دوزخورماتوو: خواست بۆ ڤاكسینی كۆرۆنا زۆر دەبێت و خەڵك ترسی شكاوە

دوزخورماتوو/ ئایاری 2021/ پێدانی ڤاكسینی دژە كۆرۆنا بە هاوڵاتیان. فۆتۆ: راگەیاندنی تەندروستی دووخورماتوو

لەیلا ئەحمەد

تادێت ژمارەی ئەو كەسانە زیاتر دەبن كە خواستی بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنایان هەیە لە قەزای دوزخورماتوو، ئەوەش هاوكاتە لەگەڵ بەرزبونەوەی ژمارەی مردووان بۆ 86 كەس لە سەرەتای بڵاوبونەوەی ئەو ڤایرۆسەوە.

زۆربونی خواست لەسەر ڤاكسینەكە بەپێی لێپرسراوانی تەندروستی قەزای دوزخورماتوو، دوای هۆشیاربونەوەی هاوڵاتیان دێت لەوەی ڤاكسینەكە مەترسی نییە، بەڵام هێشتا كەم نین ئەوانەی ئامادەنین خۆیان بكوتن و ترسیان هەیە.

حسێن محەمەد دانیشتوی دوزخورماتوو، دوو هەفتە لەمەوبەر یەكەم ژەمی ڤاكسینی سینۆفارمی چینی وەرگرت و بڕیارە لە 21ی ئەم مانگە ژەمی دووەم وەربگرێت، وتی "بە هەموو خزم و كەسوكارم وتووە بڕۆن خۆتان بكوتن، كاتێك خۆم كوتا هیچ گرفتێكی تەندروستیم بۆ دروستنەبوو، دەبێت لەم ڤایرۆسە رزگارمان بێت، تاكە چارەسەر كوتانە".

دەبێت لەم ڤایرۆسە رزگارمان بێت، تاكە چارەسەر كوتانە

ئەو چەند مانگێك پێشتر توشی كۆرۆنا بوو، هەر ئەمساڵیش یەكێك لە براكانی بەو ڤایرۆسە گیانیلەدەستداوە.

"سەرەتای هاتنی ڤاكسینەكە كەس خۆی نەدەكوتا، بنكەی وەرگرتنی ڤاكسینەكە چۆڵبوو، بەڵام ئێستا وانییە، ئەو رۆژەی من ڤاكسینەكەم وەرگرت، خەڵكێكی زۆر هاتبون خۆیان بكوتن، ناچار لێپرسراوانی بنكەكە بەشێكیان دواخست بۆ رۆژی دواتر، چونكە فریا نەدەكەوتن"، حسێن محەمەد وای وت.

تا 12ی ئایاری ئەمساڵ چوار هەزار و  676 كەس لە دوزخورماتوو توشی ڤایرۆسی كۆرۆنا بون و 86 كەس لەو ژمارەیە مردون.

لە ئێستادا كە خواست لەسەر بەكارهێنانی ڤاكسینی كۆرۆنا زۆر بووە،  411 كەس لە ژێر چاودێریدان لە نەخۆشخانە یان لە ماڵەوە، ئەوەش بەهۆی توشبونیان بە كۆرۆنا.

vacsin
بەغدا/ 2ی ئازاری 2021/ كارمه‌ندانی نەخۆشخانەكانی تایبەت بە توشبوانی كۆرۆنا لە رەسافە، یه‌كه‌م ژه‌مه‌ ڤاكسینی كۆرۆنایان وەرگرت. فۆتۆ: راگەیاندنی وەزارەتی تەندروستی

لەو قەزایە دوو بنكەی تەندروستی تایبەتكراوە بە كوتان دژی ڤایرۆسی كۆرۆنا و لە ئێستادا هەردوو ڤاكسینی سینۆفارمی چینی و ئه‌سترازێنیكای بەریتانی بەردەستن.

بەگشتی تا پێش جەژنی رەمەزان 924 كەس ژەمی یەكەمی ڤاكسینەكەیان وەرگرت، لە هەردوو جۆری سینۆفارم و ئه‌سترازێنیكا.

شێروان  شکور (29ساڵ) یەكێكە لەو كەسانەی قەزاكە، كە لەگەڵ ئەوەی خۆی كوتاوە توشی كۆرۆنا بووە، پەشیمانە لەوەی ڤاكسینەكەی وەرگرتووە و دەڵێت "هەر كە ڤاكسینەكەم وەرگرت بە چەند رۆژێكی كەم توشی كۆرۆنا بوم"، بەڵام لێپرسروانی تەندروستی جیهانی، چەند جارێك رونكردنەوەیان لەسەر حاڵەتی لەو شێوەیەداوە و دەڵێن ڤاكسینەكە كاتی دەوێت تا كەسەكە بەرگری دژی ئەو ڤایرۆسە پەیدا دەكات و ئەوە بە حاڵەتێكی ئاسایی دەزانن.

نەوزاد نورى، لێپرسراوی بنكەی تەندروستی كۆماری بۆ پێدانی ڤاكسین بە هاوڵاتیان لە دوزخورماتوو، وتی "سەرەتا كە دەستمان بە کوتانى ڤاکسینەکە کرد خەڵک نەدەهات بۆ بنکەى تەندروستییەکە تا خۆیان بکوتن، دەستی خەڵكمان ماچدەكرد بۆ ئەوەی ڤاكسین وەربگرن، بەڵام ئێستا خەڵك دەستی ئێمە ماچ دەكات و  ناو تۆماردەكات و قەرەباڵغی دروستبووە، ئەوەش جێی دڵخۆشیی و ئاماژەی هۆشیاربونەوەی خەڵكە".

وه‌زاره‌تی ته‌ندروستی عیراق، وێبسایتێكی تایبه‌تی كردۆته‌وه‌ بۆ تۆماركردنی ئه‌و هاوڵاتییانه‌ی خوازیاری وه‌رگرتنی ڤاكسینی كۆرۆنان، ئه‌وه‌ش له‌رێی وه‌رگرتنی زانیاری كه‌سی و دانانی نۆره‌ی كوتان له‌و بنكه‌یه‌ی هاوڵاتیان خۆیان دیاریده‌كه‌ن.

لە دوزخورماتوو رۆژانە لە نێوان 30 بۆ 40 كەس خۆیان دەكوتن، نەوزاد وتی "خەڵك زیاتر داوای جۆری سینۆفارم دەكەن و زیاتر متمانەیان بەوە هەیە، بەڵام من دڵنییایان دەكەمەوە هەردوكیان هیچ كێشەیان نییە و بێ مەترسین".

دوزخوماتوو یەكێكە لە ناوچەكانی جێناكۆك لە پارێزگای سەڵاحەدین، دانیشتوانەكەی 129 هەزار و سەروو 200 كەس دەبن و بەسەر هەرسێ پێكهاتەی كورد، عەرەب و توركمان دابەشبون.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT