له‌ چاوه‌ڕوانی هاوینێكی گه‌رمدا
هاوڵاتیانی موسڵ چه‌ندین كاتژمێر بێ كاره‌با به‌ڕێده‌كه‌ن

نه‌ینه‌وا/ 7ی ئایاری 2021/ هه‌ڵمه‌تی نه‌هێشتنی زیاده‌ڕۆیی له‌سه‌ر تۆڕی كاره‌بای ناوچه‌ی ریساله‌ی شاری موسڵ فۆتۆ: كۆمپانیای دابه‌شكردنی وزه‌ی كاره‌با

ورود ساڵح – نه‌ینه‌وا

سه‌رباری به‌ڵێنه‌كانی چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌با، هاوڵاتیانی موسڵ هیچ ئه‌نجامێكی كردارییان نه‌بینیووه‌ و هێشتا چاوه‌ڕێی چاككردنی بارودۆخی كاره‌بان، كه‌ كاریگه‌ری له‌سه‌ر ته‌واوی ژیانیان داناوه‌.

محه‌مه‌د خه‌ڵه‌ف (45 ساڵ)، له‌ بازاڕێكی شاری موسڵ دوكانی ئاسنگه‌ری هه‌یه‌ و بێ كاره‌بایی كاریگه‌ری له‌سه‌ر بژێوی رۆژانه‌ی هه‌بووه‌، چونكه‌ هێنده‌ كاره‌با كوژاوه‌ته‌وه‌، له‌ماوه‌ی چه‌ند رۆژێكدا ناتوانێت بایی پێنج هه‌زار دینار كاربكات. 

چه‌ندین كاتژمێر بێ كاره‌بایی

"گله‌یی زۆرم له‌ خاوه‌نی مۆلیده‌ی ئه‌هلی ناو بازاڕه‌كه‌ ده‌كرد كاتێك داوای كرێی كاره‌بای لێده‌كردم، به‌ڵام ئێستا ده‌ڵێم وه‌زاره‌تی كاره‌با ئه‌و ده‌رفه‌ته‌یان پێده‌دات ئیستغلالمان بكه‌ن، به‌تایبه‌ت كه‌ ده‌بینن كاره‌بای نیشتمانی نییه‌ و ئێمه‌ پێویستمان به‌كاره‌بای مۆلیده‌ هه‌یه‌" خه‌ڵه‌ف بۆ (كه‌ركوك ناو) وای وت.

وه‌زاره‌تی كاره‌با ده‌رفه‌ت ده‌دات ئیستغلال بكرێین

ئه‌و هاوڵاتییه‌ ده‌ڵێت بڕانی كاره‌بای نیشتمانی هه‌ندێكجار ده‌گاته‌ حه‌وت كاتژمێر، دواتر یه‌ك كاتژمێر كاره‌با ده‌درێت و جارێكیتر ده‌بڕێت.

خه‌ڵه‌ف ناچاره‌ چاوه‌ڕێی كاره‌بای نیشتمانی بكات تا بتوانێت له‌ دوكانی ئاسنگه‌رییه‌كه‌دا كاربكات، چونكه‌ ئامێره‌كانی له‌حیمكردن به‌ كاره‌بای مۆلیده‌ كارناكه‌ن.

karabamusl (1)
نه‌ینه‌وا/ 2021/ فه‌رمانبه‌رێكی كۆمپانیای دابه‌شكردنی كاره‌با پشكنین بۆ پێوه‌ری كاره‌با ده‌كات فۆتۆ: وه‌زاره‌تی كاره‌با

ڤۆڵتییه‌ی كاره‌با جێگر نییه‌

مامۆستا هه‌نا هیلال، دانیشتوی گه‌ڕه‌كی ریساله‌ی شاری موسڵ له‌ڕێی (كه‌ركوك ناو)ه‌وه‌ داوای كردنه‌وه‌ی "وه‌زاره‌تێكی تایبه‌ت به‌ مۆلیده‌كان" ده‌كات، له‌به‌رئه‌وه‌ی دۆسیه‌ی كاره‌با و كێشه‌كانی بونه‌ته‌ "ئه‌میری واقیع" و به‌وته‌ی ئه‌و، ناتوانرێت ئه‌و بارودۆخه‌ بگۆڕدرێت.

ئه‌و چه‌ند كاتژمێره‌ كه‌مه‌ی كاره‌بای نیشتمانی، ڤۆڵتییه‌ی زۆر ناجێگیره‌ و ده‌بێته‌ هۆی سوتانی ئامێره‌ كاره‌باییه‌كان، ته‌نیا له‌ماڵی هه‌نا سێ ئامێر له‌كاركه‌وتون.

فه‌هد سه‌باح، لێپرسراوی راگه‌یاندنی پرۆژه‌ی خزمه‌تگوزاریی و باج له‌ به‌ری چه‌پی موسڵ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌ موسڵ 42 وێستگه‌ی دابه‌شكردنی وزه‌ی كاره‌با هه‌ن، 15 وێستگه‌یان له‌ ئۆپه‌راسیۆنه‌كانی دژ به‌ داعش به‌ ته‌واوی خاپور بون.

12 وێستگه‌ نۆژه‌نكراونه‌ته‌وه‌ و چوار وێستگه‌ی دیكه‌ش له‌نێوان چه‌ند ناوچه‌یه‌كدا جێگۆڕكێیان پێده‌كرێت و به‌كاتی وزه‌ی كاره‌با بۆ ئه‌و ناوچانه‌ دابینده‌كه‌ن، بۆیه‌ ناوچه‌ دوره‌ده‌سته‌كان توشی كه‌می ڤۆڵتییه‌ ده‌بنه‌وه‌ به‌ڵام كارمه‌ندانی كاره‌با به‌رده‌وام له‌ هه‌وڵی چاره‌سه‌ری ئه‌و كێشه‌یه‌دان، به‌وته‌ی سه‌باح.

karabamusl (2)
نه‌ینه‌وا/ شوباتی 2021/ وێستگه‌یه‌كی دابه‌شكردنی كاره‌با فۆتۆ: وه‌زاره‌تی كاره‌با

زیاده‌ڕۆییه‌كانی سه‌ر كاره‌با

فه‌رمانبه‌رێك له‌ فه‌رمانگه‌ی كاره‌بای نه‌ینه‌وا كه‌ نه‌یویست ناوی بڵاوبكرێته‌وه‌ به‌ (كه‌ركوك ناو)ی وت له‌ چه‌ند شوێنێك زیاده‌ڕۆیی كراوه‌ته‌ سه‌ر ئه‌و كاره‌بایه‌ی بۆ كارگه‌كان دابینده‌كرێت.

هه‌روه‌ها وتی به‌شێك له‌و لایه‌ن و جوڵانه‌وه‌ سیاسییانه‌ی نوسینگه‌یان له‌ ناوچه‌كانی موسڵ كردۆته‌وه‌ زیاده‌ڕۆیی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كاره‌بای نیشتمانی و ئه‌وه‌ش هۆكاره‌ بۆ كه‌مبونه‌وه‌ی پێدانی كاره‌با به‌ ناوچه‌كانی تر، له‌كاتێكدا فه‌رمانگه‌ی كاره‌با هیچ رێكارێك ناگرێته‌به‌ر به‌رانبه‌ر زیاده‌ڕۆییه‌كان و هێزی ئه‌وه‌ی نییه‌ كۆتاییان پێبهێنێت.

به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تی دابه‌شكردنی كاره‌بای نه‌ینه‌وا ناوبه‌ناو هه‌ڵمه‌تی رێگری له‌ زیاده‌ڕۆیی راده‌گه‌یه‌نێت، كۆتا هه‌ڵمه‌تیش له‌ گه‌ڕه‌كی ریساله‌ بوو له‌ 7ی ئایاری 2021، به‌ڵام له‌گه‌ڵ شه‌وه‌دا به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ ناتوانێت زیاده‌ڕۆیی لایه‌نی به‌هێز نه‌هێڵێت.

ئه‌و لایه‌نه‌ سیاسییانه‌ی نوسینگه‌یان له‌ موسڵ كردۆته‌وه‌ زیاده‌ڕۆیی ده‌كه‌نه‌ سه‌ر هێڵه‌كانی گواستنه‌وه‌ی كاره‌با 

چاره‌سه‌ر له‌رێی بنیاتنانی وێستگه‌ی نوێ

فه‌رمانبه‌ره‌كه‌ی فه‌رمانگه‌ی كاره‌با ده‌ڵێت چاره‌سه‌ری كێشه‌ی كاره‌با له‌ موسڵ و هه‌موو عیراق ده‌كرێت له‌رێی بنیاتنانی وێستگه‌ی غازییه‌وه‌ بێت بۆ به‌رهه‌مهێنانی كاره‌با، كه‌ پێداویستی هه‌موو پارێزگاكان له‌ وزه‌ دابینبكات، به‌ڵام وه‌زاره‌تی كاره‌با له‌بری ئه‌و چاره‌سه‌ره‌ له‌ ئێرانه‌وه‌ كاره‌با هاورده‌ ده‌كات.

به‌پێی ئاماره‌كانی وه‌زاره‌تی كاره‌با، ئێران هه‌زار و 200 مێگاوات كاره‌با بۆ عیراق دابینده‌كات له‌رێی چوار هێڵه‌وه‌، ئه‌وانیش هێڵه‌كانی (خه‌رمشه‌هر – به‌سره‌)، (كه‌رخه‌ - عه‌ماره‌)، (كرمانشان – دیاله‌) و (سه‌رپیل زه‌هاو – خانه‌قین).

عیراق خاوه‌نی دوه‌م گه‌وره‌ترین كێڵگه‌ی غازه‌ له‌ خۆرهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و خاوه‌نی ده‌یه‌م گه‌وره‌ترین یه‌ده‌گی غازی سروشتییه‌ له‌ جیهاندا، سه‌رباری ئه‌وه‌ش، ئه‌و سامانه‌ گه‌وره‌یه‌ ئێستا به‌فیڕۆ ده‌ڕوات.

له‌گه‌ڵ به‌رهه‌مهێنانی نه‌وت له‌گێڵكه‌كانی عیراقدا بڕێكی زۆر له‌ غازی به‌نرخ به‌هۆی سوتانیه‌وه‌ به‌هه‌ده‌ر ده‌چێت، ئه‌وه‌ش رۆژانه‌ زیانی 10 ملیۆن دۆلار له‌ وڵات ده‌دات.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT