیەی لە نێوان بەشێك لە پاسەوانەكانی بەرەی توركمانی و پۆلیس رویدا بەپێی رێکارە یاساییەکان.

تۆران كە راگەیەنراوەكەی لە پەیجی تایبەتی خۆی لە تۆڕی كۆمەڵایەتی فەیسبوك بڵاوكردۆتەوە، تیایدا هاتووە كە بەرەی تورکمانی پشتیوانی سەروەری دەوڵەت دەکات و هەوڵەکانی دەزگا ئەمنییەکان بەرز دەنرخێنێت لە سەپاندنی یاسا و بەقەرارکردنی ئاسایش، داوای ئارامی و دانبەخۆداگرتنیش لە هەمووان دەکات بۆ "رێگرتن لەوانەی دەیانەوێت لەئاوی لێڵدا راو بکەن".

لە ئێستادا دوو كەس كە تۆمەتباری سەرەكین، لەسەر ئەو كەیسە و بە بڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 230 لە یاسای سزادانی عیراقی دەستگیركراون، ئەو ماددەیە تایبەتە بە سوكایەتیكردن بە فەرمانبەرانی دەوڵەت لەکاتی ئەرکدا.

ئەوەش لەكاتێكدایە حەوت كەسی تر بڕیاری دەستگیركردنیان هەیە و هێشتا دەستگیرنەكراون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT