هاوڵاتی هەیە 30 بوتڵی بەخشیووە
كەركوك لە رۆژێكدا پێویستی بە 125 بوتڵ خوێن هەیە

كەركوك/ 14ی حوزەیرانی 2021/ هاوڵاتییەك لە رۆژی جیهانی خوێن بەخشیندا خوێنی لێوەردەگیرێت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

كاروان ساڵحی – كەركوك

لە نیوەی شەودا، زەنگی مۆبایلەكەی نزار لێدەدات؛ نەخۆشخانەیە و بەپەلە پێویستیان بە بوتڵێك خوێنی (AB-) هەیە بۆ بریندارێكی سەختی روداوەكانی هاتوچۆ.

"ئەو هاوڵاتییەم نەدەناسی، خەڵكی بەعقوبە بوو، لەكاتی سەردانیكردنی كەركوك توشی روداوی هاتوچۆ ببوو، كەسی لەگەڵدا نەبوو، پێویستیان بە خوێن هەبوو لەو جۆرە و منیش دەستبەجێ چومە نەخۆشخانە تا هاریكارییان بكەم" نزار نەوزاد (38 ساڵ) وای وت.

نزار بەخشەری خوێنە، هێندە چۆتە بانكی خوێنی كەركوك، ئێستا پێناسێكی ئەوانی لە گیرفاندایە و وەك بەخشەرێك لەكاتی پێویستی زۆریدا، تەلەفۆنی بۆ دەكەن.

خوێنم بە بریندارێك بەخشی و شكور لە نەشتەرگەیدا رزگاری بوو

"ئەو بریندارەی خوێنەكەم پێبەخشی شكور بۆ خوا دواتر بیستم نەشتەرگەرییەكەی سەركەوتوو بووە" نزار دەڵێت ئەو ئەنجامە بۆ ئەو هەموو شتێكە، هەر ئەوەشە وایكردووە نزیكەی حەوت ساڵە خوێن دەبەخشێت.

نزار چەندین جاری دیكە و لەكاتی جیاوازدا بۆ حاڵەتی لەناكاو بانگكراوە تا بە بەخشینی بوتڵێك خوێن هاوكاری بكات.

ئەمڕۆ دوشەممە 14ی حوزەیران، كە رۆژی جیهانی خوێن بەخشین بوو، دەیان هاوڵاتی هاوشێوەی نزار لە بانكی خوێنی كەركوك بون.

xwen baxshin kirkuk (4)
كەركوك/ 14ی حوزەیرانی 2021/ دانانی دەرزی بۆ راكێشانی خوێن لەقۆڵی هاوڵاتییەك فۆتۆ: كاروان ساڵحی

"كوڕەكەم نەشتەرگەری بۆ دەكرێـت، خۆم خوێنم پێبەخشی، ئەوە یەكەمجارم بوو، تا سەردانی بانكی خوێن نەكەیت نازانیت چەند گرنگە خوێن ببەخشیت و نازانیت چەند گرفتارن، بۆیە هەر ئەمڕۆ بڕیارمدا لەمەودوا سێ مانگ جارێك بوتڵێك خوێن ببەخشم" حازم عەلی (51 ساڵ)، هاوڵاتی دانیشتوی كەركوك وای وت.

بەپێی رێنماییە تەندروستییەكان لە عیراق، نێوان هەر خوێن بەخشینێك، پێویستە لە سێ مانگ كەمتر نەبێت.

كەركوك لە شەو و رۆژێكدا بڕی 90 بوتڵ خوێنی لە خوێن بەخشانەوە پێدەگات بەڵام لەو بڕە زیاتر بەكاردەهێنێت.

ئەحمەد مەتەر، بەڕێوەبەری هۆبەی بانكی خوێن لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "بەگشتی پارێزگاكە رۆژانە پێویستی بە 125 بوتڵ خوێن هەیە، لە مانگێكیشدا دەگاتە سێ هەزار و 750 تا چوار هەزار و 500 بوتڵ، كە بەپێی روداوەكان و بارودۆخ پێویستی بە خوێن كەم و زیاد دەكات".

توشبوانی تالاسیما و شێرپەنجە رۆژانە 80 بوتڵ خوێنیان دەوێت

مەتەر دەڵێت لەو ژمارەیە رۆژانە لانیكەم 80 بوتڵ خوێن بۆ توشبوانی تالاسیما و شێرپەنجە دەڕوات، ئەوانی دیكەش بۆ روداوە لەناكاوەكان بە تایبەت بریندارانی روداوەكانی هاتوچۆ.

"چەند شەوێك لەمەوبەر نەخۆشێك گەدەی تەقی بوو، پێویستی بە خوێن هەبوو، هەر هەمان شەو هەڵمەتێكی خوێن بەخشین راگەیەندراو بۆ 30 بوتڵ لە جۆری (O-)  و توانرا 20 بوتڵ وەربگیرێت" بەڕێوەبەری هۆبەی بانكی خوێن دەڵێت روداوەی هاوشێوە هەیە كە خوێنی زۆریان دەوێت.

بەپێی رێنماییەكانی رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت ئەوانەی خوێن دەبەخشین پێویستە تەمەنیان لە نێوان 17 بۆ 65 ساڵیدا بێت.

xwen baxshin kirkuk (7)
كەركوك/ 14ی حوزەیرانی 2021/ هاوڵاتیان رۆژانە 90 بوتڵ خوێن بەبانكی خوێن دەبەخشن فۆتۆ: كاروان ساڵحی

نزار نەوزاد، بەخشەری خوێن لە كەركوك، كە كاری فیتەری دەكات لە ناوچەی پیشەسازی، خێزاندار و باوكی سێ منداڵە، دەڵێت هیچ شتێك لە ژیانیدا نەبۆتە رێگر لەبەردەم هاریكارییەكانیدا بۆ خەڵك، بۆیە هەركاتێك پێویستیان بەو هەبوبێت، بێ دودڵی رۆیشتووە.

ئەو كە لە خێزانەكەیدا برایەكی دیكەشی ساڵانێكە خوێن دەبەخشێت، وتی "سێ مانگ جارێك خوێن دەبەخشم، ئەگەر هەڵە نەبم تائێستا زیاتر لە 30 بوتڵ خوێنم بەخشیووە، ئەو جۆرە خوێنەی منیش زۆر نییە و بە ئاسانی دەستناكەوێت" نزار وای وت.

رێكخراوی تەندروستی جیهانی دەڵێت هەر بوتڵێكی خوێن دەوروبەری (450 مل)ـە و سەدا 10ی كۆی قەبارەی خوێنی جەستە پێكدەهێنێت (خوێنی جەستە لە نێوان 4.5 تا 5 لیتردایە).

هەر بەپێی ئەو زانیارییە پزیشكییانە، جەستەی مرۆڤ لە ماوەی 36 كاتژمێردا شوێنی شلەی بەخشراو پڕدەكاتەوە.

گروپی بەخشەری خوێن سێ هەزار و 500 ئەندامی هەیە

نەسرین رەئوف، دایكی توشبویەكی تالاسیمایە و هەفتەی جارێك منداڵەكەی پێویستی بە گۆڕینی خوێن هەیە، بۆیە لە هەموان پەرۆشترە تا خەڵك خوێن ببەخشن.

نەسرین بە (كەركوك ناو)ی وت "كچەكەم تەمەنی 12 ساڵە، ئێستا توشی سستی دڵ بووە، پێویستە بە وردی و لەسەرخۆیی خوێنی پێبدرێت، خوێنی زۆری دەوێت و تا دواهەناسە لەگەڵیدا دەمێنمەوە و خزمەتی دەكەم".

هەر هاوڵاتییەك گرفتی كەمخوێنی هەبوو، ژنانی دوگیان یان ئەوانەی شیر بە منداڵ دەدەن، لەگەڵ هەڵگرانی نەخۆشییە ڤایرۆسییە گوازراوەكان ناتوانن خوێن ببەخشن.

xwen baxshin kirkuk (5)
كەركوك/ 14ی حوزەیرانی 2021/ هاوڵاتییەك بەناوی حازم عەلی (51)، خوێن دەبەخشێت بە كوڕەكەی كە بڕیارە نەشتەرگەری بۆ بكرێت فۆتۆ: كاروان ساڵحی

حاتەم محەمەد، لێپرسراوی گروپی خوێن بەخشان لە كەركوك بە (كەركوك ناو)ی وت "بۆ حاڵەتی لەناكاو، ئێمە هاوكاردەبین لە دۆزینەوەی بەخشەری خوێن، لەگەڵ خۆبەخشانی پارێزگاكانی دیكەشدا پەیوەندیمان هەیە".

ئەو گروپە نزیكەی سێ هەزار و 500 ئەندامی هەیە لە كەركوك، كە ناوی تەواو و جۆری خوێن و ژمارەی مۆبایل و ناونیشانیان تۆماركراوە.

حاتەم دەربارەی هەماهەنگی نێوان بەخشەرانی خوێن لە ناوچەكانی دیكە وتی "لە شارەكانی دیكە جاری واهەبووە پێویستیان بە خوێن بووە و بەخشەر لە كەركوك هاوكاری كردون، بە پێچەوانەشەوە ئەوان بەپێی پێویست هاوكاری كەركوكیان كردووە".

توشبوانی كۆرۆنا دوای چاكبونەوەی تەواو لە ڤایرۆسەكە دەتوانن خوێن ببەخشن و ئەو هاوڵاتییانەی ڤاكسینی كۆرۆنا وەردەگرن، بە تایبەت ئەوانەی لە جۆری ڤاكسینەكەیاندا ڤایرۆسی لاوازكراو هەیە، پێویستە لانیكەم دوای چوار هەفتە لە وەرگرتنی ڤاكسین خوێن ببەخشن.

  • FB
  • Instagram
  • Twitter
  • YT